هەڵەبجە: تراژیک و تراژیدیا

وەلید عومەر لەم نووسینە تایبەتەیدا بۆ زووم، لە روانگەیەکی فیکرییەوە کارەساتی هەڵەبجە دەپشکنێت، پێیوایە هەڵەبجە بەرهەمی دیوە ئامرازییەکەی مۆدێرنە بووە.

وەلید عومەر

کۆمەڵگا، زۆرجار بە دوو مەبەست دەگەڕێتەوە سەر ڕووداوێکى تراژیک. یەکیان بۆ ئەوەیە نەهێڵێت دووبارەبێتەوە، ئەویتریشیان بۆ ئەوەیە لەناو دەقدا دووبارەى بکاتەوە (ژانرى تراژیدیا بەرهەمى ئەم ڕووداوە تراژیکەیە). کۆمەڵگاى ئێمە کە بە ناو چەندین ڕووداوى گەورەى تراژیکدا هاتووە، لە مامەڵەدایە بە هەردوو ئەگەرەکەوە: هەم وەسوەسەیەکى تیایە لەوەى فڵان ڕووداوى تراژیک دووبارەنەبێتەوە، هەم وەسوەسەیەکى دیکەش هەیە بۆ ئەوەى ڕووداوەکان بکرێن بە دەق. ژانرى تراژیدیا لە پێش سەردەمى مۆدێرندا، تایبەت بوو بەو پاڵەوانانەى چینى باڵادەست کە ڕووبەڕووى پرسێکى ئەخلاقیی گرنگ دەبوونەوە و سەرەنجامیش گیانى خۆیانیان تیا دەکردە قوربانى. بۆ نمونە ڕووبەڕووى هێزێکى خراپەکارى سەروو-سرووشتى دەبوونەوە و وەک سیمبوڵى چارەنووسى پڕکێشەى مرۆڤ دەدۆڕان. چارەنووسى مرۆڤ بۆیە تراژیک بوو، دەبوو لەگەڵ ئەو هێزانەدا بجەنگێت کە مەرگ و نەگبەتى و چەندین کارەساتى تریان بە سەر مرۆڤدا سەپاندووە، و مرۆڤ ناچارە ئاگاى لەم دۆخە وجودییەى خۆى بێت و بشژى. کاتێک دەوترێت ژیان تراژیدییە، ئاماژە بەو پارادۆکسە دەدرێت کە مرۆڤ ناچارە لە جیهانێکى پڕمەترسى دا بژى (هەم وشیارە بەوەى پڕمەترسییە، هەم دەشبێت ژیان ڕەتنەکاتەوە).

کاتێک دەوترێت ژیان تراژیدییە، ئاماژە بەو پارادۆکسە دەدرێت کە مرۆڤ ناچارە لە جیهانێکى پڕمەترسى دا بژى (هەم وشیارە بەوەى پڕمەترسییە، هەم دەشبێت ژیان ڕەتنەکاتەوە)

ئەم پارادۆکسەش، لە کۆندا ژیانى ئەخلاقى و کۆمەڵایەتیی پێکدەهێنا و بینەرانى ئەودەمى تراژیدیاکان خۆیان لەگەڵ پاڵەوانەکەدا هاوشوناسدەکرد و تووشى جۆرێک لە پاکژبوونەوەى دەروونى و ڕەوینەوەى هەڵچوونە دەروونییەکان دەهاتن. ئۆدیب، ئەنتیگۆنا و چەندین تراژیدیاى تر کاریان لەسەر ئەم دۆخە مرۆییە کردووە. لە سەردەمى مۆدێرندا، بۆ نمونە لە شکسپیر بەدواوە، تراژیدیا تاکەکەسى دەبێتەوە، پەیوەستدەبێت بە ژیانى کەسێک و کەسانى ئاسایی کۆمەڵگاوە. کۆمەڵگاى مۆدێرن (بەتایبەت لە گەشە خۆرئاواییەکەیدا)، کۆمەڵگایەکە چیدى ئەو یەکێتییە ئەخلاقییەى پێشمۆدێرنى نیە، بۆیە تراژیدیا دەبێتە چیرۆکى کەسێکى سەربەخۆى نامۆ کە بە هەر هۆکارێک بێت باوەڕى جارانى بەو یەکێتییە توندوتۆڵە ئەخلاقییەى نێوان خۆى و کۆمەڵ نامێنێت. وێڕاى ئەمەش، درامى تراژیدى، لەم جیهانە نامۆ و پارچەپارچەیەى مۆدێرندا درێژە بە ژیانى خۆى دەدات.

تراژیدیاى بوون ئەوەیە کە مرۆڤ دەسەڵاتى بەسەر چارەنووسدا ناشکێت، بۆیە ناچارە بە شێوەیەکى ڕێژەیی بیر لە گۆڕینى چارەنووسە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکەى بکاتەوە. مارکسیزم کە فیکرێکى مۆدێرنە و لەناو مۆدێرنەدا شتەکان پۆڵێندەکاتەوە، تراژیدیا لەو مانایانەى پێشوو دەردەکات و دەیبەستێت بە هێزە گەورە و پەتییەکانى دونیاى نوێوە کە هیچ پاڵەوانێکى شەخسى و هیچ تاکێکى گۆشەگیرى کۆمەڵگا ڕۆڵێکى ئەوتۆى تیا ناگێڕن. تراژیدیا دەبەسترێت بە بازاڕ و دەوڵەتەوە کە دوو هێزى گەورە و پەتیین. تراژیدیا چیدى بەدواى ماناى چارەنووس و ژیان و جەنگى خوداکاندا ناچێت، هەتا تاکەکەسى ناو تراژیدیا مۆدێرنەکانیش دەبەستێت بە پارە و سەرمایە و کۆپەیوەندییە سیاسى و ئابورییە تازەکانەوە. تاک ناتوانێت هەروا بەئاسانى لە ئاستى تاکەکەسییانەى خۆیدا ڕووبەڕووى ئەم هێزانە ببێتەوە. چینە کۆمەڵایەتییە چەوساوەکان، دەتوانن بیر لە گۆڕینى ئەو دۆخە تراژیکەى سەرمایەداریی مۆدێرن بکەنەوە کە بەسەریاندا سەپێنراوە. چارەنووس چیدى لەلایەن بازاڕ و خواوەندەکانى سەرمایەوە هەڵدەسوڕێنرێت. دەتوانین بڵێین “مانیفێستى کۆمۆنیست”، کە مارکس و ئەنگڵس نوسیویانە، درامێکى نوێى تراژیدییە کە دۆخى نوێى مرۆڤ لە مۆدێرنەى کەپیتالیستییدا وێنادەکات.

چینە کۆمەڵایەتییە چەوساوەکان، دەتوانن بیر لە گۆڕینى ئەو دۆخە تراژیکەى سەرمایەداریی مۆدێرن بکەنەوە کە بەسەریاندا سەپێنراوە. چارەنووس چیدى لەلایەن بازاڕ و خواوەندەکانى سەرمایەوە هەڵدەسوڕێنرێت. دەتوانین بڵێین “مانیفێستى کۆمۆنیست”، کە مارکس و ئەنگڵس نوسیویانە، درامێکى نوێى تراژیدییە کە دۆخى نوێى مرۆڤ لە مۆدێرنەى کەپیتالیستییدا وێنادەکات

