وەزیری ناوخۆی تورکیا: ئەو کەسەى بۆمبەکەى ئەستەنبوڵى دانا دەستگیرکرا

"پەکەکە تۆمەتبار دەکات"

سلێمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، ئەو کەسەى بۆمبەکەى داناوە، کە بووە هۆی تەقینەوەکەی ئەستەنبوڵ دەستگیرکرا و پارتى کرێکارانى کوردستانیش تۆمەتبار دەکات.

ئێوارەى دوێنێ، یەکشەممە، لە شەقامى ئیستقلالى تورکیا تەقینەوەیەک رویدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا رایگەیاند، شەش کەس کوژراون و 53 کەسی دیکە برینداربوون.

ئاژانسی ئەنادۆڵوى تورکیا لە زارى وەزیرى ناوخۆى وڵاتەکەوە بڵاویکردەوە، ئەو کەسەى بۆمبەکەى لە شەقامەکەدا جێهێشتووە، دەستگیرکراوە.

هاوکات ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، وەزیری ناوخۆی تورکیا پەکەکە تۆمەتبار دەکات، کە لەپشت تەقینەوەکەی ئەستەنبوڵەوەیە.

لە یەکەم لێدوانیدا پاش تەقینەوەکە، ئەردۆغان رایگەیاند، ئەو کەسانەی، کە هەوڵی تێکدانی دەوڵەتی تورکیا دەدەن، بە ئاواتەکانیان ناگەن.

ئەو گوتى ئەنجامدەرانی تەقینەوەکە ئاشکرادەکەن و سزا دەدرێن، “تیرۆر” ناگاتە ئامانجی خۆی و هەوڵى روخاندنی دەوڵەتی تورکیا لە رێگەی تیرۆرەوە، شکستیخواردووە.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button