روسیا بە هەرەشە وەڵامی لێدوانی ماکرۆنی دایەوە و ئەوروپییەکانیشی ناچار بە روونکردنەوە کرد

زووم:
لێدوانێکی ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەڕەنسا لەبارەی ئەگەری ناردنی هێزی سەربازی وڵاتانی ئەوروپی و هاوپەیمانیی ناتۆ بۆ ئۆکراین، روسەکانی توڕە کرد و ئەوروپییەکانیشی ناچار بە رەتکردنەوە کرد.

ماکرۆن لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی پشتیوانیی ئۆکراین بە بەشداری زیاتر لە 20 سەرۆکی ئەوروپی گوتی، ئەگەری ناردنی هێزی سەربازیی رۆژئاوا بۆ ئۆکراین “رەتنەکراوەتەوە”.

ماکرۆن جەختیکردەوە، کە کۆدەنگی لەناو ئەوروپییەکان خۆیاندا نییە لەو بارەیەوە، بەڵام هیچ ئەگەرێک بەدوور نازانن و هەموو کارێک دەکەن تا روسیا لەم جەنگەدا براوە نەبێت.

هەرزوو روسیا بە تۆنێکی هەڕەشە ئامێز وەڵامی دایەوە، دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کرێملین رایگەیاند، ناردنی هێزی شەڕکەر بۆ ئۆکراین لە بەرژەوەندی وڵاتانی رۆژئاوا نییە و خۆشیان باش ئاگاداری ئەوەن.

ناوبراو هەڕەشەشی کرد بەوەی ناردنی هێز بۆ ئۆکراین واتە رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی روسیا و گوتی، لەم حاڵەتەدا نابێت باس لە ئەگەری رووبەڕووبوونەوە بکرێت، بەڵکو دەبێت باس لە حەتمیەتی رووبەڕووبوونەوەکە بکرێت.

لەدوای روسیا، ئەوروپییەکان خۆشیان خۆیان لە لێدوانەکەی ماکرۆن بێبەری کرد، ئەوەتا ئۆلاف شۆڵز، راوێژکاری ئەڵمانیا جەختیکردەوە، هیچ سەربازێکی دەوڵەتانی ئەوروپا، یاخود هاوپەیمانیی ناتۆ نانێردرێت بۆ ئۆکراین .

گوتیشی، ئەوەی هەر لە سەرەتاوە رێککەوتنی لەسەر کراوە بۆ داهاتووش راستە، هیچ هێزێکی ئەوروپی و ناتۆ لەسەر خاکی ئۆکراین نابێت.

زیاتر لەوەش، جێنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی ناتۆش بابەتەکەی رەتکردەوە و گوتی، ناتۆ پاڵپشتی تەواوی ئۆکراین دەکات، بەڵام هیچ پلانێکیان نییە بۆ ناردنی هێزی شەڕکەر بۆ ئەو وڵاتە.

هەروەها سوید و پۆڵەنداش پلانەکەیان رەتکردەوە، بەڵام هێشتا فەڕەنسا روونکردنەوەی لەسەر قسەکانی ماکرۆن نەداوە ئاخۆ هێشتا سوور یاخود تەنها هەڵدانی بەردێک و شڵەقاندنی گۆمەکە بووە!

هەواڵی زیاتر

Back to top button