پێشبینیی بەرزتربوونەوەی ژمارەی قوربانییانی ئاگرەکەی چیلی دەکرێت

زیاتر لە 14 هەزار ماڵ بەهۆی ئاگرەکەی چیلیەوە زیانیان پێگەیشتووە

زووم:

ئەمە پاشماوەی سووتووی ئەو ئاگرەیە ماوەی چەند رۆژێکە وڵاتی چیلی گرتووەتەوە و لەگەڵ خۆیدا هەموو شتێکی هەڵپڕووکاند.

ئاگرەکە دوو رۆژ لەمەوبەر لە شاری “ڤینا دێل ماری”ی گەشتیاریی رۆژئاوای وڵاتەکە کەوتووەتەوە، بەهۆیەوە لانیکەم 112 کەس گیانیان لەدەستداوە، بۆیە لەماوەی 14 ساڵی رابردوودا بە سەختترین کارەساتی سروشتی دادەنرێت لە وڵاتەکەدا.

ئاگرەکە هێندە بەهێز بووە تەواوی باخچە و ماڵەکانی ئەو شارەی تەختی زەوی کردووە، بەگوتەی بەرپرسانی وڵاتەکە، هێشتا سەدان کەس بێسەروشوێنن، بۆیە پێشبینی دەکرێت ژمارەی قوربانییانی ئاگرەکە بەردەوام بەرزبێتەوە.

بەهێزیی ئاگرەکە دووکەڵێکی زۆری لە وڵاتەکەدا دروستکردووە و ئاستی بینینی کەمکردەوە، بەرپرسانیش قەدەغەی هاتوچۆیان لە وڵاتەکدا راگەیاند.

ئێلیسا ڤێرگارا – کەسوکاری قوربانییەکی ئاگرەکە، دەڵێت: دایکم لەلایەن خانمێکەوە رزگارکرا، ئەو هات و بە ئۆتۆمبێلەکەی دایکمی برد کە تەمەنی 90 ساڵە. دواتر ویستمان دایکم بدۆزینەوە و هیچمان لەبارەی براکەمەوە نەزانیبوو. رۆژێک دواتر براکەممان بە مردوویی دۆزییەوە، بەهۆی ئاگرەکەوە گیانی لەدەستدابوو. ئێمە دەبێت هەموو شتێک لەسەرەتاوە دەستپێبکەینەوە. هیچ شتێکمان بۆ نەماوەتەوە. هەموو شتێک زۆر بەخێرایی رۆیشت، زۆر زۆر بەخێرایی.”

هاوکات دیاگۆ ڤێرگارا – کەسوکاری قوربانییەکی ئاگرەکە دەڵێت: سوپاس بۆ خوا ماڵی باوکم بەتەواویی نەسووتاوە، بەڵام ماڵی برا و دراوسێکەمان بەتەواوی تەختی زەویی بووە. زۆر هەستێکی ناخۆشە بەیانی لە خەو هەستیت ئەوە ببینیت. خۆزگە ئەوەی ئەیبینم خەو بووایە، بەڵام بەداخەوە ئەمە راستییە و دەبێت بەرگەی بگرین. هەرگیز بڕوامان نەدەکرد ئاگرەکە بگاتە ئێرە چونکە زۆر لە ئێمەوە دوور بوو.”

هەروەها یۆزێلین مارتینێز – زیانلێکەوتوو باس لەوە دەکات، لەماوەی چەند چرکەیەکدا دووکەڵ لەولاوە بەرزبووەوە و ئێمە گیرمانخوارد. نەمانتوانی بچینە دەرەوەی ماڵەکانمان. دووکەڵ لە هەموو شوێنێک بوو، منداڵان هەر ئەوکات لەهۆشخۆ چوون.”

وەزارەتی ناوخۆی چیلی رایگەیاندووە، زیاتر لە 165 ئاگر لەو ناوچەیە هەڵگیرساون و زیاتر لە 14 هەزار ماڵ زیانیان پێگەیشتووە، زۆرینەی خەڵکەکە هەموو پێداویستی و موڵکوماڵەکانیان لەدەستداوە.

وڵاتی چیلی دەکەوێتە کیشوەری ئەمریکای باشوور و نامۆ نییە بە کارەساتە سرووشتییەکان، ساڵی 2010 بەهۆی بوومەلەزەیەکەوە 500 کەس لەو وڵاتە گیانیان لەدەستدا.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button