ئەمریکا هێزەکانى لە عێراق دەکشێنێتەوە؟

زووم:

چوار شەممەى رابردوو رۆژێکى جیاواز بوو، بۆ هێزەکانى حەشدى شەعبى، دواى ئەوەى سوپاى ئەمریکا لە ناوچەى جورف سەخر لە باشوورى بەغدادى پایتەختى عێراق، دوو هێرشى کردە سەر دوو بنکەى سەربازیان.

هێرشەکانى ئەمریکا وەک ئەوەى ناوەندى فەرماندەیی سوپاى ئەو ڵاتە رایگەیاند، لە کاردانەوەى ئەو هێرشانە بووە لە ماوەى مانگى رابردوو لە ناوچە جیاوازەکانى عێراق و سوریا کراوەتە سەر بنکە سەربازییەکانى.

ئەو دوو بنکە سەربازییەى حەشدى شەعبى هێرشى کرایە سەر، هێزەکانى حزبوڵاى عێراقى لێجێگیربوو، کە ئەو هێزانە نزیکن لە ئێران و راستەوخۆ لەلایەن تارانەوە پشتیوانیان دەکرێت.

ئەو هێرشانە کاردانەوەى زۆرى بەدواوە هات، کە کاردانەوەکان گەیشت بە ئاستێک تەنیا دواى 24 کاتژمێر لە هێرشەکان 4 هێرش کرایە سەر بنکەکانی عەین ئەسەد لە ئەنبار و هەریر لە هەولێر، هەروەها لە سوریاش هێرش کرایە سەر بنکەکان ئەمریکا لە کێڵگەکانی عومەر و کۆنیکۆ لە دێرەزۆر لە ڕۆژهەڵاتى ئەو وڵاتە.

بەگوێرەی سەرچاوە فەرمییەکان، تا ڕۆژی پێنجشەممە، 36 هێرش لە عێراق و 37 هێرش لە سوریا بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا ئەنجامدراوە.

ئێستا کاردانەوەى ئەو هێرشانەى ئەمریکا، کە کردییە سەر هێزەکانى حەشدى شەعبى هێندە زۆر بووە، بابەتى دەرکردنى هێزەکانى ئەمریکاى لە عێراق کردووەتە رۆژەڤ و زۆرێک لە فراکسیۆنە پەرلەمانییەکانى سەر بە شیعە داواى جێبەجێکردنى ئەو یاسایە دەکەن، لەمانگى شوباتى 2020 لە پەرلەمانى عێراق بۆ دوورخستنەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە خاکى عێراق دەریکرد.

بڕیارەکەى پەرلەمان پابەندییەو حکومەتى عێراق پابەندە بە جێبەجێکردنى، بەڵام تائێستا جێبەجێنەکراوە.

پێش ئەو داواکارییانە، حکومەتى عێراق لەکاردانەوەى هێرشەکان بە بەیاننامەیەک، ئیدانەی هێرشەکانی کرد و بە پێشێلکردنی سەروەری وڵاتەکەی زانی، هەروەها جەختیکردبووەوە، دەبێت هەموو لایەنەکان پابەندى پاراستنى سەروەرى عێراق بن.

هاوکات رایگەیاند، هەر کردەوەیەکى چەکداری، یان چالاکییەک کە لەدەرەوەی دامەزراوەی سەربازییەوە ئەنجام بدرێت بە کردەوەیەکی ئیدانەکراو و چالاکییەکی نایاسایی دادەنرێت، کە بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی دەخاتە بەردەم مەترسییەوە.

هەرچەند فشارەکان تا دێت زیاتر دەبێت بۆ بابەتى کشانەوەى هێزەکانى عێراق، بەڵام چاودێران بەدوورى دەزانن ئەو فشارانە کاریگەرى لەسەر واشنتۆن دانێت و هێزەکانى لە عێراق بکشێنێتەوە.

رائید عەزاوى سەرۆکى ناوەندى ئەمسار بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان لەو بارە دەڵێت: گومانی تێدا نییە پەرەسەندنی ئەم دواییەو ئەنجامدانى هێرش بۆ سەر بنکە سەربازییەکانى حەشدى شەعبى کاریگەرى لەسەر ئاسایش و سەقامگیری عێراق دەبێت

رائید عەزاوى بەدوورى دەزانێت، فشارەکان کاریگەرى لەسەر ئەمریکا دابنێت بۆ کشاندەوەى هێزەکانى لە عێراق و جەختیشیکردووەتەوە، کە پێویستە عێراق ئەو گروپانە سنووردار بکات، چونکە هەڕەشە لە نوێنەرایەتییە سەربازی و دیپلۆماسییەکان و بارەگا سەربازییەکان دەکەن.

هەروەها جەختیکردووەتەوە، واشنتۆن دەستبەرداری ئامانج و بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و لە عێراق بەتایبەتی نابێت، هەر لەبەر ئەمەشە ئەمریکا ناتوانێت لە عێراق بکشێتەوە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button