مۆدێرنەیەک کە بە دیوێکدا جۆرێک هۆشیاریی نوێى لەگەڵ خۆیدا هێناوە، بەڵام بەو دیوەى تردا کۆمەڵێک چەوساندنەوەى نوێ و پلەبەندیی نوێشى هێناوە کە دەبێت بەرەو کۆمەڵگایەکى تازەتر تێپەڕێنرێت. هەر بە کۆمەک لەم ڕەهەندە مارکسییە دەتوانین بڵێین، مۆدێرنە خۆى عەقڵێکى ڕەخنەیی و عەقڵێکى ئامرازییش لەگەڵ خۆیدا دێنێت کە یەکەمیان مایەى بیرکردنەوەیەکى نوێیە لە کۆى جیهان و مرۆڤ، ئەویتریشیان بەرهەمهێنانى کۆمەڵێک ئامرازى جیاجیایە کە دەتوانێت مرۆڤ کۆنترۆڵ بکات. بۆ نمونە، گەر درووشمگەلى وەک تاک، دیموکراسى، ئازادى، مافى مرۆڤ و هتد هاتبێتەکایەوە، ئەوا جەنگ و کوشتار و جینۆسایدەکانى سەدەى بیست، بەرهەمى عەقڵە ئامرازییەکەى مۆدێرنن کە لە چەک و تەکنیک و کۆنترۆڵکردندا خۆى خستەڕوو. کاتێک هەر لەو سەدەیەدا مۆدێرنە دەگاتە کۆمەڵگاکانى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست، دیوە ڕەخنەییەکە جێدەمێنێت و دیوە ئامرازییەکە دەکەوێتە دەست دەسەڵاتدارە ناسیۆنالى و دینى و سەرکوتکارەکان. هەڵەبجە، بەرهەمى ئەو دیوە ئامرازییەى مۆدێرنە بوو کە کەرەستەى پێویستى خستە بەردەم یەکێک لە سیستەمە خۆرهەڵاتییە ستەمکارەکان. کیمیایی و چەک و گازە کۆکوژەکان، کەرەستەیەکى مۆدێرن بوون بۆ پیادەکردنى ئەو ڕقە ئایدۆلۆژییانە (بە یاریدەى کۆمەڵێک دەوڵەتى مۆدێرن کە بە ئێستاشەوە دیوە ئامرازییەکە هەناردەى دەرەوەى خۆیان دەکەن).

مۆدێرنەیەک کە بە دیوێکدا جۆرێک هۆشیاریی نوێى لەگەڵ خۆیدا هێناوە، بەڵام بەو دیوەى تردا کۆمەڵێک چەوساندنەوەى نوێ و پلەبەندیی نوێشى هێناوە کە دەبێت بەرەو کۆمەڵگایەکى تازەتر تێپەڕێنرێت

دەشێت دۆخى تراژیکى مرۆڤ لە مۆدێرنەدا، بەتایبەت لە کۆمەڵگاکانى وەک ئێمەدا، ئەم ململانێیەى نێوان دیوى ئامرازى و دیوى ڕەخنەیی بێت. دەشێت تراژیدیاى مۆدێرن ململانێ بێت لەنێوان ئەم دوو دیوەدا کە یەکەمیان بەسەر ئەویتریاندا زاڵ دەبێت- گەرچى لە گۆشەنیگاى چەپگەراییانەوە، پێشوەخت دیوە ئامرازییەکە سەرکەوتووە و هیچکام لە درووشمە ڕەخنەیی و ڕۆشنگەرەکانى مۆدێرنە لەم سیستەمەدا مرۆڤ ناگەیەننە ڕزگارى.

هەڵەبجە، بەرهەمى ئەو دیوە ئامرازییەى مۆدێرنە بوو کە کەرەستەى پێویستى خستە بەردەم یەکێک لە سیستەمە خۆرهەڵاتییە ستەمکارەکان. کیمیایی و چەک و گازە کۆکوژەکان، کەرەستەیەکى مۆدێرن بوون بۆ پیادەکردنى ئەو ڕقە ئایدۆلۆژییانە (بە یاریدەى کۆمەڵێک دەوڵەتى مۆدێرن کە بە ئێستاشەوە دیوە ئامرازییەکە هەناردەى دەرەوەى خۆیان دەکەن)

بۆ کۆمەڵگاگەلى وەک ئێمەش، دەشێت تا داهاتوویەکى دوور ئەو پرسیارە وەک خۆى بمێنێتەوە کە چۆن سوود لەم دوو هێزە وەردەگرین؟ دەتوانین لە ناوەوە پەرە بە فەزایەکى ڕۆشنگەرانەى مۆدێرن بدەین، و لە دەرەوەڕاش چۆن خۆمان لە ئامرازە داپڵۆسێنەرە مۆدێرنەکان دەپارێزین کە بەدەست دەوڵەتانى سەردەستەوەیە. ئەو ڕووداوە تراژیکانەى بەسەر ئێمەدا هاتووە، هێشتا لە ئاسۆى تراژیدیاى مۆدێرندا بەزیندوویی ماونەتەوە: دوور نیە یەکێک لە هۆکارەکانى بیرچوونەوەى کارەسات لاى ئێمە بگەڕێتەوە بۆ ئەوەى کە ئەگەرى کارەسات هێشتا خۆى هەر هەیە (سى ساڵ ئەزموونى تراژیکى حیزبیش، لە ناوەوە کۆمەڵگاکەى لە تەمومژێکى زڕەمێژووییدا هێشتووەتەوە کە ڕوون نیە چ مامەڵەیەکى سەمەرە و شاراوە بەم کارەساتانەى ڕابردووەوە کراوە).

