ڕامانێکى کورت لە چەمکى “پەشیمانى”

(٢-٢)..لە مێژوودا هیچ دەسەڵاتدارێکمان نیە کۆى کۆمەڵگا بەدەستبێنێت، مەگەر لاى هەندێ ئەندامى کۆمەڵگا کە ئەوانیش کۆى کۆمەڵگا و مرۆڤایەتى نین.

گەر پەشیمانى ناوێک یان چەترێکى کۆکەرەوەى چەمکایەتى بێت بۆ “هەستى گوناهـ, خۆسەرزەنشتکردن, حەسرەت, پاشەکشە و پووچەڵکردنەوەى کارێک, و هتد”, ئەوا هەمووى لە چیرۆکى “باوککوژیی سەرەتایی”دا جێى‌دەبێتەوە. چیرۆکێک کە دەتوانین زۆر بەسادەیی بیخەینەڕوو: لە سەرەتاى مێژووەوە, بەر لەوەى کەلتور و شارستانییەت درووست ببێت, باوکێکى پاوانخواز و تۆقێنەر هەبوو. ئەم باوکە, دەستى بەسەر کۆى سەرچاوەکانى چێژدا گرتبوو, هەرچى ژن بوو بۆ ئەو بوو, و هتد. کوڕەکانى ئەم باوکە بێبەش بوون, کۆمەڵێک براى مەحرووم و بێدەسەڵات بوون. ڕۆژێک یەکیانگرت و تفیان لە چارەى باب کرد و کوشتیان. لە ساتى کوشتنەکە بەدواوە, کۆمەڵگا و کەلتور و یاساکانى لەدایکبوون. بەر لەوە “دۆخێکى سرووشتى” بوو, وەک‌بڵێى “دۆخى مەدەنى” نەهاتبووە ئاراوە. چێژ دابەشنەکرابوو, یاسا درووست نەببوو, بۆیە کوشتنەکە بوو بە چەقى چێژ و یاسا. دوایی چێژێک بەر براکان کەوت و یاسایەکیش درووست بوو کە کەس بۆى نیە ببێتەوە بە باوکە سەرەتاییەکە. کوشتنەکە, واى نەکرد چێژەکان بەڕەهایی ئەزموونبکرێن, بەڵکو لە سیاقێکى نوێدا چێژى سنوردارکردەوە. ئەوان دواتر نەیانتوانى دەستیان بە کۆى ژنەکاندا بگات, بەڵکو دەبوو سنورێکى قەدەغە هەبێت بەناوى “تابۆ” کە پرسى چێژیان بۆ ڕێکبخات. ئەو جڤاتەشى هاتەبوون, هەروا بێ‌سەرێشە نەبوو, بەڵکو هەستێکى پەشیمانیی قووڵ چووە نێو دەروونى هەریەک لە براکانەوە, واتە ئەندامانى کۆمەڵگا تازەکە. ئەم پەشیمانییە, لە ناوە پسپۆڕییەکەیدا بریتییە لە “هەستکردن بە گوناهـ”. تاوانێک ئەنجامدرابوو, ئێستاش دەبێت باجى تاوانەکە بدرێت, باجەکەش فیزیکى نیە تا کەسێک بێتو تۆڵەى جەستەیی باوک بکاتەوە, بەڵکو باجێکى نەستەکیی دەروونییە و ڕۆدەچێتە کۆئەندامى دەروونیی کوڕەکانەوە. ئەم کوڕانەش, هەریەکە لە ئێمەى ئەندامانى کۆمەڵگاى مرۆیین. کۆمەڵگاى مرۆیی, خۆیشى بەرهەمى ئەو هەستکردن بە گوناهەیە. واتە, ئەو کوشتنەى کە بووە بەردى بناغەى کۆمەڵى مرۆیی, کۆمەڵێک سنوردارى و قەدەغە لە هەناوى کۆمەڵى مرۆییدا جێبهێڵێت نەتوانین بیبەزێنین. دایم ڕاڕاین لەوەى دەتوانین چ  بکەین و چ نەکەین, باوک تا کوێ ڕازییە و تا کوێ ڕازى نیە, یاسا چ سزایەک دەسەپێنێت و چ ناسەپێنێت, و هتد. هەموو چالاکییە مرۆییەکان, بە خۆیان سنور و شکست و سەرکەوتنەکانیشیانەوە, شوێنەوارى ئەم کوشتنە سەرەتاییەن. هێند هەیە فۆرمى چالاکییەکان جیابوونەتەوە, نامۆ بوون, ناوەڕۆک و چارەنووسى تریان گرتووەتەبەر.

