رێڕەوی زەنگەزور دەبێتە رێگەی شادەماری کۆمارە تورکەکان

 

زووم:
تورکیا لەگەڵ وڵاتانی کۆمارە تورکەکاندا هەماهەنگی ئابووری و سیاسیی هەیە، گرنگترنیان ئازەربەیجانە، کە لەبواری وزەدا ئاڵوگۆڕیان هەیە.

کۆمارە تورکەکان خاوەن سەرچاوەی سروشتی و وزەی زۆرن، وەک نەوت و گاز، تورکیا پێویستی بە گازی سروشتی هەیە، بۆ پرکردنەوەی پێداویستییەکانی گازی سروشتی لە ئازەربەینجان دەکڕێت.

رێڕەوی زەنگەزور تاکە پردە تورکیا و ئازەربایجان پێکەوە دەبەستێتەوە، ئەم پڕۆژەیە لەکاتی تەواوبووندا دەبێتە دەروازەیەکی خێرا لەنێوان تورکیا و وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست بەتایبەتی تورکیا بە وڵاتانی کۆمارە تورکییەکانەوە دەبەستێتەوە.

ئەنقەرە دەیەوێت ببێتە خاوەنی رێگەیەکی کورتی ئابووری و بازرگانیی لەناوچەکە لەگەڵ وڵاتانی ئاسیا.

ماوەی ساڵێکە پڕۆژەی رێگەی ئاسنینی زەنگەزور لەنێو خاکی باکووری کوردستان دەستیپێکردووە، ئەم رێگەیە لە پارێزگای قەرسی باکووری کوردستانەوە دەستپێدەکات.

پڕۆژەکە بە دووری 927 کیلۆمەترە، لە باکۆی پایتەختی ئازەربەینجان کۆتایی دێت، لە لێواری سنووری وڵاتانی ئەرمەنستان، ئێران و هەرێمی سەربەخۆیی نەهچیڤان تێدەپەڕێت.

لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوودا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە لوتکەی 10ـی سەرۆکی وڵاتانی کۆمارە تورکەکان گوتی، رێڕەوی زەنگەزور تورکەکان بە نیشتیمانی باپیریان دەبەستێتەوە.

ئێران یەک لەو وڵاتانەیە دژ بە پڕۆژەی زەنگەزورە، چونکە پێیوایە رێڕەوی زەنگەزور رێڕەوێکی هاوپەیمانی ناتۆ و شوێنکەوتووانی بیری تۆرانییە، لە ناوچەکە.

حوسێن عەبدولەهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە، تاران رێگە بەهیچ گۆڕینێکی جیۆسیاسی لە باشووری قەوقاز نادات، لە پاڵ سیاسییەکان سەرکردە سەربازییەکان بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کە رێگە بە هەنگاوێکی لەو جۆرە نادەن و بە هێڵی سووری دەزانن.

سەرەڕای ئەوەش جێبەجێکردنی ئەو رێڕەوە ئێران لە گەیشتن بە باکووری ئەرمینا و روسیا و جۆرجیا و ئەوروپا بێبەش دەبێت، رێگەی تاران بە ئەوروپا بە رێڕەوی ئەرمینیا و ئازەربایجان و تورکیا تێدەپەڕێت، جگە لەوەش رۆڵی لە رێگەی پەڕینەوەی رۆژهەڵات و رۆژئاوا کەم دەبێتەوە، بەمەش لە چەندین سوودی ئابووری و جیۆسیاسی بێبەش دەبێت.

ئەردۆغان لە کۆنسەی ئازەربەیجان و تورکیا لەساڵی 2021 رایگەیاند، پەیوەندییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ ئازەربەیجان دەگەیەننە 15 ملیار دۆلار، بەڵام تائێستا نەتوانراوە بگەیەنرێتە ئەو رێژەیە.

لەساڵی 2023 قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەردوو وڵاتدا 7.6 ملیار دۆلار بووە، کە دەکاتە نیوەی ئەو قەبارەیە. ئەنقەرە بۆ گەیشتن ئامانجەکەی رێڕەوی زەنگەزور بەگرنگ دەزانێت، لەبواری وزەدا.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئیرۆ نیوز، تورکیا لە ساڵی 2023دا بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشووتر بەڕێژەی %19 گازی سروشتی زیاتر لە ئازەربەیجان کڕیوە. بەمەش رێژەکە لە 8.4 ملیار مەتر سێجاوە بۆ 10 ملیار مەتر سێجا زیادی کردووە.

ئازەربەیجان لە رێگەی تورکیاوە غازی سروشتی بۆ ئەوروپا دەنێرێت. ئەمەش کاریگەری لەسەر بازاڕی گازی سروشتی ئێران بۆ تورکیا دەکات و جارێکی دیکە ئێران نیگەران دەکات لەسەر پڕۆژەکە.

بە تەواوکردنی پڕۆژەی زەنگەزور، تورکیا دەبێتە خاوەن دەروازەیەکی خێرا لەنێوان خۆی و ئازەربەیجان و کۆمارە تورکەکاندا.

هەواڵی زیاتر

Back to top button