هەرزەکارانی ئەوروپا لەبەردەم هەڕەشەی بەکارهێنانی جگەرەی ئەلیکترۆنی و خواردنەوە کحولییەکاندان

زووم…

 

لە ئەوروپا جگەرەی ئەلیکترۆنی و خواردنەوە کحولییەکان بوونەتە هەڕەشە بۆسەر ژیانی هەرزەکار و مێرمنداڵان، رێکخراوی تەندروستیی جیهانیش هۆشداری لە زیادبوونی رێژەی بەکارهێنانی ئەو مادانە لەنێوان هەرزەکاران دەدات.

لقی ئەوروپای رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە راپۆرتێکدا باسی لەو بەربڵاوی بەکارهێنانەی جگەرەی ئەلیکترۆنی و خواردنەوە کحولییەکانی کردووە لەنێو ئەو هەرزەکارانەی تەمەنیان لەنێوان 11 بۆ 15 ساڵە.

هانس کلوگە، بەڕێوەبەری هەرێمیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، بەکارهێنانی مادە زیانبەخشەکان لەسەر ئاستێکی بەرفراوان لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆسەر تەندروستیی جیهانیی.

کلوگە داوای کردووە رێوشوێنی پێویست بۆ روبەڕوبوونەوەی ئەم کێشەیە بگیرێتەبەر، لەنێویاندا زیادکردنی باج لەسەر فرۆشتنی ئەو مادە زیانبەخشانە و سنووردارکردنی لەڕووی فرۆشتن و بانگەشەبۆکردنەوە.

لە راپۆرتەکەی تەندروستی جیهانیدا ئاماژە بە 280 هەزار منداڵی ئەوروپا و ئاسیای ناوەڕاست و کەنەدا کراوە، دەرکەوتووە یەکێک لە هۆکارەکانی زیادبوونی بەکارهێنانی جگەرەی ئەلیکترۆنی و خواردنەوە کحولییەکان لەنێو ئەو چینەدا، کۆرۆنا بووە کە وای کردووە کاریگەری دەروونی لەسەر ئەو منداڵ و هەرزەکارانە دابنێت.

رێکارەکانی کەرەنتینە کاریگەری راستەوخۆی داناوە لەسەر رەفتاری ئەو کەسانەی تەمەنیان لەنێوان 11 بۆ 15 ساڵە، چونکە لە ماڵەوە زۆرترین کاتیان بە ئینتەرنێتەوە بەسەربردووە و زۆرتر دووچاری ریکلامە دیجیتاڵییەکانیان هاتوون.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، %13ـی ئەو کەسانەی تەمەنیان لەنێوان 11 بۆ 15 ساڵدایە لە ساڵی 2022 جگەرەیان کێشاوە، زۆرینەشیان جگەرەی ئەلیکترۆنی بوون.

نزیکەی %32ـی ئەو هەرزەکارانەی تەمەنیان 15 ساڵ بووە، پیشتر جگەرەیان کێشاوە، %20ـیشیان لەماوەی ئەم 30 رۆژەی کۆتاییدا دەستیان بە جگەرەکێشان کردووە.

%57ـی هەرزەکارانی تەمەن 15 ساڵ بەلایەنی کەمەوە جارێک لە ژیانیاندا خواردنەوەی کحولییان بەکارهێناوە.

لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا ئاماژە بە کچان کراوە، لەنێو ئەوانیشدا مەترسییەکە بەربڵاوە و رێژەی کچانی تەمەن 15 ساڵ کە لەماوەی 30 رۆژی رابردوودا کحولیان خواردووەتەوە لە %38ـەوە بووەتە %40.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button