رێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی زیاتری نەخۆشی کۆلێرا دەدات

 

زووم:
رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، ساڵانە نەخۆشی کۆلێرا زیاتر بڵاودەبێتەوە، بەشێوەیەک لەساڵی 2022 بەرێژەی لە سەدە 25 بەراورد بە ساڵی 2021 زیادی کردووە و بۆ ئەمساڵیش لە بڵاوبوونەوەی بەردەوامدایە.

رێکخراوەکە لەماڵپەری فەرمی خۆیدا ئاماری توشبوون بە کۆلێرای بڵاوکردووەتەوەو راشیگەیاندووە، بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە لە ساڵی 2022دا بەراورد بە ساڵی 2021 زیاتر بڵاوبووەتەوە، بەشێوەیەک لە ساڵی رابردوودا 44 وڵاتی گرتووەتەوە، بەڵام لە ساڵی 2021دا تەنیا 35 وڵات نەخۆشییەکەیان تێدا بڵاوبووە، واتە بەرێژەی لە %٢٥ زیادیکردووە.

هەرچی پەیوەست بە ئەمساڵیشە رێكخراوەكە رایگەیاندووە، نەخۆشییەکە لە بڵاوبوونەوەی بەردەوامدایە، بەشێوەیەك تا ئێستا 31 وڵاتی گرتووەتەوە، هاوکات هەندێک وڵاتیش “لە قەیرانێکی قوڵدان”.

پەیوەست بەو وڵاتانەشی، کە زیاتر نەخۆشییەکەی تێدا بڵاوبووەتەوە، تیدرۆس جیبرۆس بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوەکە دەڵێت: ئەوەی زیاتر جێگای نیگەرانییە، ئەوەیە لە ساڵی 2023 یەک ملیار کەس ژیانیان لە مەترسیدا دەبێت، لە ئێستادا چەندین وڵاتی وەک پۆرۆندی، کامیرۆن، کۆنگۆی دیموکرات، ئەسیوبیا و تەنزانیا و سودان و سوریا نەخۆشییەکەیان تێدا بڵاوبووەتەوە.

رێکخراوەکە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکە داوای 160 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی دەکات.

کولێرا نەخۆشییەکی بەکتریایی و لە رێگەی چوونە ژوورەوەی بەکتریای (Vibrio -cholera) بۆ ناو گەدە و ریخۆڵەکان مرۆڤ توشدەکات، کە دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ بە خێرایی تووشی سکچوون و رشانەوەیەکی توند ببێت.

ئەو نەخۆشییە، لە خۆراك و ئاوی پیسبووەوە، بە رێگەی خواردن و خواردنەوە دەگوازرێتەوە بۆ جەستەی مرۆڤ، ماوەی گەشەکردنی بەکتریاکە دوو کاتژمێر تا پێنج رۆژ دەخایەنێت، هەرچەندە خۆپاراستن و چارەسەرکردنی ئاسانە، بەڵام بەپێی ئامارێکی رێکخراوی پزیشکانی بێسنور ساڵانە نزیکەی 4 ملیۆن کەس لەسەرانسەری جیهان توشی کۆلێرا دەبن، کە بەهۆیەوە نزیکەی 140 هەزار کەس گیانلەدەستدەدەن.

لە عێراق و هەرێمی كوردستانیش، نەخۆشییەکە بەشێوەیەکی بەرچاو بڵاوبووەتەوە، كە لەو بارەوە ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی پێشووی وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵەکانی عەرەبی ئاشکرای کردووە، تەنیا لە مانگی سێپتەمبەردا 350 کەس لە تەواوی پارێزگاکانی هەرێم توشی کۆلێرا بوون، هاوکات لە پارێزگاکانی باشورو ناوەراستیش دەیەها هاوڵاتی توشی نەخۆشییەکە بوون.

هەواڵی زیاتر

Back to top button