سەرۆکوەزیرانە موسڵمانەکەی سکۆتلەندا دەستی لەکارکێشایەوە

پاشگەزبوونەوە لە بەڵێنێکی ژینگەیی هەمزە یوسفی ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرد

زووم:

پاشگەزبوونەوە لە بەڵێنێکی تایبەت بە ژینگە و ئاووهەوا، بووە هۆی ئەوەی سەرۆکوەزیرانە موسڵمانەکەی سکۆتلەندا پۆستەکەی لەدەستبدات.

لە سکۆتلەندا، هەمزە یوسفی تەمەن 39 ساڵ، سەرۆکوەزیران بوو، ئەمڕۆ دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستە حکومییەکەی راگەیاند، سەرۆکی پارتی نیشتمانییش بوو، واز لەو پۆستەش دەهێنێت، بەڵام تا ئەو کاتەی جێگرەوەیەکی بۆ دادەنرێت، لە پۆستە حزبییەکەیدا دەمێنێتەوە.

چیرۆکەکە لەوێوە دەستیپێکرد، پارتی نیشتمانیی سکۆتلەندا، هاوپەیمانێتییەکەی لەگەڵ پارتی سەوزی وڵاتەکە هەڵوەشاندەوە و وازی لە بەرنامەی کاری حکومەت هێنا بۆ کەمکردنەوەی ئاستی دەرهاویشتنی کاربۆن بەڕێژەی 75% تا ساڵی 2030.

پابەندنەبوون بەو بەڵێنە ژینگەییەوە، پارتی سەوز و پارتەکانی دیکەی نیگەران کرد و سەرۆکوەزیرانە موسڵمانەکە کەوتە بەردەم ئەگەری دەستلەکارکێشانەوە، یان وەرگرتنەوەی متمانە.

پارتی پارێزگارانی سکۆتلەندا پاشگەزبوونەوەی پارتەکەی هەمزە یوسفی بە دەرفەت زانی و داوای دەستلەکارکێشانەوەی ئەو سەرۆکوەزیرانەی کرد، پارتی کرێکارانیش داوای کرد متمانە لە هەمزە و تەواوی حکومەتەکەی وەربگیرێتەوە.

هەمزە یوسف لە ئازاری ساڵی رابردوو پۆستی سەرۆکوەزیرانی سکۆتلەندای وەرگرت، بەوەش بووە یەکەم موسڵمان سەرۆکایەتیی حکومەتێکی رۆژئاوای ئەوروپا بکات.

لە ساڵی 2021  پارتی نیشتمانیی سکۆتلەندا نەیتوانی بەتەنها حکومەت پێکبهێنێت، بۆیە هاوپەیمانیی لەگەڵ پارتی سەوزی سکۆتلەندا کرد بۆ پێکهێنانی حکومەت.

دوای دەستلەکارکێشانەوەی هەمزە یوسف، پەرلەمانی سکۆتلەندا 28 رۆژی لەبەردەستە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانی نوێی وڵاتەکە.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button