هۆشدارییەکی فەرمی؛ عێراق تاوەکو 150 ساڵی داهاتوو ئاوی خواردنەوەی پێویستی نامێنێت

 زووم:

 

رەنگە تاوەکو 150 ساڵی داهاتوو یاخود کەمتر، عێراقییەکان ئاوی خواردنەوەشیان دەستنەکەوێت، ئەمە دوایین هۆشداریی فەرمییە لەبارەى مۆتەکەی بێئاوی و گۆڕانی کەشوهەواوە لە وڵاتێک کە پێشتر بە وڵاتی دوو رووبار ناسرابوو.

داهاتی ئاو و سەرچاوەکانی لە عێراقدا، رۆژ بە رۆژ کەمتر دەکات، چونکە بەشێکی زۆری لە وڵاتانی دراوسێوە، وەک تورکیا و ئێران، سەرچاوەیان گرتووە و ئەوانیش تا بتوانن گلی دەدەنەوە، بۆیە ئەوەی مابێتەوە، ئەو جۆڕە ئاوەیە کە لە بارانبارین دەستی دەکەوێت، ئەویش بە بەردەوامی بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە کەم دەکات.

ئاوی شیرین دەبێتە کێشەیەکی سەرەکی عێراق، ئەوەتا عەون زیاب، راوێژکاری وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ئاماژەی بەوەکردوە، باشترین بژاردە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئاو و بەرزکردنەوەی بڕی ئاوی شیرین لەڕێگەی رێرەوەکانی ئاوی دەریا و پاککردنەوەی ئاوی قورسەوە دەبێت بۆ دووبارەبەکارهێنانی وەک هەموو وڵاتان دەیکەن.

گوتیشی، بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی دانیشتوان لە ساڵانی داهاتوو مەترسیەکان لەسەر ئاوی خواردنەوە و شیرین زیاتر دەبن.

بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق لە ساڵی 2022دا پشکی ئاوی خواردنەوە لە تەواوی عێراقدا لە ڕۆژێکدا گەیشتە 349 لیتر، ئەمەش بەو مانایەیە کە پێویستیی عێراق بۆ سەرجەم دانیشتووانەکەی بە ئاوی خواردنەوە دەگاتە زیاتر لە 15 ملیار لیتر، واتە 15 ملیۆن مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا، کە دەکاتە 5.5 ملیار مەتر سێجا لە ساڵێکدا.

بەگوێرەی هاوکێشەی بەرزبوونەوەی بەردەوامی ژمارەی دانیشتوان کە ساڵانە یەک ملیۆن کەسە و نزمبوونەوەی بەردەوامی ئاستی ئاوی ژێرزەوی و سەرزوی، راوێژکارەکەی هۆشداری دەدات تاوەکو 150 ساڵی داهاتوو یاخود کەمتر، ئاوی شیرین و خواردنەوە بەشی هەموو دانیشتوان ناکات.

عێراق پێنجەم وڵاتە لەرووی کاریگەربوون بە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و مەترسی بەبیانبانبوونی بەشێکی زۆری خاکەکەی هەیە، نەتەوەیەکگرتووەکانیش هۆشداری دەدات ئەگەر هەنگاوەکان خێراتر نەکرێن، دۆخەکە لەدەست دەردەچێت.

هەواڵی زیاتر

Back to top button