ناسا موشەکی ئارتێمیس 1ی رەوانەی سەر مانگ دەکات

دەیەوێت مرۆڤ بنێرێتەوە بۆ سەر مانگ

ئاژانسی ناسای ئەمریکا موشەکی ئارتێمیس 1ی لە کەناراوەکانی ویلایەتی فلۆریداوە رەوانەی بۆشایی ئاسمان کرد، بە ئامانجى ئامادەکاری بۆ گەڕانەوەی مرۆڤ بۆ سەر مانگ.

ناسا بەرەبەیانى ئەمڕۆ، 16ى ترینى دووەمى 2022 موشەکەکەى رەوانەى بۆشایی ئاسمان کرد، وەک تاقیکردنەوەیەکە بۆ ئەم جۆرە موشەکە بۆئەوەی لەداهاتوودا بتوانێت موشەکی هاوشێوە رەوانەی بۆشایی ئاسمان بکات.

ئەو کەشتییە ئاسمانییە هیچ کارمەندێکی تێدا نییە، لە لایەن ناساوە لەسەر زەوییەوە کۆنترۆڵ دەکرێت. گەشتی کەشتییەکە لە مانگ دورتر دەڕوات، دورتر لە هەر کەشتییەکی ئاسمانی، کە تاوەکو ئێستا مرۆڤ دروستیکردووە، بەگوێرەى پلانەکە دواى 25 رۆژ دەگەڕێتەوە سەر زەوی و گەشتە دوو ملیۆن کیلۆمەترییەکەى کۆتایی پێبهێنێت.

کەشتیە ئاسمانیەکە هیچ کارمەندێکی تێدا نیە

ئەرکی ئەم موشەکە دەستپێکی پرۆگرامی ئارتمیسی ناسایە، کە ئامانجی گەڕانەوەی مرۆڤە بۆ سەر مانگ و دورتریش، ئەگەر ئارتمیسی یەکەم سەرکەوتوو بێت، ناسا بە نیازە لە کۆتایی ئەم دەیەیەدا یەکەم ژنی سپی پێست و پیاوی رەشپێست بنێرێتە سەر مانگ، لە کۆتاییدا رێگەیەک بۆ ناردنی مرۆڤ بۆ هەسارەی مەریخ خۆش بکات.

بۆ یەکەمجار ناسا لە ساڵی 1969دا یەکەم کەشتی ئاسمانی بەناوی ئەپۆلۆ 11 رەوانەی سەر مانگ کرد، کە بۆیەکەمجار مرۆڤ پێی نایە سەر مانگ. ئەگەر گەشتی ئارتێمیس 1 سەرکەوتووبوو، ناسا پلانی هەیە لەرێگەی ئەرێمیس 2ەوە لە ساڵی 2024 بۆ دووەمجار مرۆڤ رەوانەی سەرمانگ بکات.

بیل نێڵسن، بەڕێوەبەری ناسا ئامانجی بەرنامەی ئارتمیسی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ نیوزویک لە سەرەتای ئەمساڵدا رونکردەوە و گوتی، ئێمە دوای 50 ساڵ دەگەڕێینەوە سەر مانگ، بۆ ئەوەی بمێنینەوە، بۆ فێربوون، بۆ کارکردن، بۆ دروستکردن، بۆ پەرەپێدانی نوێی تەکنەلۆژیا و سیستەمی نوێ و کەشتی ئاسمانی نوێ بەمەبەستی چوونە سەر مەریخ … ئەمە وەرچەرخانێکی گەورەیە لە مێژوودا.”

درێژی موشەکەکە 13.7 مەترە و تیرەکەی 5.1 مەترە. کێشی موشەکەکە دوو هەزار و 875 تۆنە و لە هەر کاتژمێرێکدا 24 هەزار و 500 مایل دەبڕێت، واتە دوو هەزار و 414 کیلۆمەتر.

ئامانج لە ناردنی موشەکەکە،گەڕانەوەی مرۆڤە بۆ سەر مانگ

هەواڵی زیاتر

Back to top button