ئاوڕێک لە ڕەسەنێتى

                 

وەلید عومەر

 

دواى بینینى کۆتا ئەڵقەى «بەرنامەى بەرنامە»، و ئەو جۆشوخرۆشەى خەڵک بۆ ئەم بۆنە دیارە هونەرییە، دەکرا جارێکى تر پرسیارى ڕەسەنێتى لە خۆمان بکەینەوە. ئاخۆ ڕەسەن چیە و بۆچى مرۆڤەکان کتوپڕ بەرەو شتانى ڕەسەن پەلکێش دەبن؟

ڕەسەن بەر لە هەر شتێک، بێ ئەوەى بزانین پێناسەکەى چیە، خۆى دەسەپێنێت. ڕەسەن، لە سادەترین مانادا پیچەوانەى “ساختە”یە. واتە هێشتا شتێک لەودیوى هەموو شتەکانەوە ماوە کە دەکرێت وەک بنەڕەت، ئۆرگیناڵ، ڕاستەقینە هەژمارى لەسەر بکرێت. واتە ڕەسەن نزیک لە پرسى “گشت” و ڕاستییە گشتییە پاڵفتەکراوەکان نیشتەجێدەبێت. ئاشکرایە ڕەسەن عادەتەن جێى ڕەخنەیە[1]، بەڵام بەر لەوە ڕۆڵێکى تر لەناو مێژوودا دەگێڕێت کە لە خودى ڕەخنە ڕیشەییترە. ئەمڕۆ مرۆڤ لە هەموو لاوە بۆردوومان دەکرێت، ئیدى بە هەواڵ بێت یان وێنە، بە دەنگ بێت یان ڕەنگ، بە شتى بەناو نوێ بێت تا دەگاتە دیاردەى خێراهەڵتۆقیوى خێرا بەسەرچووش. مرۆڤەکان ئەودەم بەتەواوى هەست بەم بۆردوومانە دەکەن کە بەر شتێکى ئەسیلتر و ڕەسەنتر دەکەون. ئەم بەراوردە ئەودەم درووستدەبێت کە شتێکى ڕەسەن وەک تەنێکى نامۆ کۆى فەزا باڵادەستەکە هەڵدەدڕێت و دەگەڕێتەوە- شتێکى وەک «گەڕانەوەى چەپێنراو».

“بەرنامەى بەرنامە”، وێڕاى هەر سەرنجێک، تازەگەرییەک بوو لە کاتى خۆیدا. ئەوەشى ڕوویەکى ڕەسەنى بەم تازەگەرییە بەخشیوە، ئەو یەکانگیرى و یەکێتییە بوو لەنێوان چەند ڕەگەزێکى پێکهێنەرى خۆیدا: کۆمەڵێک ئەکتەر کە بەجۆرێک لە جۆرەکان بەناو گەشەى سرووشتیی خۆیاندا هاتبوون، زمانێکى ڕەسمى و ستانداردى تەوس کە ئەمڕۆ بەگشتى ونە، تەنسیقى دەق و ئەکتەر و هتد. تا بەمڕۆش دەگات چەند ڕەگەزێکى جیاکەرەوە دەچنە سەر بەرنامەکە کە بەرهەمى دوورکەوتنەوەمان بووە لە کات؛ بۆ نمونە شوێن و بنکەی پەخش کە کارەکتەرێکى ڕاستەقینەتر دەبەخشێت، ئەویش بەراورد بە فەزاى مەجازى کە وەک بنکەى واقیعى تێکڕا زۆر ڕەسمى و ڕاستەقینە نیە. شوێنى ڕوون، کەمتر بینەر تووشى هیستریا دەکات. ئەمە پێچەوانەى ئەو ڕوونبێژییە ڕەخنەییە جڵەوبڕەى کە خودى «ڕەخنە»یشى کردووەتە قوربانى. وەک‌بڵێى ڕەخنەى هونەرى دەبێت بە زمانێکى ناڕاستەوخۆتر بێت، واتە ئالوودە بە تەوس، بەکەم‌وەرگرتنى ڕوونبێژى و ڕاستەوخۆگەرى.

وەک دیوى مرۆییش، هاوشوناسى بینەر بە بەرنامەکەوە جێى هەڵوەستەیە: هاوشوناسى، جۆرێک یەکبوونى خەیاڵییە لەگەڵ ئەویتردا کە دوو دۆخ تێیدا دەبنە یەکێک. مرۆڤ عادەتەن بۆ ئەوە تووشى هاوشوناسى دەبێت کە خۆى ناتوانێت و فریاناکەوێت ئەو ڕۆڵانەى دەرەوەى خۆى بگێڕێت و ناچارە بچێتە کەوڵى ئەوانەوە. ئەوانەى لەگەڵ ئەم بەرنامەیەدا گەورە بوون، خەم و پەژارەیان بۆ خۆیان خوارد. یان هاوشوناسکردنى کەسوکارى خۆ بە یەکێک لەو ئەکتەرانە کە دیسان پیرى و مەرگ بیردەخاتەوە. هاوکات هاوشوناسبوونەوە بوو بۆ چەقى خێزان کە تەلەفزیۆنى کلاسیک ئەندامەکانى کۆدەکردەوە (بەپێچەوانەى خێزانى ئۆنلاینەوە کە بێ‌سەنتەر و پووچیهێنەرە).

