بانکی ناوەندیی عێراق دوو هۆکاری بۆ بەرزی بەهای دۆلار ئاشکراکرد

بانکی ناوەندیی عێراقی هۆکاری بەرزبوونەوەی دۆلاری لە بازاڕەکانی دراو گەڕاندەوە بۆ گەورەیی قەبارەی ئەو بازرگانییەی لەگەڵ وڵاتانی ئێران و تورکیا و سوریا هەیە و هەروەها ئەو سنووردارکردنانەی کە لەلایەن ئەمریکاوە بەسەر ئەو وڵاتانەدا سەپێنراوە.

مازن سەباح ئەحمەد، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی لە بانکی ناوەندیی عێراقی ئاشکرایکرد، “بانکی ناوەندی کێشەی نییە لە خستنەڕووی دۆلار، بەڵکو کێشەکە لە خواستی دۆلاردایە، چونکە ئێمە قەبارەیەکی گەورەی بازرگانیمان لەگەڵ وڵاتانێک هەیە کە کۆت و بەندیان لەسەرە، بۆ نمونە قەبارەی بازرگانی لەگەڵ ئێران دەگاتە 10 ملیار دۆلار، لەگەڵ تورکیاش لەنێوان 10 بۆ 12 ملیار دۆلارە، هەروەها لەگەڵ سوریاش بازرگانیمان هەیە و هەموو ئەوانەش دۆلاری دەوێت، ئەوەش هۆکارە کە خواست لەسەر دۆلار لە بازاڕەکانی دراو لە تەواوی عێراق بەرزبووەتەوە چونکە بازرگانەکان پێویستیان بە دۆلارە بۆ پێدانی شایستە داراییەکانی ئەو جموجۆڵە بازرگانییە، چونکە ناتوانرێت دۆلار بدرێت بە هیچ وڵاتێک کە مامەڵەکردنی بە دۆلار لێ قەدەغەکراوە.”

گوتەکانی مازن لە سیمپۆزیۆمێکی ئابووریدا بوو کە لەلایەن سەنتەری ڕاهێنانی دارایی و ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی بە هاوکاری ماڵی حیکمە بۆ ڕاهێنان و ڕاوێژکاری ڕێکخرابوو بە ناونیشانی “سەکۆ ئەلیکترۆنییەکان بۆ دابینکردنی دارایی بازرگانی دەرەکی و کەلێنی نێوان نرخی فەرمی و بازاڕی دراو.”

مازن باسی لەوەشکرد کە “بانکی ناوەندی هەوڵی دا دۆلار بداتە هەموو ئەو کەسانەی پێویستیانە، بۆ نمونە ئەو کەسانەی گەشتی دەرەوە دەکەن، بەڵام تێبینیمانکرد کە بەشێوەیەکی نادروست لەلایەن سودمەندبووانەوە بەکاردەهێنرێت، بۆیە پێداچوونەوەمان بەو ڕێکارانەدا کرد.”

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، ئاستی ڕەتکردنەوەی گواستنەوەی پارەی عێراقی (حەواڵە) لەلایەن یەدەگی فیدڕاڵی ئەمریکاوە لە رێگەی سەکۆی ئەلیکترۆنییەوە لە 80% کەمبووەتەوە بۆ 8%، ئامانج لە سیستەمی سەکۆ ئەلیکترۆنییەکەش پشتبەستنە بە ڕێکارە جیهانییەکانی گواستنەوە (حەواڵە) کە ڕێڕەوی نادروستی پارەکان سنووردار دەکات.

یەدەگی فیدراڵی دەزگایەکی حکومیی فیدراڵیی ئەمریکایە و هەمان کاری بانکە ناوەندییەکانە لە وڵاتانی دیکەی جیهان.

