پاکستان هەوڵی دەستگیرکردنی سەرۆکوەزیرانی پێشووی دەدات

ئیمران خان تۆمەتی گەندەڵی لەسەرە و لایەنگرانی روبەڕوی پۆلیس دەبنەوە

زووم، ئاژانسەکان

پۆلیسی پاکستان هەوڵی دەستگیرکردنی ئیمران خان، سەرۆکوەزیرانی پێشووی وڵاتەکە دەدات و دوێنێ چووە سەر ماڵەکەی، بەڵام لایەنگرانی نەیانهێشت دەستگیربکرێت و خۆپیشاندانی فراوانیان بۆ پشتیوانیکردنی دەستپێکرد. ئیمران خان بە گەندەڵی تۆمەتبارکراوە.

ئیمران خان لە 2018 بۆ 2022 سەرۆکوەزیرانی پاکستان بوو

ئەو ئێستا سەرۆکی پارتی ئۆپۆزسیۆنی پاکستانە. پێشتر لە ساڵی 2018 بۆ 2022 سەرۆکوەزیران بووە، بەڵام لەدوای ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی مانگی نیسانی ساڵی رابردوودا سەرنەکەوت، کورسی دەسەڵاتی جێهێشت و ئۆپۆزسیۆنی ئەوکات، بەسەرکردایەتی شا‌هباز شەریف دەسەڵاتی گرتەدەست.

لەدوای جێهێشنی دەسەڵات، خان روبەڕوی چەندین تۆمەتی گەندەڵیی بووەوە، دیارترینیان فرۆشتنی ئەو دیارییانە بوون کە بە بەهای دوو ملیۆن دۆلار لەلایەن محمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیەوە لە ماوەی سەرۆکایەتی حکومەتەکەیدا پێی بەخشرابوون، بەڵام خان ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە.

لایەنگرانی ئیمران خان خۆپیشاندان دەکەن

رۆژی دووشەممە، دادگای باڵای ئیسلام ئاباد، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ خان دەرکرد و داوایکرد لە 18ی ئەم مانگەدا لەبەردەم دادگادا ئامادەبێت. بەڵام پارێزەری خان رایگەیاند، بەهۆی هۆکاری ئەمنیی، ناتوانێت ماڵەکەی جێبهێڵێت، هەر بۆیە پۆلیس هەوڵیاندا دەستگیری بکات.

دوای گەیشنی پۆلیس بۆ ماڵی خان لە شاری لاهوری ئەو وڵاتە، لایەنگرانی لەبەردەم ماڵەکەیدا کۆبوونەوە و رێگرییانکرد دەستگیربکرێت. بەهۆیەوە گرژی و پێکدادان رویدا و لایەنگران بە بەرد روبەڕوی پۆلیس بوونەوە و دواتریش پۆلیس بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران گازی فرمێسکڕێژی بەکارهێنا.

 

کۆشکەکەی ئیمران خان لەوکاتەدا بوو بە مەیدانی گرژی و ئاڵۆزیی لەنێوان لایەنگرانی و هێزەکانی پۆلیس. خانیش لەو کاتەدا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر داوای لە لایەنگرانی کرد، ئەگەر دەستگیرکرا، بێنە سەر شەقام و پشتیوانی لە جوڵانەوەکەیان بکەن. دوای پەیامەکەی خان، خۆپیشاندان لە چەندین شاری گەورەی ئەو وڵاتەدا دەستیپێکرد و تاوەکو درەنگی شەو بەردەوامبوو. بەگوێرەی گوتەبێژی خان، پۆلیس کارەبای ماڵەکەی پچڕاندووە.

خۆپیشاندان و گرژییەکان بەردەوامە و خۆپیشاندەران دەڵێن، بەرگریی لە سەرکردەکەیان دەکەن. لە وێنەیەکدا کە ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە، ئیمران خان دەیان بۆمبی گازی فرمێسکڕێژی لەبەردەمی خۆیدا داناوە کە دەڵێت، پۆلیس گرتوویەتییە ماڵەکەی.

لە تویتێکدا خان دەڵێت، “لە دوانیوەڕۆی دوێنێوە، ماڵەکەم لەژێر هێرشی قورسدایە. لە دوایین هێرشدا، چەکدارەکان خەریکن گەورەترین پارت لەگەڵ سوپادا بەیەکدا دەدەن. ئەمەش رێک ئەو شتەیە کە جوڵانەوەی دیموکراتی پاکستان و دوژمنانی پاکستان دەیانەوێت.”

لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی بی بی سی، خان رایگەیاندووە، دەسەڵاتداران لە دەرەوەی یاسادا دەیانەوێت دەستگیری بکەن. گوتیشی، “دەبێت هەموویان روبەڕوی یاسا بکرێنەوە”.

گرژییەکانی ئەم دواییەی پاکستان لەکاتێکدایە وڵاتەکە نزیک دەبێتەوە لە هەڵبژاردنی گشتی و بڕیارە بەر لە 14ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.

خان بە کەناڵی بی بی سی گوتووە، دەسەڵاتداران بۆیە دەیانەوێت دەستگیری بکەن بۆ ئەوەی پارتەکەی بوەستێنن و بەشداریی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا نەکات. راشیگەیاند، “من لە زینداندا بم یان نا، ئەوان هەرگیز ناتوانن پارتەکەم لە سەرکەوتن بوەستێنن”.

لە بەرامبەردا مەریەم ئۆرانگزەب، وەزیری راگەیاندن و زانیاری پاکستان رایگەیاند، دەستگیرکردنی خان هیچ پەیوەندییەکی بە هەڵبژاردنەکانەوە نییە و پۆلیس فەرمانی دادگای ئەو وڵاتە جێبەجێ دەکات، کە تایبەتن بەتۆمەتی گەندەڵیی.

ئەو گوتیشی، خان لایەنگرانی پارتەکەی، ژنان و منداڵانیش وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی دەستگیر نەکرێت و پشێوی لە وڵاتدا بنێتەوە.

لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوودا خان لە روداوێکی تەقەکردندا بریندارکرا. لەسەر روداوەکەش شاهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی تۆمەتبارکرد.

لە دوایین پێشهاتدا، ئیمران خان، ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووتەوە کە دەردەکەوێت پێکدادانی توند لەنێوان هێزەکانی پۆلیس و لایەنگرانیدا بەردەوامە.

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button