لایەنەکان هێشتا دوورن لە ئەگەری رێککەوتن بۆ دیاریکردنی کاندیدێک بۆ پۆستى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق

زووم:

لە 14ی مانگی رابردووەوە محەمەد حه‌لبوسی لە پۆستی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق دوورخراوەتەوە، بەڵام وەک ئەوەی پەرلەمانتارانی عێراق باسیدەکەن، لایەنەکان هێشتا دوورن لە ئەگەری رێککەوتن بۆ دیاریکردنی کەسێکی دیکە بۆ پۆستەکە.

په‌رله‌مانی عێراق له‌دوو دانیشتنی رابردوویدا نەیتوانی سه‌رۆكی نوێی په‌رله‌مان دیاریبکات و رێژه‌ی یاسایی به‌شداریی په‌رله‌مانتاران پڕنەبووەوە، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ڕێكنه‌كه‌وتنی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌.

ئه‌حمه‌د موسه‌وی په‌رله‌مانتاری سه‌ر به‌ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی، له‌ لێدوانێكی رۆژنامەنووسیدا وتى: نەک بێچاره‌سه‌ر ماونەتەوە، به‌ڵكو لایه‌نه‌كان ته‌واو دوورن له‌یه‌كه‌وه‌، ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكیشه‌ گفتوگۆی نێوانیان، به‌هۆی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانه‌وه‌ وه‌ستاوه‌، ئەمە لەکاتێکدا هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكێكی نوێ، پێویستی به‌ رێكکه‌وتنی لایه‌نه‌ سیاسییه‌ سه‌ره‌كیه‌كانه‌.

بەگوتەی موسه‌وی، له‌ئێستادا زۆربەی كێشه‌كان له‌ نێو ماڵی لایه‌نه‌ سونییه‌كانه‌، بەڵام سیاسەتکارێکی سوننەکان دەڵێت، کێشەکە تەنها لای سوننەکان نییە، به‌ڵكو له‌نێو ماڵی شیعه‌كانیشدا بووەتە‌ کێشە.

فارس فارس، کە یەکێک بوو لەوانەی داوای داخستنی حزبەکەی حەلبوسیی دەکرد و سه‌ركردەیە‌ له‌ هاوپه‌یمانیی عه‌زم-ی سوننی، به رۆژنامه‌ی عه‌ره‌بی جه‌دیدی راگه‌یاندووه‌، لایه‌نه‌كانی نێو چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی له‌باره‌ی پرسی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی داهاتووی پەرله‌مانه‌وه‌ دابه‌شبوون و ناكۆكن لەسەر ئه‌و كه‌سایه‌تییانه‌ی كاندید ده‌كرێن بۆ پۆسته‌كه‌‌.

بەگوتەی فارس، له‌ئێستادا لایه‌نه‌كان سه‌رقاڵی گفتوگۆکانی تایبه‌ت به‌ پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانن و به‌شێك له‌ لایه‌نه‌كانیش هه‌وڵی به‌ستنه‌وه‌ی هه‌ردوو پرسی پێكهێنانی حكومه‌ته‌ خۆجێییه‌كان و سه‌رۆكی پەرله‌مانن و ده‌یانه‌وێت وه‌ك ده‌رفه‌تێك له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان بیقۆزنه‌وه، ‌به‌دووریشی زانی به‌مزووانه‌ كێشه‌ی هه‌ڵبژاردنی جێگرەوەی حەلبوسی چاره‌سه‌ر بكرێت.

هەروەها به‌یدا خزر بڕیارده‌ری په‌رله‌مانی عێراق له‌ لێدوانێكیدا رایگه‌یاندووە، دانیشتنی تایبه‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی داهاتووی پەرلەمان له‌سه‌ره‌تای ساڵی نوێوە دەبێت.

بەڵام بەپێی راپۆرتەکەی رۆژنامەی عەرەبی جەدید، پێشبینیکراوە له‌دانیشتنی داهاتووشدا پەرلەمان جارێكی دیکە شكست بهێنێت له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكێك و گوایە له‌ئێستادا هه‌وڵێكی رێكخراو هه‌یه‌ بۆ درێژه‌دان به‌و كێشه‌یه،‌ به‌تایبه‌ت كه‌ له‌ ئێستادا موحسین مه‌نده‌لاوی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، كه‌ سەر بە چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگییە، دانیشتنه‌كان به‌ڕێوه‌ده‌بات.

هەواڵی زیاتر

Back to top button