لە تورکیا گومان لە ئاماری راگەیەندراوی سەربازە کوژراوەکان دەکرێت

زۆربوونی کوژرانی سەربازانی تورکیا لە قەندیل ناڕەزایەتیی لێکەوتووەتەوە

 زووم..

ئامارە فەرمییەکانی تورکیا دەڵێن، لەماوەی 20 رۆژدا 21 سەربازیان لەناو خاکی هەرێمی کوردستان کوژراون، پەکەکە دەڵێت، ژمارەکە لەوە زیاترە.

هەڵکشانی سەربازە کوژراوەکانی بەشدار لە ئۆپەراسیۆنى سەربازیى “چنگى قوفڵ”، دەنگى ناڕەزایی لایەنە سیاسییەکان و کەسوکارى سەربازە کوژراوەکانی بەرامبەر دەسەڵاتدارانی تورکیا بەرزکردۆتەوە.

ئەندامێکی مەهەپە، لەگەڵ ئەوەی پارتەکەی هاوپەیمانی ئاک پارتییە، بەڵام لەدۆخەکە نیگەرانە، لە تیکتۆکەوە ناڕەزایەتیی بەرامبەر دەسەڵاتداران دەربڕیوە و دەڵێت، “ئێوە بەرپرسن لە کوشتنى سەربازەکان”.

گومان لە ئامارە راگەیەندراوەکانی سەربازانی کوژراو وای لەو ئەندامە ژنەی مەهەپە کردووە بڵێت، “ئێوە ئامارى دروست بە خەڵک نادەن، بۆچى لە ئامارى سەربازە کوژراوەکاندا راستگۆ نین و هاونیشتیمانییان هەڵدەخڵەتێنن؟ کوڕى خەڵکى لەپێناو کام نیشتماندا بە کوشت دەدەن؟”.

کاردانەوەی کوژرانى 21 سەربازەکە کەسایەتی و لایەنە سیاسییەکانیشی گرتەوە، ئۆزگور ئۆزاڵ سەرۆکى گشتیی جەهەپە سیاسەتی ئێستای حکومەتەکەی ئەردۆغان بە هەڵە ناودەبات و دەڵێت، “کاتى ئەوە هاتووە بە دەسەڵات بڵێین ئیتر بەسە، سیاسەتى هەڵەى ئێستاى تورکیا لەلایەن کەسێکەوە بڕیارى لەسەر دەدرێت و ئەو بەرپرسیارى ئەم دۆخەیە”.

سەرۆکەکەی جەهەپە گومانیش دەخاتە سەر ئامانجە بەدەستهاتووەکانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی پەکەکە، دەپرسێت، “لەماوەى 11 مانگدا تاچەند ئۆپەراسیۆنی “چنگى قوفڵ” ئامانجى خۆى پێکاوە؟”.

یەکێک لەو سەربازانەی لەم رۆژانەدا کوژرا، خانەوادەکەى لە قارەمانمەراش لەژێر خێمەی دوای بومەلەرزەکاندا دەژی، بۆیە پارلەمانتارێکى جەهەپە بە دەسەڵاتدارانی تورکیا دەڵێت، “ناتوانن بە دابینکردنی زۆپا بۆ خانەوادەى سەربازە کوژراوەکە، ماڵى سەربازەکە گەرم بکەنەوە“.

 

هەروەها تونجاى بەکرهان هاوسەرۆکى دەم پارتى هاوخەمى بۆ کەسوکارى سەربازە کوژراوەکان دەربڕى، رایگەیاند، “کاتى ئەوەیە لێپرسینەوە لەم دەسەڵاتە بکرێت کە بووەتە هۆکارى شەڕ و هاتنەوەى تەرمى کورد و تورک”.

 

بۆیە هاوسەرۆکەکەی دەم پارتی دووبارە خەباتی پارتەکەی بۆ ئاشتی و وەستانى شەڕ دووپاتکردەوە، گوتی، “دژى ئەوانە دەوەستینەوە کە سیاسەتى شەڕ بەڕێوەدەبەن”.

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button