بەم نزیکانە عێراق و تورکیا “پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان ئیمزا دەکەن”

راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری گواستنەوە جەختی لە نزیکی ئیمزاکردنی پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان لەگەڵ تورکیا کردەوە و توێژەرێکی ئابوریش داوا دەکات سەرجەم دیزاینەکان لەگەڵ ژینگە و خاکی عێراق بگونجێت.

ناسر ئەسەدی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری گواستنەوە لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی سەباحی فەرمی گوت، “بەم نزیکانە عێراق و تورکیا پڕۆژەکانی پەیوەست بە رێگای گەشەپێدان ئیمزا دەکەن کە بریتییە لە پڕۆژەی رێگای زەمینی و هێڵی ئاسنین کە کەنداو بە سنووری تورکیا دەبەستێتەوە بۆئەوەی ببێتە هێڵێکی گواستنەوەی بنەڕەتی بۆ کاڵا لە نێوان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا.”

ئەنقەرە گرنگییەکی زۆر بە پڕۆژەی ستراتیژیی رێگای گەشەپێدان دەدات کە سەرەتای ئەمساڵ لەلایەن محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیەنرا، عەلی سەمین، دامەزرێنەری پلاتفۆرمی لێکۆڵینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئۆراسیا، ئاسیا و زەریای هێمن پێی وایە کە پرۆژەکە دەبێتە جێگرەوەیەک بۆ عێراق کە داهاتەکەی تەنها پشت بە نەوت دەبەستێت.

ئەو گوتیشی، “پڕۆژەکە هاوکار دەبێت لە گەشەی ئابوری تورکیا و توانای کێبڕکێی لە کەرتی وزەدا بەرزدەکاتەوە.”

ئاماژەی بەوەشکرد، بەندەری گەورەی فاوی عێراق توانا و چانسی تورکیا بۆ هەناردەکردنی وزە زیاد دەکات، هەروەها دەتوانێت سەرچاوەکانی وزەی عێراق بگوازێتەوە بۆ بازاڕە جیهانییەکان و ڕۆڵێکی کارا لە بازرگانی وزەدا بگێڕێت.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە مانگی ئازاری ڕابردوودا لە میانی دیدارەکەی لەگەڵ سودانی ڕایگەیاند، نیازی خۆمان پشتڕاستکردەوە بۆ ئەوەی پێکەوە کاربکەین بۆ تەواوکردنی پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان کە ئامانج لێی دروستکردنی ڕێڕەوێکی گواستنەوەی وشکانی و هێڵی ئاسنینە لە بەسرەوە تا سنوری تورکیا”.

هاوکات عەلی دادوش، توێژەری کاروباری ئابووری بە رۆژنامەکەی گوتووە، پێویستە هەموو دیزاینەکان بەگوێرەی واقیعی ژینگە و زەوی و ڕێگا نێودەوڵەتییەکان بن کە لەگەڵ عێراقدا بگونجێت.

گوتیشی، “پێویستە بگەڕێینەوە بۆ نەخشە بنچینەییەکان لە وەزارەتی شارەوانی و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون و جارێکی تر لەلایەن شارەزایانەوە تازە بکرێنەوە بەپێی نوێترین پێشکەوتنەکانی رێگا و گواستنەوە و چەندین کارگە و کۆمەڵگەی پیشەسازی لەسەر رێگاکە دروست بکرێت.”

ناوبراو روونیشیکردەوە کە “پێویستە عێراق سوود لە وەڵام و بەدەمەوەهاتنی ئەرێنیی تورکیا بۆ پڕۆژەکە ببینێت و کاربکرێت بۆ ئەنجامدانی چەندین رێککەوتن بە تایبەت لە پرسی ئاودا، هەروەها راکێشانی وەبەرهێنانی تورکیا و گۆڕینەوەی ئەزمون و شارەزاییەکان.”

دادوش هۆشداریشی دا لەوەی “لە هەموویان گرنگتر ئەوەیە کە ڕێککەوتنەکان لەگەڵ کۆمپانیاکانی جێبەجێکار بەپێی لێکۆڵینەوەی ورد بکرێت، هەروەها لەنێوان دەوڵەتی عێراق وەک لایەنێک و کۆمپانیاکە ئیمزابکرێت بۆئەوەی لەکاتی گۆڕینی حکومەتیش، پەکی نەکەوێت و بەردەوام جێبەجێ بکرێت.”

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button