پاش کوشتنەکە, دەرکەوت بەبێ باوک نامانکرێت, پێویستمان بە باوکى ترە کۆمەڵ ڕێکبخات. بۆیە گەر یەک باوکى گەورە لەسەرەتاوە کوژرابێت, بەسە. دواتر, زنجیرەى باوکەکان یان ئایدیاى باوکێتى بەجۆرى دیکە بووەوە بە پێویستى. بۆیە کوشتنەکە لە شێوەى ئەو بریکارەدا هاتە نێو مرۆڤەکانى کۆمەڵەوە کە پێى‌دەوترێت «سوپەرئیگۆ». سوپەرئیگۆ, بریکارە, وەکیلى باوک, ئیدى باوکەکە با کوژراویش بێت, بەڵام شوێنەوارەکەى و ئۆتۆریتەکەى و تارماییەکەى بۆ کۆمەڵ پێویستە. ئێمە لە ئاستى خێزانى و بایۆلۆژییدا, هەریەکە باوکێکمان هەیە, بەڵام ناتوانێت ببێتەوە بە باوکە سەرەتاییەکە. باوکەکان تازە میراتگر و شوێنەوارى باوکە گەردوونییە کوژراوەکەن. لەو بچوکترن, بەشەکییترن. بە مانایەکى تر, کەلتور و یاساکان شوێنگرەوەى ڕاستەقینەى باوکە سەرەتاییەکەن. ئەو کوژرا, تاکو کەلتور و یاساکانى بێنەئاراوە. بەم پێیە, باوکە بەشەکى و خێزانییەکانیش دەبنە شوێنکەوتەى کەلتور و یاساکان. تا کەلتور و یاسا مابێت, ئایدیاى باوکیش دەمێنێت. شتەکە پەیوەندیی بەوەوە نیە باوکێکى بایۆلۆژیی بەشەکى لێرە و لەوێ بکوژرێت یان نا. هەتا پەیوەندیی بەوەشەوە نیە کەسێک لە ئاستى تاکەکەسدا باوکى هەبووبێت یان نا. ئایدیاى باوک, بەشێوەیەکى ئۆرگانى بەستراوەتەوە بە کەلتور و یاساکان و فەرمانەکانەوە. تۆ لە تەنیایی و  چۆڵەوانییەکیشدا, فەرمانگەلێت بەسەر خۆتدا دەکەیت. فەرمانەکان, وەک دەرکەوتەى یاسا و کەلتور, ئامادەیی باوکن لە غیابى فیزیکیی خۆیدا. بۆیە ڕاستەوخۆترین ئامادەیی یاسایی و کەلتوریی ئەو لەو بریکارەدایە کە ناوى “سوپەرئیگۆ”یە. گەر سوپەرئیگۆ نەبێت, کۆمەڵ تووشى پشێوییەکى تر دەبێت کە لەوەى ڕۆژگارى باوکە سەرەتاییەکە خراپترە. سنورى باش و خراپ, تاوان و سزا, خۆش و ناخۆش نامێنێت. سوپەرئیگۆ گوزارشت لەوەش دەکات ئێمە تاوانێکمان ئەنجامداوە کە ئاوێتەیە بە پەشیمانى. ئەو هەستەى پاش تاوانەکە مرۆڤایەتیی گرتەوە, پەشیمانییەکى تاڕادەیەک بەکۆمەڵ بوو دەرهەق بەوەى باوک “خراپەى ڕەها” نیە. سوپەرئیگۆ, دوو دیوى هەیە: دیوێکى نەرێنى و دیوێکى ئەرێنى. هەردووکیشى دەچێتەوە سەر وێنەى باوک. دیوە نەرێنییەکە ئەوەیە دەمانترسێنێت, هەڕەشەى خەساندنمان لێ دەکات, کۆى چێژەکانمان لێ زەوت دەکات. دیوە ئەرێنییەکەشى ئەوەیە دەمانپارێزێت, لە چنگى مەترسییەکانى دونیا ڕزگارماندەکات, سەرەنجامیش ئایدیاڵێکە تا لاسایی بکەینەوە, ئیگۆ بتوانێت لاسایی دیوە ئەرێنییەکەى سوپەرئیگۆ  بکاتەوە (ئایدیاڵ ئیگۆ). گەر یەکەمیان, ترسێک لە دەروونى ئەندامانى کۆمەڵگادا بچێنێت و سنورساز بێت, دووەمیان مایەى گەشە و هەڵکشانە. یاسا لەناو کۆمەڵگاى مرۆییدا, خاڵى یەکتربڕینى هەردوو دیوەکەى باوکە: یاسا ناهێڵێت