ڕاپەڕین، بۆنەیەکى تەواونەکراو

بە بڕوای وەلید عومەر «ڕاپەڕین» بۆنەیەکى تەواونەکراوە، چارەنووسى خەڵکى کورد، ناڕوونە. خەڵک لە بیری ئەوەدایە ڕاپەڕین بەسەر ئەو ڕاپەڕینەدا بکاتەوە.

وەلید عومەر

نزیکەى دەیەیەک بەسەر یادى «ڕاپەڕین»دا تێپەڕیبوو کە خەڵک بیرۆکەى ڕاپەڕینى ئاوەژووکردەوە و بیرى لەوە دەکردەوە ڕاپەڕینێک بەسەر ئەو دەسەڵاتە کوردییەدا بکرێت کە ڕاپەڕینى وەک دەسکەوتێکى حیزبى پاوانکردبوو. ئێستا ئەو بیرۆکەیە بەجۆرێک لە جۆرەکان لە زەینى زۆرینەدا چەسپیوە: ئەوەى کە چۆن «ڕاپەڕین» بلکێنرێتەوە بە چەمکى خەڵک خۆیەوە، چونکە لەبنەڕەتدا خەڵک خاوەنى ڕاپەڕینە. لە سەرەتاى ڕاپەڕینەوە تا ئێستا، کۆمەڵێک خەڵکى دیاریکراوى حیزبى دەوڵەمەند بوون، و دەمێکە «خەڵک» وەک بکەرێکى سیاسى و کۆمەڵایەتى و تەنانەت ئاکارى لە «ڕاپەڕین» بێزارە. ڕاپەڕین وەک بۆنەیەکى مێژوویی هەر دەمێنێتەوە، بەڵام پێویستى بە گرێدانەوەى چەمکى خەڵکە بە ڕووداوەکەوە. دیارە ئەمەش کارێکى قورس و تەنانەت وێنانەکراویشە کە دەبێت چۆن بێت. تووڕەیی خەڵک لەم یادەدا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى کە حیزب لەسەر بۆنەیەکى مێژوویی خۆى دەوڵەمەندکرد. لە ئاستى مەعنەوى و سیمبوڵییشدا، خۆى کرد بە جێگرەوەى نەتەوە و دەوڵەت و هتد. بۆنەیەکى جەماوەرى، کاتێک دەچێتە خزمەتى بەرژەوەندیی کەمینەیەکەوە، ئیتر بۆنەکەش تووشى نەفرەتێکى کاتى دێت.

دەیەى یەکەمى پاش ڕاپەڕین، شەڕى ناوخۆ ڕاستەوخۆ ڕوودەدات. دەیەى دووەم، گومان لە ڕوودانەوەى شەڕى ناوخۆ هەیە، و لە دەیەى سێیەمیشدا حیزبە کوردییەکان دەبنە خاوەنى کۆمەڵێک بەرژەوەندیی زەبەلاح کە هەر خۆیان نایانەوێت شەڕى ناوخۆ ڕووبداتەوە

وێڕاى ئەمەش، «ڕاپەڕین» بۆنەیەکى تەواونەکراوە: چارەنووسى خەڵکى کورد، ناڕوونە. کۆمەڵگاکە لەنێوان بنیاتنان و دانپیاناندا، لە کۆمەڵێک قەیراندا دەژى. ئیدى چ لە پەیوەندىدا بە خۆیەوە وەک نەتەوە، چ لە پەیوەندىیشدا بە دەرەوە و چواردەور و دەوڵەتى ناوەندییەوە. گەر هەرێمى کوردستان، دیفاکتۆیەک و قەوارەیەکى ڕاگیراویش بێت لەلایەن چەند هێزێکى نێودەوڵەتییەوە؛ ئەوا ئەو مێژووە پاکناکاتەوە کە پاش ڕاپەڕین لەلایەن دەسەڵاتى حیزبییەوە درووستکراوە. مێژوویەک کە لە دیوى ناوەوە، بەجۆرێک لە جۆرەکان، مێژووى “شەڕى ناوخۆ”یە. لە هەندێک خوێندنەوەى تایبەتدا، چەند دەیە پێش ڕاپەڕینیش هەر شەڕى ناوخۆ بە فاکتێکى سیاسى و کۆمەڵایەتى وەردەگیرێت و ڕاپەڕین نابێتە خاڵى پچڕان. گەر لەوە بگەڕێین، ئەوا دەیەى یەکەمى پاش ڕاپەڕین، شەڕى ناوخۆ ڕاستەوخۆ ڕوودەدات. دەیەى دووەم، گومان لە ڕوودانەوەى شەڕى ناوخۆ هەیە، و لە دەیەى سێیەمیشدا حیزبە کوردییەکان دەبنە خاوەنى کۆمەڵێک بەرژەوەندیی زەبەلاح کە هەر خۆیان نایانەوێت شەڕى ناوخۆ ڕووبداتەوە. دەستەواژەى «شەڕى ناوخۆ» تا ئەم چرکەیەش وەک تازەکەرەوەى بەرژەوەندییەکان بەکاردەهێنرێت بێ ئەوەى پارتى و یەکێتى بیانەوێت ڕووبدات. بۆ نمونە، لە توندبوونەوەى گرژییە حیزبییەکانیاندا، وەک چاکەیەک بە خەڵکى دەفرۆشنەوە کە «ئێمە ناهێڵین شەڕى ناوخۆ ڕووبداتەوە». ئەم حوکمە، بێ ئەوەى شتێک لە واقیعى سیاسى و کۆمەڵایەتى و ئابورى بگۆڕێت، ئەوە لاى خەڵک جێگیردەکات کە ئەوان ناهێڵن شەڕى ناوخۆ ڕووبدات. بەڵام ئاشکرایە ڕوونەدانى شەڕى ناوخۆ، بە هیچ جۆرێک دەسکەوت نیە، بەڵکو پاشەکشەیەکى شاراوەشە. ڕوونەدانەکەشى، وەک ئاماژەمان پێ کرد، بۆ هێشتنەوەى قازانج و دەسکەوتە کەسەکى و بنەماڵەییەکانە (دڵخۆشى و خەندەبارانى حیزبییە کوردەکان لە بۆنە و کۆڕبەندەکاندا ئەو گومانە ڕەوایە لاى مرۆڤ درووستدەکات کە ئەوان لە خراپترین دۆخیشدا هەر براوەن).

