لە کۆبانێ نەخۆشخانەیەکى 180 قەرەوێڵەى دروستدەکرێت

بەهۆى هێرشەکانى تورکیا لە باشورى شارەکە دروستدەکرێت

جیهاد نەبۆ زوومی رۆژئاڤا

لە کۆبانێ پرۆژەى دروستکردنى نەخۆشخانەیەکى 180 قەرەوێڵەى دەستیپێکرد، بەهۆى هێرشە بەردەوامەکانى تورکیا نەخۆشخانەکە لە باشورى شارەکە دروستدەکرێت.

ئەحمە مەحمود، سەرۆکی دەستەی تەندروستی هەرێمی فورات بە زوومی راگەیاند، پرۆژەکە لەسەر ئاستی کۆبانێ و هەرێمى فورات، گەورەترین نەخۆشخانە دەبێت، کە لەسەر روبەری 11 هەزار مەتر چوارگۆشە دروستدەکرێت.

بەگوێرەى پرۆژەکە، نەخۆشخانەکە گشتى دەبێت، بەششەکانى، دڵ، گورچیلە و چاوى تێدا دەبێت و هەموو نەشتەرگەرییەکى تێدە دەکرێت.

ئەحمە مەحمود گوتی، نەخۆشخانەیەکی گشتییە و خزمەتی هەموو هەرێمی فوراتی رۆژئاڤای کوردستان دەکات، کە لە هەرێمەکە 400 هەزار کەس دەژی.

نەخۆشخانەکە لەسەر روبەری 11 هەزار مەتر چوارگۆشە دروستدەکرێت

تێچووى پرۆژەکە سێ ملیۆن دۆلار دەبێت، بەگوتەى ئەحمەد مەحمود، تاوەکو ئێستا نزیکەى دوو ملیۆن دۆلاریان بۆ تەرخانکردووە، هەرچەندە دۆخی ئابوری و ئەمنی ناوچەکە خراپە، بەڵام ئەگەر تورکیا هێرشەکانی بوەستێنێت و هیچ شەڕێکی دیکە روونەدات، دەتوانن بە “باشی کارەکان بەڕێوەببەن” ساڵی 2024 بۆ تەواوکردنى پرۆژەکە دیاریکراوە.

پرۆژەکە لەسەر رێگەی حەلەب دروستدەکرێت، دەکەوێتە باشوری رۆژهەڵاتی کۆبانێ، هۆکاری ئەوەش، کە لە دوور لە شارەکە دروستدەکرێت، بۆ مەترسی هێرشەکانی تورکیا دەگەڕێتەوە، کە نەخۆشخانەکانی رۆژئاڤا دەکاتە ئامانج، سەرۆکی دەستەی تەندروستی هەرێمی فورات ئەمەى بەهۆکارى شوێنى پرۆژەکە خستەڕوو، کە بەشێک لە دانیشتوانی کۆبانێ نیگەرانن لە دووری نەخۆشخانەکە لە سەنتەرى شارەکە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button