خۆمان بکەین بەناو سنورى ئەویتردا, دەبێت ئازادى و کەرامەتى ئەویتر بپارێزین, سزایەک هەیە. هاوکات, دەرفەتى ئەوەشمان دەداتێ بڕێک چێژ بەدەستبێنین (لە زمانى سیاسەتدا بەمە دەوترێت ماف). گەر نمونەیەکى زۆر ڕۆژانەیی بێنینەوە, یاساى هاتوچۆ لە ترافیکدا هەردوو ئیمکانەکە کۆدەکاتەوە: تۆ نابێت سنورى ئەوانیتر ببەزێنیت, دەبێت بوەستیت, یان بە زمانى دەروونشیکارانە «تۆ ناتوانیت کۆى چێژى جادە بەسەریەکەوە بەدەستبێنیت, بۆیە دەبێت بوەستیت- تۆ باوکى سەرەتایی نیت, کوڕى نیوەپەشیمانى ئەو باوکەیت». ژویسانسى جادەوبان لەم نمونەیەدا, بۆ هەموانە. دەبەخشیت و دەبەخشرێیت, بەشى ئەوانیتر دەدەیت, و بەشت دەدرێت. تازە باوکى سەرەتایی نەماوە و دەقاودەقیش دووبارەنابێتەوە, بۆیە هەرکەس بیەوێت لاسایی بکاتەوە پێشوەخت تیاچووە. لە مێژوودا هیچ دەسەڵاتدارێکمان نیە کۆى کۆمەڵگا بەدەستبێنێت, هەتا هیچ خودایەکمان نیە توانیبێتى خۆى وەک تاکەخودا بمێنێتەوە (مەگەر لاى هەندێ ئەندامى کۆمەڵگا کە ئەوانیش کۆى کۆمەڵگا و مرۆڤایەتى نین).

کوشتنى باوکە, بووەتە بونیادێک, بۆیە پەشیمانییش بونیادە, و سەرەنجامیش دەستنەگەیشتن بە چێژى ڕەها هەمیسان بونیادە. گەر لە کۆمەڵگاى کۆیلایەتیدا, خاوەن کۆیلە ویستبێتى ڕۆڵى باوکە سەرەتاییە هەمەتواناکە بگێڕێت, تووشى بنبەستى باوکێتیی خۆى هاتووە, چونکە بێجگە لەوەى ئەگەرى شۆڕش هاتووەتەئاراوە, خاڵە ناسکە تیۆرییەکە لەوێدایە کە بەبێ شۆڕشیش ئەو هەر نەیدەتوانى بگاتە مەقامى ڕەهاى باوکێتى. یان لە دەرەبەگایەتییدا, دەرەبەگێک ویستبێتى ڕەعیەت ڕاپێچبکات, دیسان سەرەنجام نوشوستى هێناوە. لە کۆمەڵگاى مۆدێرنى سەرمایەدارىیشدا, چینێک یان کەمینەیەک ناتوانن بەتەواوى بێ‌نیاز لەوانیتر. ترس لە قەیران و ڕاپەڕینى خەڵک, ناهێڵێت باوکە سەرەتاییەکە بەو شێوە ئاسانە جیهان داگیربکات. ڕێچارى مارکس, بەم مانایە, بۆ ئەوە بوو کۆمەڵێکى مرۆیی بێ‌چین درووست‌ببێت کە کەس لەخۆڕا خەون بە باوکى سەرەتاییەوە نەبینێت. بەڵام نە هەستى پەشیمانیی پاش باوکى سەرەتایی و نە ڕێچارە مرۆییەکانیش هیچیان نەیانتوانیوە مرۆڤ بخەنە سەر ڕاستەڕێیەک کە خەون بە باوکى سەرەتاییەوە نەبینێت. مرۆڤەکان بەو هەستى نەدامەتییەوە, هێند عاشقى ئەو باوکە سەرەتاییەن کە سەدبریا لە شوێنى ئەو دەبوون. بۆیە لەناو چەمکى «واقیع»دا, چەمانەوەیەک هەیە لە ئاستى سادەدا پێى‌دەوترێت “خەیاڵ” و لە ئاستى چەمکایەتییشدا پێى‌دەوترێت “فەنتازیا”. ئەم چەمانەوەیەى ناو واقیع بۆیە داهێنراوە یان درووستتر بڵێین «داهاتووە» تاکو هەرکەس لە خەیاڵدانى خۆیدا بچێتە جێى باوکە سەرەتاییەکە.