لە توندبوونەوەى گرژییە حیزبییەکانیاندا، وەک چاکەیەک بە خەڵکى دەفرۆشنەوە کە «ئێمە ناهێڵین شەڕى ناوخۆ ڕووبداتەوە». ئەم حوکمە، بێ ئەوەى شتێک لە واقیعى سیاسى و کۆمەڵایەتى و ئابورى بگۆڕێت، ئەوە لاى خەڵک جێگیردەکات کە ئەوان ناهێڵن شەڕى ناوخۆ ڕووبدات

جیا لەمەش، هێشتا هەر دەستەواژەى «شەڕى ناوخۆ»، دەلالەت لەوە دەکات «ڕاپەڕین» نەگەیشتووە بە غایەتى عەقڵانیی خۆى، ڕووداوێکە بەڕێوەیە و ناکرێت لە حیزبایەتییدا کورتبکرێتەوە (گەرچى پارادۆکسەکە لەوێشدایە کە حیزب هێشتا کۆتاسنورى سیاسیی کوردە). کۆتاسنور، بەو مانایەى کە چارەنووسى کۆى سیاسەت و ژیانى ڕۆژانەى خەڵکیش دیاریدەکات. هەڕەشەى شەڕى ناوخۆ، هەڕەشەى دوو ئایدیا نیە دژى یەکتر، بەڵکو هەڕەشەیەکى بەدەویی ناجدیی کۆمەڵێک مرۆى حیزبییە لەسەر هەژموونى تاکەکەسى. ڕەنگە وەڵامێکى شووم و ڕیشەیی هەر ئەوە بێت، هەروەکو حەکایەتى ژنە عەیارەکە ڕووەو ئەو پیاوەى هەڕەشەى سێکسى دەکرد، بگوترێت: “گەر دەتوانن فەرموون بیکەن”. بە مانایەکى تر، کاتێک فەوزایەکى سەرتاپاگیرى سیاسى و کۆمەڵایەتى و دەروونى لەئارادا بێت، شەڕى ناوخۆ خۆنواندنێکە و هیچى تر. یان بەپێى حیکمەتە سیاسییە کۆنەکە، کاتێک شەڕى ناوخۆ خۆى بەپێى پێویست هەیە، چ پێویست بە «شەڕى ناوخۆ» دەکات؟ ئاخۆ، ئەمە نکۆڵى نیە لەوەى کە شەڕێکى بەرینتر و ڕیشەییتر خۆى هەر هەیە؟

«ڕاپەڕین» نەگەیشتووە بە غایەتى عەقڵانیی خۆى، ڕووداوێکە بەڕێوەیە و ناکرێت لە حیزبایەتییدا کورتبکرێتەوە

تا ئەم دواییانەش، کۆمەڵگا بۆ ئێمە چەمکێکى میدیایی بووە. کۆمەڵگاى ئێمە، کۆمەڵگایەکى مەجازى بووە، بە میدیا پێکەوەنراوە، وامانزانیوە هەر ئەوەیە کە هەیە. بەڵام کۆمەڵگاکە لەولاوە بنکێکى واقیعى و ڕەقى هەیە. وێنە میدیاییەکە تێیدا کورتدێنێت. میدیای حیزبى لەپاش ڕاپەڕینەوە، واتە هەر لەسەرەتاوە، ڕۆڵێکى گەورەى لەم وێنە میدیاییەى کۆمەڵگادا هەبووە. هەم ئەو پەرتەوازەییە کۆمەڵایەتییەى بەزۆر لکاندووە بە یەکترەوە، و هەم کێشەکانیشى وەک شتى ڕاگوزەر دەخستەڕوو (ئۆپۆزسیۆنیش لە کۆدا درێژکراوەى ئەم ئەزموونەى پاش ڕاپەڕینە لەم ڕووەوە). ئێستا ئیتر ئەو وێنەیەش شکاوە و هەمووکەس بەر واقیعیترین کێشەکانى ژیانى خۆى دەکەوێت. درووشمە نەتەوەییەکانى سەر زارى حیزب ئەفسوونى شکاوە، وێنەى شاخ کەوتووە، بەڵێنەکان کەوتوون- جۆرێک نیهیلیزمى سیاسى لەناو خەڵکدا بڵاوبووەتەوە کە هیچ ناکرێت و هیچ ناگۆڕدرێت. لە دۆخێکى وادا، ناوى «ڕاپەڕین» بەر لەوەى تەعبیر لە خۆى بکات وەک ڕووداوێکى دەستەجەمعى، تەعبیر لە شکستێکى هەمەلایەنە دەکات. پێش هەمووشى، شکست لە وێنەى کۆمەڵگادا بۆ خۆى: ئێمە کێین و چیمان دەوێت و دەبێت چى بکەین؟

