سعودیە و ئەمریکا نێوەندگیری لەنێوان لایەنە ناکۆکەکانی سودان دەکەن

لە شارى جەددەى سعودیە دانوستانەکە بەڕێوەدەچێت

زووم، ئاژانسەکان

دوو لایەنە شەڕکەرەکەى سودان چاوەڕروان دەڕێت بۆیەکجار لە دواى دەستپێکردنى شەڕەکەیانەوە روبەڕوو کۆببنەوە، کۆبوونەوەکەش بە نێوەندگیرى سعودیە و ئەمریکا لە شارى جەددەى سعودیە بەڕێوەدەچێت.

لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا، هەریەک لە ئەمریکا و سعودیە دەڵێن پێشوازی لە گفتوگۆی نێوان سوپاى سودان و هێزەکانى پشتیوانى خێرا دەکەن، کە لە شاری جەددەی سعودیە بەڕێوەدەچن وەک رێگەخۆشکەرێک بۆ دانوستان لەنێوان هەردوولادا.

لەسەروبەندی هەوڵی ئاشتیدا، رۆژی هەینی شەڕ و پێکدادان لە خەرتومی پایتەختدا بەردەوامبووە. شوپای سودانیش دەڵێت ئەو گفتوگۆیانە بەمەبەستی چارەسەری پرسە مرۆییەکانی ئەو وڵاتەیە. لەوبارەیەوە هێزەکانی پشتیوانی خێرا هیچ راگەیەندراوێکی نەبووە.

سوپای سودان ئەوەشی پشتراستکردووەتەوە کە نێردراوی بۆ جەددە ناردووە بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆکاندا. ئەمەش لەکاتێکدایە کە نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوە فریاگوزارییەکان جەختیان کردووەتەوە کە سودان روبەڕوی قەیرانێکی مرۆیی ترسناک بووەتەوە.

دوای نزیکەی سێ هەفتە لە شەڕ و پێکدادان، بەسەدان کەس کوژراون و نزیکەی 450 هەزار کەسیش ئاوارەبوون. بەگوێرەى رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتیی، لەو ژمارەیە، 115 هەزار کەس ئاوارەی وڵاتانی دراوسێی بوون.

شەڕی سودان لەنێوان عەبدولفەتاح بورهان، سەرۆکى ئەنجومەنى سیادەى سودان و فەرماندەى گشتى سوپا و محەمەد حەمدان دەگەلۆ ناسراو بە “حمێدتى”، جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى سیادە و فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی خێرادایە.

لە راگەیەندراوەکەی سعودیە و ئەمریکادا هاتووە، “داوا لە هەردوو لایەن دەکەین کە بەرژەوەندیی سودانییەکان لەبەرچاوبگرن و چالاکانە بچنە نێو دانوستانەوە بۆ ئەوەی ئاگربەستی کۆتایی رابگەیەنن و کۆتایی بە پێکدادانەکان بهێنن بۆ ئەوەی هاوکاریی مرۆیی بگاتە ئەو ناوچانەی کە زیانیان بەرکەوتووە.”

جەیمس ئێلدەر، گوتەبێژی یونسێف رایگەیاند تەنها لە 11 رۆژی یەکەمی شەڕەکەدا 190 منداڵ کوژراون و 1700ی دیکەش بریندار بوون. ئاماژەی بەوەشکردوو ئەم ژمارانە ئاماری فەرمین کە لە نەخۆشخانەکانەوە دەستکەوتوون و دەکرێت ژمارەکان زۆر لەوە زیاتر بن.

بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەوە زۆرێک لەو ناوچانەی کە پێویستیان بە هاوکارییە دابڕاون و هاوکارییە مرۆییەکانیان پێناگات.

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button