هەروا بێتەوە، ئەم ئەڵقەیە خۆى زیاتر ژێستێک بوو، جووڵەهێمایەک بوو بۆ ئەوەى کە بڕوا بەوە بێنین هێشتا دووانەى ڕەسەن-ناڕەسەن کارى خۆى دەکات و وەهمێک نیە بەسەرچووبێت. فۆرم لێرەدا لە ناوەڕۆک کاریگەرترە. وتراوى ناو کارەکە، هێندەى ڕووى دەرەوەى کارەکە گرنگ نیە. ئەمڕۆ وتراوى ڕەخنەیی لەو جۆرە بۆ زۆرینە ئاشنایە، بەڵام هێشتاش کێ دەیڵێت مانایەکى زیاترى هەیە. بۆیە ئەم جۆرە بۆنانە تەنیا بۆ ڕەگەزێکى دیاریکراوى بەرنامەکە نیە، بۆ ئەفراندنەوەى ئەو باگراوەندە کەلتورى و کەشە لەدەستچووەشە کە بەنادیارى ئیشى خۆى کردووە. کۆى بەرنامەکەش جۆرێک دڵەڕاوکێى جێهێشت کە کۆتایی سەردەمێکە و هێشتا سەردەمى دواتر ناونیشانێکى ڕوون و ڕەسەنى نیە.

گەر پێیەک تیۆرییتر ڕۆبچین، دەتوانین بڵێین:

ڕەسەنێتى، گەڕانەوەیە بۆ پەیوەندیی نێوان مێژوو و ئارەزوو. مێژوو عادەتەن ئەو چوارچێوەیەیە کە ئەرکى ڕێکخستنى ئارەزووى مرۆڤەکانى لەئەستۆدایە. جار هەیە ئەم ئەرکە باش ناڕواتە پێش و وەک ئەمڕۆ بەدئارەزوویی درووستدەبێت. بەدئارەزوویی، بەرهەمى شلبوونەوەى پێوەرە مرۆییەکانە لەناو مێژوودا، شتێکى وەک خۆگێلکردنى مێژوو دەرهەق بە ڕێکخستنى ئارەزوو. ڕەسەن هەر مانایەکى هەبێت و چەندیش کۆک بین یان نا لەگەڵ ماناکانى، ئەوا بەستراوەتەوە بەو پەیوەندییەوە. واتە من وەک سوبێکتێکى ئارەزووکەر، دەمهەوێت بۆ ماوەیەکى درێژ فەنتازیایەکم هەبێت تا ئارەزووکردنم زووزوو نەپچڕێت. ناکرێت خێراخێرا بابەتى ئارەزووم بگۆڕدرێت، لەکاتێکدا مێژوو خۆى پرۆسەیەکى بەزات خاووخلیچکە و فریاناکەوێت هەموو دیاردەیەک لە ماوەیەکى کەمدا بە «گەشەى سرووشتى»دا ببات. لەم دواییانەدا مێژوو خۆیشى بەهۆى ئەو ستایلە ژیانە لێشاومەندەوە تووشى تەڵخى هاتووە، گەرچى کۆتایینەهاتووە. مرۆڤەکان زۆرجار کاتێک بۆ بۆنەیەکى مێژوویی دەگەڕێنەوە، ئەودەم ئارەزووى خودى مێژوو دەکەن نەک هیچى تر.

دیارە مێژوو و ئارەزووش وەکو پرسى ڕەسەن خۆیان نوێ دەکەنەوە. ئارەزووى مرۆڤ کە لەسەر ئۆبێکتێک ڕادێت، لەبەر کۆمەڵێک فاکتەر ئەو ئۆبێکتەى لێ دەبێتە شتێکى ڕەسەن، ڕەسەنبوون خۆى بریتییە لەم لێتێکچوونەى کە درێژەدەکێشێت و ڕەقهەڵدێت. ڕەسەنبوون بەم مانایە و لەقووڵاییدا شتێکى نەگۆڕ و جەوهەرى نیە، بەڵکو تەواو ڕێکەوتە، بەڵام ڕێکەوتێک کە لەبەر ئەو بڕە فاکتەرە کۆى ئارەزووى خەڵکى لەسەر ڕادێت[2]. ئەم کۆمەڵە فاکتەرە، خۆیشیان لەو خاڵەدا یەکتر دەبڕن کە ڕەسەنێتى سەرەنجام پاشماوەى چیرۆکى باوککوژیی سەرەتاییە. مەبەستم نیە بڵێم ڕاستەوخۆ گەڕانەوەیە بۆ باوکێکى ڕەسەن و ڕاستەقینە و سەرەتایی، بەڵکو مێژوو لە پاش کوشتنى ئەم باوکە سەرەتاییە پێش‌مێژووییەوە دەستپێدەکات و ڕەسەن دەبێتە هاوماناى ئارەزووکردن بۆ هەر شتێک کە بەشێوەیەکى هەژمارکراو بچێتەوە سەر باوکى سەرەتایی. بۆ نمونە، بە کارەکتەرێکى کۆمەڵایەتى دەوترێت ڕەسەن کە پەیژەکانى یاساى دواى کوشتنى باوکى تەیکردبێت. تەیکردن و ئەزموونکردنى لانیکەمى سرووشتى و عەقڵانیی یاساکان، مەرجى هەموو ڕەسەنێتییەکە. ئەم یاسایانە گەرچى وەک فۆرم گشتى و گەردوونیین، بەڵام بۆ هەر کۆمەڵگایەک ناوەڕۆکێکى مێژوویی و سیاسى و کۆمەڵایەتیی تایبەت بە خۆى هەیە (بەشێکى دیار لە تەنزى ناو ئەم ئەڵقەیە، لەو بزووتنەوە هاکەزایی و بێ‌ڕیشانە بوو کە ئەم پرۆسەیەیان تەینەکردووە و چەشنى فێرخوازێکى تازەوەرگیراو لەدواوە دادەنرێت).

