چاوپێکەوتنەکەی کارڵسن لەگەڵ پوتین “هەرا و تووڕەیی”  لێکەوتووەتەوە

زووم:

تەکەر کارڵسن، رۆژنامەنووسی شارەزا و بێژەری پێشووی کەناڵی “فۆکس نیوز” ئەمریکی، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە “ئێکس”، ئێوارەی رۆژی سێشەممە، ڤیدیۆیەکی لەژێر ناونیشانی “بۆچی چاوپێکەوتن لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین دەکەم” بڵاوکردەوە و لە کەمتر لە 24 کاتژمێردا زیاتر لە 82 ملیۆن بینەری هەبووە و نزیکەی 50 هەزار کۆمێنتی لەسەر نووسراوە.

کارڵسن لە سەرەتای ڤیدیۆکەدا دەڵێت، “ئەمشەو لە مۆسکۆین، دەمانەوێت چاوپێکەوتن لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیا بکەین و بەمزووانە ئەنجامی دەدەین. هەندێک مەترسی هەبوون لەبارەی چاوپێکەوتنێکی لەم شێوەیە، بۆیە چەندین مانگ بیرمان لێیکردەوە”.

کارڵسن لەبارەی هۆکاری سازدانی چاوپێکەوتنەکەوە دەڵێت، “هۆکاری یەکەم ئەوەیە ئێمە رۆژنامەنووسین و ئەرکمانە زانیاری بە خەڵک بدەین. زۆرێک لە ئەمریکییەکان زانیارییان لەبارەی جەنگێکی دووساڵەوە نییە، کە شکڵێکی نوێی داوە بە تەواوی جیهان و ناشزانن لە روسیا و ئۆکراین چی دەگوزەرێت. بەڵام پێویستە بیزانن، چونکە باجی زۆریان داوە لەسەر ئەم جەنگە.”

ئەمریکییەکان مافی خۆیانە لەبارەی جەنگێکەوە بزانن کە بووەتە نیگەرانی بۆیان

کارڵسن باس لەوە دەکات خۆی تێچووی خەرجیی گەشتەکەی بۆ روسیا داوە و دەیەوێت چاوپێکەوتنەکە ئەنجام بدات لەبەرئەوەی “ئەمریکییەکان مافی خۆیانە لەبارەی جەنگێکەوە بزانن کە بووەتە مایەی نیگەرانی بۆیان”.

کارڵسن لۆمەی رەوتی زاڵی میدیا دەکات و دەڵێت، لەو کاتەوەی جەنگ لە ئۆکراین دەستیپێکردووە، رۆژنامەنووسانی رۆژئاوا چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ڤلادیمیر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین، کە پێشتر چەند جارێک بە “دیکتاتۆر” ناویان بردوو، ئەنجام داوە، ئەوەی ئەوان کردوویانە کاری رۆژنامەنووسی نییە، بەڵکو پڕوپاگەندەی حکومەتە. دەشڵێت، “تاقە رۆژنامەنووسێک بەلایەوە گرنگ نەبووە چاوپێکەوتن لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین بکات”.

لە کاردانەوەی ئەو بانگەشەیەی کارڵسندا، کریستینا ئەمانپوور، بێژەری بەناوبانگی کەناڵی “سی ئێن ئێن”ـی ئەمریکی، پۆستەکەی کارڵسنی شەیرکردووە و لەسەری نووسیوە، “ئاخۆ کارڵسن بەڕاستی وابیردەکاتەوە ئێمەی رۆژنامەنووسان هەوڵمان نەداوە چاوپێکەوتن لەگەڵ سەرۆک پوتین بکەین، هەر لەوکاتەوەی داگیرکاریی ئۆکراینی دەستپێکردووە؟ قسەی بێمانا دەکات، هەروەک پێشتر کردوومانە، بەردەوامین لە داواکاری بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵیدا”.

لە کاردانەوەیەکی دیکەدا، رۆژنامەی واشنتن پۆست، بە مانشێتی گەورە نووسیویەتی، “چاوپێکەوتنی پوتین لەگەڵ تەکەر کارڵسن دەریدەخات کریملن دەستی بە حزبەکەی ترەمپ راگەیشتووە”.

لە کاردانەوەیەکی دیکەدا، ماڵپەڕی “پۆلەتیکۆ”ـی ئەمریکی نووسیویەتی، “تەکەر کارڵسن لەسەر چاوپێکەوتنی پوتین رووبەڕووی تووڕەیی میدیا دەبێتەوە”.

ڤیدیۆ مشتومڕهەڵگرەکەی کارڵسن لە ئێکس، کریملنی هێنایە سەر خەت و لەوبارەیەوە دێمیتری پێسکۆڤی گوتەبێژ رایگەیاند، “بانگەشەکەی کارڵسن لەجێی خۆی نییە، چونکە پێشتر چەندین داواکاریی رۆژنامەنووسانی رۆژئاوایان پێگەیشتووە بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ سەرۆک پوتین، بەڵام لەبەرئەوەی لایەندارانە بیریان کردووەتەوە قبووڵ نەکراون، داواکاریی کارڵسن قبووڵکراوە لەبەرئەوەی نە لایەنداری روسیایە نە ئۆکراین”.

بەگوێرەی کریملن، چاوپێکەوتنەکەی کارڵسن لەگەڵ پوتین لە ڕۆژی سێشەممە ئەنجام دراوە.

ئەمە یەکەم چاوپێکەوتنی پوتینە لەگەڵ رۆژنامەنووسێکی رۆژئاوایی، لە دوای جەنگی ئۆکراین و میدیاکانی روسیاش ستایشی کارڵسنیان کردووە و بە کەسێکی ناوداریان زانیوە کە “راستییەکان دەڵێت”.

باسوخواسی چاوپێکەوتن لەگەڵ سەرۆکی روسیا، کاردانەوەی ئۆکراینیشی لێ کەوتەوە و هانا مالیار، جێگری وەزیری بەرگریی ئۆکراین گوتی، “تاکە چاوپێکەوتنێک کە لەم دۆخەدا دەبێ لەگەڵ پوتین بکرێت، دادگاییکردنیەتی لە لاهای”.

کارڵسن خاوەنی تۆڕێکی رۆژنامەنووسییە بە ناوی “تۆڕی تەکەر کارڵسن – Tucker Carlson Network” و بڕیاریداوە چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ پوتین تەنها لەسەر پلاتفۆرمی “X” و بەبێ سانسۆر بڵاوبکاتەوە.

بەڵێنی بە کارڵسن داوە تەواوی ڤیدیۆیەکە وەک خۆی و بەبێ دەستکاریکردن و لێقرتاندن بڵاو بکاتەوە

ئیلۆن مەسک، خاوەنی پلاتفۆڕمی “ئێکس” بەڵێنی بە کارڵسن داوە تەواوی ڤیدیۆکە وەک خۆی و بەبێ دەستکاریکردن و لێقرتاندن بڵاو بکاتەوە. لەبارەی خۆشییەوە نووسیویەتی، “دەکرێت هاوڕا بیت یان نا لەگەڵ تەکەر، بەڵام ئەو رۆژنامەنووسێکی گەورەی ئەمریکییە”.

بە گوتەی تەکەر کارڵسن، چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین، سبەی کاتژمێر 6:00ـی ئێوارە بە کاتی ئەمریکا، 02:00ـی بەرەبەیانی رۆژی هەینی بە کاتی روسیا و هەرێمی کوردستان لەسەر پلاتفۆڕمی “X” بڵاودەبێتەوە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button