ئوستورالیا 10 ملیار دۆلار بۆ سوککردنى خەرجى ژیان تەرخان دەکات

نرخی خواردەمەنی و کەلوپەل بە رێژەى 7% بەرزبووەتەوە

زووم، ئاژانسەکان:

حکومەتى ئوستورالیا 10 ملیار دۆلار لە بودجەی فیدراڵی بۆ سوککردنى بارى سەرشانى هاوڵاتیان تەرخان دەکات و دەیەوێت لەو هەڵاوسانە گەورەیەى کە رووى لە وڵاتەکە کردووە، دەستگیرۆى هاوڵاتییەکانى بکات لە دابینکردنى خەرجى ژیاندا.

بڕیارەکە کە ئەمڕۆ دووشەممە دەرچووە، لەکاتێکدایە ئوستورالیا روبەروی هەڵاوسانێکى گەورە بووەتەوە کە لە 30ى ساڵى رابردوودا هاوشێوەى نەبووە، نرخی خواردەمەنی و کەلوپەل بە رێژەى 7% بەرزبوونەوەیان بەخۆیانەوە بینیوە.

جیم چالمێرز، وەزیری گەنجینەی ئوسترالیا لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت “ئامانجی سەرەکی ئەم بڕیارە یارمەتیدانی تێچووی ژیانە بۆ هاوڵاتیانمان و رێگر دەبێت لە بەرزبوونەوەی زیاترى ئەو هەڵاوسانەی کە لە بازاڕەکاندا هەیە”.

ئاماژەی بەوەشداوە “خەڵکى ئوستورالیا لەژێر فشاردان، ئەم بودجەیە زۆر بە وردی ئامادەکراوە تاوەکو فشاری سەر زۆری تێچووی ژیان کەمبکاتەوە نەک زیادی بکات”.

یارمەتییەکە بۆ ماوەى چوارساڵە و دەدرێت بە پێنج ملیۆن خێزانى ئوستورالى کە داهاتیان کەمە، هەروەها دەدرێت بە خاوەن بزنسە بچوکەکان و ئەو خانەنشینانەی کە کرێی کارەبای زۆریان بۆ دێتەوە”.

ئەم هەنگاوە لەکاتێکدایە پێشتریش حکومەتى ئوستورالیا زیاتر لە حەوت ملیار دۆلارى دیکەى بۆ زیادکردنی موچەی ئەو فەرمانبەرانە تەرخانکردووە کە بەتەمەندا چوون و زیادکردنەکەش بۆ ماوەی چوار ساڵ بەردەوام دەبێت.

هاوکات لەگەڵ ئەم هەنگاوانەدا، حکومەتى ئوستورالیا بڕیارى داوە بە زیادکردنى باج لەسەر کۆمپانیاکان و بازرگانان، باجی سەر توتنی لە 5% بەرزکردووەتەوە، هەروەها باجی سەر وەبەرهێنەرانی گاز و نەوتی وڵاتەکەى بە بڕی زیاتر لە یەک ملیار دۆلار زیادکردووە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button