جەنگ نرخی خۆراکی لە غەزە زۆر بەرزکردووەتەوە

لە رەفەح کیلۆیەک پیاز بە 10 دۆلار و گۆشت بە 27 دۆلارە

 زووم:

لە شارۆچکەی رەفەحی کەرتی ‌غەزە، نرخی سەوز و میوە و خۆراکە سەرەکییەکانی ژیانی رۆژانەی خەڵک، بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە.

بەردەوامیی جەنگ، هەژاری و بێکاری، ژیانی خەڵکیان سەختکردووە، لە بازاڕدا نرخی کیلۆیەک پیاز بۆ 10 دۆلار بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا نرخەکەی پێشتر تەنها یەک دۆلار بووە، هەروەها نرخی کیلۆیەک لیمۆ گەیشتووەتە شەش دۆلار و پەتاتەش زیاتر لە دوو دۆلار.

سەوزە و میوەکانی دیکەی وەک بیبەر و قەرنابیت و سپێناخ، کە خواردنی رۆژانەی هاووڵاتیانی غەزەن، نرخەکانیان بەشێوەیەکی خەیاڵی بەرزبوونەتەوە، هەروەها جگە لە گرانیی نرخەکانیان، بوونیان لە نێو بازاڕدا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە.

جگە لە سەوزە و میوەکان، نرخی گۆشت لە کڕین نایەت، نرخی یەک کیلۆ گۆشتی مانگا گەیشتووەتە نزیکەی 27 دۆلار، کە سێ هێندەی نرخەکەی پێشتریەتی، هەروەها نرخی یەک کیلۆ گۆشتی بەستووی مانگا بۆ 18 دۆلار بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا پێش جەنگ نرخەکەی نزیکەی پێنج دۆلار بووە.

لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخەکان، رێژەی هەژاری و بێکارییش زیادی کردووە، کە بەگوێرەی ئاماری دەزگای ناوەندیی ئاماری فەڵەستین، لە دوای جەنگ 147 هەزار کرێکار لە کەرتی تایبەت کارەکانیان راوەستاوە، هەروەها 56 هەزار وێستگە داخراون و کاریان راگرتووە، بێکاربوون و هەژاریی خەڵکەکەش وایانکردووە، خەڵکی لە بری کیلۆ بە دانە سەوزە و میوە دەكڕن.

فرۆشیاران، هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکان بۆ کەمبوونەوەی بەرهەم لە بازاڕدا دەگەڕێننەوە، یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان نەگەیشتنی سەوزە و میوەیە بە شارەکان، بەوپێیەی ناوچە کشتوکاڵییەکان کەوتوونەتە بەرهێرش و بۆردومانی ئیسرائیل.

هاوکات شارۆچکەکانی وەک دێرلبەلح و رۆژئاوای شارەکانی خان یونس و رەفەح، کە بە سەبەتەی خۆراکی دانیشتووانی غەزە دادەنران، بوونەتە گۆڕەپانی جەنگ و چیتر سەوزە و مێوە بۆ شارەکانی دیکە نانێرن.

هەواڵی زیاتر

Back to top button