سەرەنجام پرسى ڕەسەنێتى، وەک هەر پرسیێکى تر قابیلى ڕەخنە و ئاوەڵاکردنە بەسەر ئیمکانەکانى ناو خۆیدا. ڕەسەن ئەو ئەگەرەى هەڵگرتووە کە مێژوو دابخات، ئیمکانى نوێ وەرنەگیرێت، تازەبوونەوەش بەر نەفرەت بخرێت. مادام ڕەسەن خۆى چڕبوونەوەى ڕێکەوتە، تازەبوونەوەش دەتوانێت هەمیسان جۆرێکى ترى ڕەسەن بئافرێنێت. ڕەسەن شتێک نیە یەک جار ڕووبدات و کۆتایی بێت، بەڵکو سەردەمە جیاجیاکان دەتوانن پەیوەندیی خۆیان بە “ڕەسەنێتى”یەوە نوێ بکەنەوە و تەنانەت ڕەسەنى نوێش بەرهەم بهێننەوە. بەرهەمهێنانەوەى ڕەسەنێتى، سیفەتێکى بنەڕەتیی کۆمەڵگایە. دەشێت هەر ڕەسەنێک لە قۆناغێکدا کۆتایی ئەو قۆناغە بێت، بەڵام کۆتایی کۆى قۆناغەکان نیە. لێرەوە دەکرێت باس لە زنجیرەى ڕەسەنەکان بکرێت، ئەوەى کە هەر قۆناغێک دەلکێنێت بە قۆناغێکى ترەوە و ناهێڵێت پێوەرە گەورە مرۆییەکان کوێربێتەوە. یەک لە گرفتەکانى دونیاى کوردییش، کە عادەتەن خەم و ماتەم بۆ خەڵک جێدەهێڵێت، بەرهەمنەهێنانەوەى کایەکانە لە سەردەمێکى نوێتردا. ئێمە لە چەمکى “نارسیسیزم”ـەوە فێرى ئەوە دەبین کە مناڵ بۆ دایباب درێژکردنەوەى تەمەنە، و بەرگەگرتنى کۆتاییەکانیشە. کایەکان لاى ئێمە، لەم ڕووەوە ناڕوون و نیوەناچڵن.

 

ــــــــــــــــــــــــــــــ

[1] . یەک لەو ڕەخنانە ئەوەیە کە کارکردى بەرنامەگەلى هونەریی لەم شێوەیە, کە لاى خەڵکیش ڕوونە, ئاساییکردنەوەى ڕەخنەیە لەسەر دەسەڵاتێک یان حیزبێک. دەسپێشخەرى لەوەى کە ڕەخنەبکرێیت, خۆى سرووشتى ڕەخنە سستدەکات. بەهەرحاڵ باسەکە لێرەدا پتر وەرگرتنى ڕووى دەرەوەى بۆنە هونەرییەکەیە نەک هەڵسەنگاندنى ئایدۆلۆژى و سیاسییانەى وى.

[2] . گەر لەڕوانگەى ڕەخنەى ئایدۆلۆژییەوە سەیرى ئەم خاڵە بکەین، دەشێت بگوترێت ڕەسەن شتێکى بێلایەن نیە، بەڵکو لە قازانجى چین و دەسەڵاتێکە. واتە ڕەسەن وەک بەشێک لە هەژموونى باڵادەست لێکدەدرێتەوە کە قابیلى پشکنینە. بەڵام هاوکات بیرخستنەوەى ئەو خاڵەش پێویستە کە مادام ڕەسەنێتى شتێکى جەوهەرى نیە، ئەوا دەشێت لە وڵاتێکى کۆمۆنیستییدا ڕەسەنێتى بریتى بێت لە هەستێکى نۆستالیژى بۆ ڕابردووە کۆمۆنیستییەکە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button