سودانی داوای بەپەلە چوونەدەرەوەی ئەمریکا دەکات “بەڵام بە دانووستان”

زووم:
جەنگی غەزە و هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمدواییەی ئەمریکا بۆ سەر بارەگاکەی حەشدی شەعبی لە بەغداد، درووشمی کردنەدەرەوەی ئەمریکییەکانی لای شیعەکانی عێراق بەرزترکردەوە، سودانیش هاوشێوەی سەرۆکوەزیرانەکانی دیکە پێی وایە ئەو پرسە بە بە دانوستان دەکرێت.

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز رایگەیاند، حکومەتی عێراق خوازیارە هێزەکانی هاوپەیمانان، کە لەلایەن ئەمریکاوە بەڕێوەدەبرێن، بە خێرایی لە وڵاتەکە بچنە دەرەوە، بەڵام بەشێوەیەکی رێکخراو بێت و دانوستانی لەبارەوە کرابێت.

سودانی مانەوەی ئەمریکییەکانیشی بە هۆکاری ناسەقامگیریی لە وڵات ناو بردووە لەکاتێکدا مەترسیی پەرەسەندنی شەڕی غەزە بەناوچەکەدا گەیشتووەتە لوتکە.

لەبارەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمدواییەی پنتاگۆن بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی، سودانی بە رۆیتەرزی گووتووە، “پێویستە پەیوەندییەکان لەگەڵ رێکبخرێتەوە بۆ ئەوەی هیچ لایەنێکی دەرەکی و ناوخۆیی بیانوو نەدۆزێتەوە تاوەکو دەست بۆ سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە ببات.”

لەبارەی کاتی کشانەوەی هێزەکانیش، سودانی رایگەیاندووە، ئەوان دەیانەوێت پرۆسەکە بەشێوەیەکی خێرا بەڕێوەبچێت و نایانەوێت هێزەکانی هاوپەیمانان بۆماوەیەکی دوور و درێژ بمێننەوە و هێرشەکان هەر بەردەوام بن.

بە بڕوای سودانی کۆتاییهێنان بە شەڕی غەزە تاکە چارەسەری دۆخەکەیە، ئەگەرنا، مەودای شەڕەکە فراوانتر دەبێت لەو ناوچە هەستیارەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە وزەیەکی زۆر بۆ جیهان دابیندەکات.

بەڵام وەک هەمیشە، واشنتن روانگەیەکی جیاوازی هەیە، ئەو نەک هەر بیری لای کشانەوە نییە، بەڵکو ئەو داوایە نیگەرانییەکانی زیاتر دەکات لەبارەی زیادبوونی هەژموونی دووژمنە سەرەکییەکەی، کە ئێرانە لە عێراقدا، چونکە لەدوای ساڵی 2003ـەوە ئەو گرووپە شیعییانەی، کە لە ئێرانەوە نزیکن هەژموونیان لە وڵاتەکەدا زیادیکردووە.

لەو بارەیەوە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) دوو رۆژ لەمەوبەر رایگەیاند، کە هیچ پلانێکیان بۆ کشانەوەی هێزەکانیان لە عێراقدا نییە.

هەرچەندە عێراق بە ئاشکرا دژی هێرشەکانی ئیسرائیلە بۆ سەر غەزە و بە کۆمەڵکوژیی ناویان دەبات، بەردەوامیش هێرشی هێزە چەکدارەکان بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی هاوپەیمانان بە نایاسایی وەسفدەکات، هاوکات ئیدانەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکاشی کرد، کە لەم دواییانەدا حەشدی شەعبی کردە ئامانج.

وەک پەیامێکیش بۆ ئەمریکا سودانی رایگەیاند، “ئەمریکا دوژمنی عێراق نییە و ئێمە نامانەوێت بکەوینە جەنگ لەگەڵیدا، بەڵام ئەگەر ئەم گرژیی و ناکۆکییانە بەردەوامبن، بێگوومان بۆشاییەک لە پەیوەندییەکانی نێوانماندا درووستدەکات.”

هەواڵی زیاتر

Back to top button