
ژنێکی بەریتانی هیوای بوون بە دایکی بۆ گەرایەوە دوای ئەوەی خوشکەکەی منداڵدانی پێ بەخشی و بە نەشتەرگەری بۆی دانرا، ئەوەش یەکەم نەشتەرگەریی دانانی منداڵدانە لە بەریتانیا.
خوشکە بەخشەرەکە تەمەنی 40 ساڵە و دوو منداڵی هەیە و پلانی نییە منداڵی دیکەی ببێت، خوشکە وەرگرەکەش تەمەنی 34 ساڵە و هەر لە زگماگییەوە بەهۆی حاڵەتێکی دەگمەنەوە، منداڵدانی گەشەی نەکردووە، بەڵام هێلکەدانی ساغە و توانای بەرهەمهێنانی هێلکە و هۆڕمۆنە مێینەکانی هەیە.
بەپێی راپۆرتی بی بی سی بەریتانی، ئەو دوو خوشکە کە رەتیانکردووەتەوە ناویان ئاشکرابکرێت، سەرەتای مانگی شوباتی رابردوو لە نەخۆشخانەی چەرچڵ لە زانکۆی ئۆکسفۆردی بەریتانیا نەشتەرگەرییەکەیان بۆ ئەنجامدرا کە نۆ کاتژمێری خایاندووە و ستافێکی 30 کەسی کاریان تێدا کردووە.
پرۆفیسۆر ڕیچارد سمیس، یەکێک لە پزیشکە سەرەکییەکانی نەشتەرگەرییەکە گوتی “ئەوە سەرکەوتنێکی مەزنە، هەست ئەکەم پڕفشارترین هەفتەم بووە لە ماوەی کارکردنم وەک پزیشکی نەشتەرگەری، هەردوو بەخشەر و وەرگر زۆر زۆر دڵخۆش و ساغ و سەلامەتن و گەراونەتەوە بۆ ژیانی ئاسایی خۆیان.”
گوتیشی، “لە یەکەم بینینی خوشکە وەرگرەکە دوای نەشتەرگەرییەی، دۆخێکی سۆزداریی سەیر بوو، هەموومان دەستمان کرد بە گریان، بەراستی ساتێکی پڕبەها و سەیر بوو.”
بڕیارە ساڵی داهاتوو خوشکە وەرگرەکە نەشتەرگەری دانانی منداڵی بلوریی بۆ ئەنجامبدرێت، ئیزابێل کویرۆگا، پزیشکێکی دیکەی بەشداریبووی نەشتەرگەرییەکە گوتی، “هەست بە شانازییەکی زۆر دەکەم لەو سەرکەوتنەی بەدەستمان هێناوە”.
دەشڵێت، “وەرگرەکە دەیەوێت نەک منداڵێک، بەڵکو دوو منداڵیشی ببێت، منداڵدانی بە تەواوی کاردەکات و ئێمەش زۆر لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەین.”
بڕیارە ماوەی پێنج ساڵ منداڵدانەکە لە جەستەی وەرگرەکەدا بمێنێتەوە و دواتر لاببرێت، نەشتەرگەرییەکە 32 هەزار دۆلاری تێچووە کەلەلایەن رێکخراوی خێرخوازی چاندنی منداڵدان لە بەریتانیا کۆکرایەوە. لەئێستادا 500 ژنی دیکە پەیوەندییان بە رێکخراوەکە کردووە بۆئەوەی هەمان نەشتەرگەری ئەنجام بدەن، بڕیارە پایزی ئەمساڵیش ژنێکی دیکە نەشتەرگەری بۆ بکرێت.
تاوەکو ئێستا نزیکەی 100 نەشتەرگەری چاندنی منداڵدان لە جیهاندا ئەنجامدراون و 50 منداڵیش لەدایکبوون، ئەوەش دوای ئەوەی توێژینەوەیەکی زانکۆی گوتەنبێرگی سویدی ئاشکرایکرد کە نەشتەرگەریی چاندنی منداڵدان “تەواو سەلامەت و سەرکەوتووە” بۆئەو کەسانەی کە ئەندامی چالاکیان نییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەزۆکی.