سوید بەنیازە لەبارەى سەلوان مۆمیکای سوتێنەری قورئان بڕیارێک بدات

مۆڵەتی کاتی هەیە

میدیاکانی سوید ئاشکرایانکرد، حکومەتی ئەو وڵاتە لەدوای رووداوەکانی سوتاندن و سوکایەتی بە قورئان، گیریخواردووە لەنێوان توڕەیی بەرامبەر کردەوەی دژە ئیسلام و موسڵمانان لەلایەک و پابەندبوونی بە ئازادی رادەربڕین لەلایەکی دیکە، بەڵام دەیەوێت بڕیار بدات.

چەند جارێک پۆلیسی سوید بە بیانووی مەترسی بۆ ئاسایشی وڵات و زیادبوونی هەڕەشەی گروپە ئیسلامییەکان، داواکاری بۆ سوتاندنی قورئان لەلایەن سەلوان مۆمیکا رەتکردووەتەوە، بەڵام دواجار دادگای ئەو وڵاتە رێگەی بە سەلوان دا و گوتی پۆلیس بۆی نییە دەستێوەدان لەوەدا بکات بەوپێیەی ئازادی رادەربڕینە.

لە ماوەی دوو و سێ هەفتەی رابردووشدا، پەنابەرێکی عێراقی بەناوی سەلوان مۆمیکا دووجار لە ستۆکۆڵمی پایتەخت قورئانی سوتاندن و سوکایەتیپێکرد، ئەوەش توڕەیی و ناڕەزایەتییەکی زۆری وڵاتانی ئیسلامی بە تایبەت عێراقی لێکەوتەوە، حکومەتی سوید سەرکۆنەی کارەکەی سەلوانی کرد.

هەرچەندە دوای دووەم سوکایەتیپێکردنی قورئان لەلایەن مۆمیکاوە، پەیوەندییەکانی عێراق بە تەواوی تێکچوون، باڵیۆزخانەی سوید لە بەغداد سوتێنرا و هەردوولا باڵێۆزەکانیان کشاندەوە، عێراق داوای لە سوید کرد سەلوان رادەست بکاتەوە تاوەکو بە یاسا عێراقییەکان سزا بدرێت.

لەئێستادا دەزگای کۆچی سویدی دەڵێت، سەرقاڵی پشکنینی ئەو مۆڵەتی مانەوەیەیە دراوە بە پەنابەرێکی عێراقی دراوە کە لە پشت چەند ڕووداوێکی سوکایەتیکردن بە قورئانەوە بووە.

ئاژانسی هەواڵیی سویدی (تی تی) دەڵێت، سەلوان مۆڵەتی مانەوەی کاتی هەیە لە سوید و بڕیارە وادەکەی لە ساڵی 2024دا بەسەربچێت، بەڵام لەئێستادا دەزگاکە پێداچوونەوە بەو مۆڵەتەدا دەکات.

هاوکات لە ئیمەیلێکدا بۆ ڕۆژنامەی سویدی سڤێنسکا داگبلادێت، دەزگای کۆچی سویدی باسی لەوەکردووە کە “ئەو زانیارییانەی لە بەرپرسانەوە هاتوون بیانوویەک بەدەستەوە دەدەن کە ئاخۆ مۆڵەتی سەلوان مۆمیکا هەڵبوەشێنرێتەوە یاخود نا.”

پێشتریش ئۆلف کریستێرسۆن، سەرۆکوەزیرانی سوید رایگەیاند کە تاوتوێی ئەگەری گۆڕینی یاسای رێکخستنی گشتی دەکەن تاوەکو پۆلیس بتوانێت رێگری لە سوتاندنی قورئان بکات.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button