واقیعى کۆمەڵایەتى پاش کوشتنى باوک ئەو بوارەى نەهێشتووەتەوە کەسێک لەسەر بنجى باوک بڕوێتەوە و ئیمکانەکانى بۆ خۆى کۆپى‌بکات, بۆیە بەشێک لە مرۆڤ و توێژە کۆمەڵایەتییەکان بەو هەڵەیەدا دەڕۆنەوە, و بەشێکى زۆرتریش پەنا بۆ ئەو سووچەى واقیع دەبەن کە خەیاڵییە. ئەم دیوە خەیاڵییەى واقیع, کۆمەڵێک ئەرک و کارکردى بۆ مرۆڤ هەیە. دەشێت یەک لەوانە, چارەکردنى ئەو خۆزگەیە بێت هەرکەس بیەوێت ببێتەوە بە باوکە سەرەتاییەکە. ئێمە لە ئاستى واقیع و پانتایی ڕەمزییدا, ناتوانین ببینە باوکە ڕەهاکە, بەڵام لە کونجى خەیاڵاتدا دەتوانین ئەو هاوشوناسییە بکەین, خەونى پێوە ببینین. لێرەوە ئەوپرسیارە گرنگە درووستدەبێت: گەر ئەم کونجە خەیاڵى و فەنتازییە نەبووایە, کۆمەڵى مرۆیی دەیتوانى چەندە بەردەوام بێت؟ ئاخۆ کوشتارێکى گەورەترى لەوەى باوکە سەرەتاییەکە درووست نەدەبووەوە؟

لە گۆشەیەکى ترەوە دیسان دەتوانین سەیرێکى چیرۆکە بنیاتنەرەکەى کۆمەڵى مرۆیی بکەین سەبارەت بە کارکردى باوک. گەر باوک نەبێت,ئێمە تووشى دەروونپەشێوى (سایکۆسیس) دەبین, واتە سنور نامێنێت لەنێوان ئێمە و دەرەوەماندا, نێوان ڕەوا و ناڕەوا, نێوان یاسایی و نایاسایی. گەر باوکیش هەبێت, تووشى عوساب (نیورۆسیس) دەبین. عوساب, ناوێکى گشتییە بۆ ئەو تێکچوون و نەخۆشى و ناهاوسەنگییانەى کە لە ئەنجامى چەپاندنەوە دەکەونەوە. گەر باوک هەبێت, ناچارین شتگەلێک بچەپێنین, چەپاندن هێشتا نۆرماڵترە بەراورد بە دەروونپەشێوى. لە دەروونپەشێوییدا, چەپاندن نامێنێت, جۆرێک شێتى ڕوودەدات کە سەرلەبەرى ژیانمان هەڵدەتەکێنێت. بۆیە شارستانییەت و کۆمەڵى مرۆیی, فەزڵى عوسابى داوە بەسەر دەروونپەشێوییدا, بڕێک چەپاندنى هەڵبژاردووە وەک لەوەى چەپاندن لەئارادا نەمێنێت. ئەو پەشیمانییەى پاش کوشتنى باوکە سەرەتاییەکە لە مرۆڤەکاندا درووستبوو, بوو بە ژێرخانى چەپاندنیش. هەرکەس لە توخمى مرۆڤ, هەڵگرى بڕێک چەپاندن (repression)ـە. بۆ ئەوەى لەناو کۆمەڵى مرۆیی و ئاڵوگۆڕەکانیدا جێت بێتەوە, دەبێت ڕیزێک شتت چەپاندبێت. چەپاندن لە بن هەموو شتێکدا هەیە. پێویست ناکات مرۆڤ دوور بڕوات, زمان خۆى لانکەى چەپاندنە. هەر وشەیەک, غیابى وشەیەکى تر و مەبەستێکى تر و سەرەنجامیش ئارەزوویەکى ترە. ڕەنگە باوکى سەرەتایی توانیبێتى هەموو شت بڵێت, هەمەتەعبیر بێت, پاشاى زمان بووبێت. بەڵام ئێمەى نەوەکانى ئەو, ناتوانین هەموو شت بڵێین: ملیۆنان میدیا لە سەر زەوى, بەو فرەوێژییەى خۆیانەوە, دەیانەوێت ببنەوە بە باوکى سەرەتایی کە دەستى بە کۆى زمان و دەربڕیندا دەگەیشت, بەڵام ناتوانن. مادام ئەویتر هەیە, چەپاندیش هەیە, هەرکات خزاینە ناو خۆمانەوە و ڕایەڵەمان بە واقیعەوە نەما, ئەودەم چەپاندن نامێنێت: بەڵام جیهانیش لەگەڵ خۆماندا وندەکەین.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button