کاتێک شەڕى ناوخۆ خۆى بەپێى پێویست هەیە، چ پێویست بە «شەڕى ناوخۆ» دەکات؟

بۆ ئەمەش بیرکردنەوەى ڕیشەیی لە تێپەڕاندنى حیزب، دەشێت هەنگاوى یەکەم بێت. لەجیاتیی درووشمى «جیاکردنەوەى دین لە دەوڵەت»، دەشێت پێویستمان بە جیاکردنەوەى حیزب بێت لە حکومەت و چاکەى گشتى. جیاکردنەوەکە، واتە خۆئامادەکردن بۆ دەرچوون لە پەروەردە و عەقڵى حیزبى کە عەقڵێکى سادە و سرووشتییە، و تێکەڵە بە کۆمەڵێک ڕقى سەرەتایی و بەرژەوەندیی هەنوکەیی. ڕاپەڕین ئەودەم یەکەم غایەتى خۆى دێنێتەدى کە حیزب بەم فۆرمە باوە کوردییە تێپەڕێنرێت: دەشێت هێز و هاوکێشە دەرەکییەکان کاریگەرییان لەسەر سیاسەت و بازاڕ و ئاسایش هەبێت، بەڵام سەرەنجام چارەنووسى ناوەکیی خەڵک بەستراوەتەوە بە خۆیانەوە- بەوەى کە لە هەموو ڕووەکانەوە جەنگى خۆناسین و خۆهەڵکۆڵین بکرێت. خۆهەڵکۆڵین جیایە لە خۆکووتین کە ئەمڕۆ کادرە چەکدارەکانى دوێنێى شاخ، لەڕێگەى نوسینەوەى یاداشتەکانیانەوە، ڕاپەڕینیشى پێوە دەکوتن و هیچ “ئیرۆس”ێک ناهیڵنەوە. دەستگرتن بە چەمکى “خەڵک”ـەوە، دەستگرتنە بەو ماتەوزانەشەوە کە دەشێت ڕاپەڕین لەخۆیدا هەڵیگرتبێت.

درووشمە نەتەوەییەکانى سەر زارى حیزب ئەفسوونى شکاوە، وێنەى شاخ کەوتووە، بەڵێنەکان کەوتوون- جۆرێک نیهیلیزمى سیاسى لەناو خەڵکدا بڵاوبووەتەوە کە هیچ ناکرێت و هیچ ناگۆڕدرێت

دەبێت خاڵێک هەبێت لێوەى بچینە ناو مێژووەوە، ئەم خاڵەش بە یەکجار ڕوونادات، ڕووشبدات پێویستى بەوەیە بەردەوام بیرى لێ بکرێتەوە. ئەوەى ئەمڕۆ بە ئەزموونى «باشور» ناودەبرێت، بە هەموو وێرانکارى و گەشەکانیەوە، مایەى پیاچوونەوە و تێهەڵچوونەوەى تیۆریی زیاترە.

 دەستگرتن بە چەمکى “خەڵک”ـەوە، دەستگرتنە بەو ماتەوزانەشەوە کە دەشێت ڕاپەڕین لەخۆیدا هەڵیگرتبێت

ئێمە کۆمەڵگایەکین لە سەرەتاى زۆر شتداین، پێویستدەکات توێ‌توێ ئاگاییمان بکەینەوە، چینە خەفەکراوەکانى هۆشیارییمان ئاوەڵابکەین: زۆر شت هەن پێى نەگەیشتووین، دەترسین، بەڵام لەگەڵ گەیشتن و ئەزموونکردنیدا تێدەگەین مایەى ئەو هەمووە ترسە نەبووە. سیفەتى ئازادبوون خۆى بەم جۆرەیە: لەگەڵ ئازادبووندا، تێدەگەین ئازادى ئەو ترسە زۆرەشى نەدەویست. ئازادى، پاداشتى خۆى لەگەڵ خۆیدا دێنێت. قەرەبووى ئەو زەحمەت و ترس و وەهمە ئەزێتدەرانە دەکاتەوە کە خەریکى کردبووین. «ڕاپەڕین» لەم ڕووەوە بۆ هەمیشە وەک یادێکى ئاوەڵا و نوێ دەمێنێتەوە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button