بەڕێوەبەری وەبەرهێنان لە بانکی ناوەندیی عێراقی گوتیشی، “ئەو سەکۆ ئەلیکترۆنییەی ئێستا پەسەندکراوە، دەرئەنجامی ڕێککەوتنێکە لەگەڵ یەدەگی فیدراڵی ئەمریکی کە میکانیزمەکانی مامەڵەکردن بە دۆلار لەبەرچاو دەگرێت، تێیدا خواست بۆ کڕینی دۆلار لەڕێگەی سەکۆیەکی ئەلیکترۆنی دەبێت کە هەموو ئەو وردەکارییە گرنگانە لەخۆدەگرێت کە گەرەنتی گواستنەوەی پارەکە دەکات، وەک بەکارهێنانی پارەکە، هەردوولایەنی پرۆسەکە، هاوردەکار و هەناردەکار، هەروەها ئایا لایەنی هەناردەکار سزای لەسەر یاخود نا؟”

ئاماژەی بەوەشکرد، “سەکۆ ئەلیکترۆنییەکە میکانیزمی بەهێز دەگرێتەبەر کە لەڕێگەیەوە ناتوانرێت پارە بگوازرێتەوە بۆ لایەنێکی نادروست و نەزانراو”، و ئاشکرایکرد کە “کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی تایبەتمەند کاردەکات بۆ وردبینیکردن لە هەموو گواستنەوەکان بەبێ جیاوازی”.

ڕوونیشیکردەوە، “میکانیزمەکانی دامەزراندنی سیستمی بانکی لە دوای ساڵی 2003 لە ئاستی پێویستدا نەبوون و لاواز و بێتوانا بوو لە دابینکردنی دارایی بازرگانی دەرەکی”، و ئاماژەی بەوەشکرد کە “پێشتر مەزادی دراو لە ڕێگەی چەند لیژنەیەکەوە ئەنجامدراوە کە پێداچوونەوەیان بۆ داواکاری بانکەکان و گواستنەوەی پارە بۆ بانکەکانی ئیماراتی کردووە و پاشانیش بۆ شوێنی مەبەست، ئەم بابەتەش لەلایەن میدیا جیهانییەکانەوە ڕووماڵ کرا و رەخنەی زۆری لێگیرا، ئەوەش کاریگەری نەرێنی لەسەر ناوبانگی کەرتی دارایی عێراق هەبوو.”

بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنان لە بانکی ناوەندی جەختی لە گرنگی کارکردنی بانکە عێراقییەکان کرد “بۆ پەرەپێدان و پێشخستنی ئەدای کارەکانیان و کارکردن بۆ بەرزکردنەوەی سەرمایەکانیان بۆ ئاستێک کە وا لە بانکە نێودەوڵەتییەکان بکات ئامادە بن بیانکەنە هاوبەشی خۆیان لە عێراق”.

ناوبراو داواشی کرد هەمووان “بەرەو پارەدانی ئەلیکترۆنی و سودمەندبوون لە کارتی ئەلیکترۆنی پارەدان بڕۆن کە هەریەکەیان دەتوانێت دۆلار بە نرخی فەرمی دابین بکات، بەو پێیەی ئەو کارتانە دەتوانرێت لە ڕێگەی ئەپلیکەیشنی ناو مۆبایلەکانەوە دەربکرێت و بەکاردەهێنرێت.”

هاوکات هاشم خالید، شارەزای ئابوریی عێراقی بە رۆژنامەی سەباحی گوتووە، “دەزگای بانکیی عێراقی ئەرکی گەورەی هەیە لە پێدانی متمانە بە بازاڕی کاری ناوخۆیی کە پێویستی بە مامەڵەی دارایی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی هەیە، پێویستە دەزگای بانکیی عێراقی گەشە بە ئاستی بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو بدەن بۆ فراوانکردنی بازنەی کارکردنیان.”

گوتیشی، “هەروەها هاوڵاتیانی عێراقیش پێویستە بازنەی تێگەیشتنیان بۆ پارەدانی ئەلیکترۆنی و گرنگی مامەڵە ئەلیکترۆنییەکان فراوان بکەن، بۆ ئەوەش پێویستە دەزگای بانکیی عێراقی ئاستی رۆشنبیری مامەڵەی دارایی و سودەکانی بەرزبکاتەوە، ئەوەش جیاوازی نێوان نرخی فەرمی و نرخی بازاڕە دراوەکان یەک دەخات.”

جەختیکردەوە لە “گرنگی دانانی پلانێک لەلایەن دەزگای بانکیی عێراقی بۆ بڵاوکردنەوەی رۆشنبیری و کلتوری پارەدانی ئەلیکترۆنی بە هاوکاری لەگەڵ دەزگاکانی ڕاگەیاندن و بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، هەروەها سودمەندبوون لەو کارتە ئەلیکترۆنییانەی کە لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە دابین دەکرێت”.

هەواڵی زیاتر

Back to top button