ئێکسۆن مۆبیل لە عێراق دەکشێتەوە و کۆمپانیایەکی چینی شوێنى دەگرێتەوە

زووم، ئاژانسەکان:

بەرپرسێکی وەزارەتی نەوتی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزى رایگەیاند، بەگوێرەى تازەترین رێککەوتننامەى نێوان حکومەتی عێراق و کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیلی ئەمریکی، کۆمپانیا ئەمریکییەکە لە کێڵگەی نەوتی قوڕنەی رۆژئاوا-1 دەکشێتەوە و لەبری ئەو کۆمپانیاییەکی چینی بەناوی “پێترۆچاینە” شوێنی دەگرێتەوە.

حەسەن محەمەد، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیاى نەوتی بەسرە بە رۆیتەرزى گوتووە، ئەوان پێیانوایە باشترین بژاردە ئەوەیە کۆمپانیای “پێترۆچاینە” ببێتە گرێبەستکاری سەرەکی لە کێڵگەی قوڕنەی رۆژئاوا-1، ئەمەش بەو واتایە دێت لەدوای رۆیشتنی ئێکسۆن مۆبیل، کۆمپانیا چینییەکە زۆرترین پشکی ئەو کێڵگەیە وەردەگرێت.

حەسەن محەمەد دەشڵێت، عێراق رێککەوتننامەیەکی بۆ رێکخستنەوەی کێشە داراییەکان و کۆتاییهێنان بە موڵکایەتی ئێکسۆن مۆبیل لەو کێڵگەیەدا واژۆکردووە و کۆمپانیای نەوتی حکومی بەسرە دەبێتە خاوەنی.

کێڵگەی نەوتی قوڕنەی رۆژئاوا-1 یەکێکە لە گەورەترین کێڵگە نەوتییەکانی جیهان و دەکەوێتە باشوری عێراق، یەدەگی کێڵگەکە بە زیاتر لە 20 ملیار بەرمیل نەوت دەخەمڵێنرێت و بەرهەمى رۆژانەى دەگاتە 560 هەزار بەرمیل.

حکومەتى عێراق لە گرێبەستەکانیدا لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکانى بوارى نەوت، مەرجى گرێبەستى جۆرى خزمەتگوزاریی بەسەریاندا دەسەپێنێت، واتە نرخێکى جێگیر بۆ بەرهەمهێنانى هەر بەرمیلێک نەوت دیاریدەکات، بەڵام ئێستا هەندێک لەو کۆمپانیا گەورانەى نەوت کە لە کەرتى نەوتى عێراقدا کاردەکەن، لەو شێوازە گرێبەستە نیگەرانن و دەڵێن، هیچ سودێک لە بەرزبوونەوەى نرخى نەوت نابینن، ئەمە سەربارى ئەوەى هەندێکجار تێچووى وەبەرهێنان زیاد دەبێت و رووبەڕووى زیانى گەورە دەبنەوە بەبێ ئەوەى قەرەبوو بکرێنەوە. ئەم دۆخە بەشێک لەو کۆمپانیایانەى ناچارکردووە بەدواى ئەو وڵاتانەدا بگەڕێن کە مەرجى سوکتر بەسەر کۆمپانیا نەوتییەکاندا دەسەپێنن.

ساڵی 2021 بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى ئێکسۆن مۆبیل بە رۆیتەرزی راگەیاندبوو، کۆمپانیاکەیان دەیەوێت پشکەکانی بە بەهای 350 ملیۆن دۆلار لە کێڵگەى قوڕنەی رۆژئاوا-1 بفرۆشێت. بەرپرسانی کەرتی نەوتی عێراق دەڵێن لەدوای کشانەوەی ئێکسۆن مۆبیل لەو کێڵگەیە، کۆتایی بەکارەکانی کۆمپانیا ئەمریکییەکە لە عێراقدا دێت.

هەواڵی زیاتر

Back to top button