دوور نیە یەکێک لە هۆکارەکانى بیرچوونەوەى کارەسات لاى ئێمە بگەڕێتەوە بۆ ئەوەى کە ئەگەرى کارەسات هێشتا خۆى هەر هەیە (سى ساڵ ئەزموونى تراژیکى حیزبیش، لە ناوەوە کۆمەڵگاکەى لە تەمومژێکى زڕەمێژووییدا هێشتووەتەوە کە ڕوون نیە چ مامەڵەیەکى سەمەرە و شاراوە بەم کارەساتانەى ڕابردووەوە کراوە)

ڕووداوە تراژیکەکان، بۆ ساڵانێکى درێژ پاشماوەى تراژیکیش لەگەڵ خۆیاندا جێدەهێڵن. بۆ نمونە، پاشماوەکانى جەنگ، هەم شایەتحاڵى دۆخە تراژیکەکەن و هەم ناشهێڵن ڕووداوەکە وەک ڕووداوێکى ئاسایی کوێرببێتەوە. پاشماوەکانى هەڵەبجە، کە مناڵانى ساتى کارەساتەکەن، پاش ساڵانێک تراوماکان لەگەڵ خۆیاندا دێننەوە. ئەمساڵ، هەموومان بینەرى یەکێک لەو قوربانییانەى پاشماوەى هەڵەبجە بووین کە چۆن دەقە تراژیدییەکانى ئێمەشى تێپەڕاند. لە ئەدەبیاتى ئێمەدا، بەگشتى یان باوکێکى باش هەیە یان خراپ، بەڵام ئەم جۆرە باوکە هەڵگرى کۆمەڵێک تایبەتمەندیی خۆیەتى کە پێکداچوونى کۆمەڵێک فاکتەرى تراژیدى و دواییش پۆست‌تراژیدییە: کوڕ و باوکێکمان هەیە کە لە ژیانى ڕۆژانەى خۆیاندا ئەزموونى کوڕێتى و باوکێتییان نەکردووە، دواییش خواستێک هەیە بۆ ئەوەى پەیوەندییەکە لە ساتێکى دیاریکراودا دامەزرێنن. لە ئەدەبیاتى تراژیدیی ئێمەدا، کاتێک باسى پاشماوەکانى کارەسات دەکرێن، باوکێکمان هەیە و بەدواى مناڵە ونبووەکانى خۆیدا دەگەڕێت. باوکێکى باش کە ئامادەیە بە هەر باجێک بێت، مناڵەکانى بدۆزێتەوە. بەڵام لەم چیرۆکەى ئەمساڵدا، ئێمە کوڕێک دەبینین کە بەدواى باوکى خۆیدا دەگەڕێت. کوڕێک کە ئامادەیە بە هەر باجێک بێت باوکى خۆى بدۆزێتەوە. ئاشکرایە باوک هەرگیز پێگەیەکى هاوسەنگى نیە، یان «زیاد لە ڕادە» باوکە یان «کەمتر لە پێویست»، کە هاوسەنگییەکە تەنیا لە فەنتازیاى مناڵدا درووستدەکرێت. لێرەدا کوڕێکمان هەیە کە «زیاد لە ڕادە»، باوکى خۆى دەوێت. ئەمەش گومان درووستدەکات و بەجۆرێک لە جۆرەکان پێگەى باوکەکە دەشڵەژێنێت: «تۆ چیت لێم دەوێت؟». هەر ئەوەى کە کوڕەکە شتێکى دیاریکراوى لە باوکى ناوێت، جگە لە «باوکایەتى»، باوک تووشى شڵەژانێکى هیستریایی دەبێت.

لێرەدا کوڕێکمان هەیە کە «زیاد لە ڕادە»، باوکى خۆى دەوێت. ئەمەش گومان درووستدەکات و بەجۆرێک لە جۆرەکان پێگەى باوکەکە دەشڵەژێنێت: «تۆ چیت لێم دەوێت؟». هەر ئەوەى کە کوڕەکە شتێکى دیاریکراوى لە باوکى ناوێت، جگە لە «باوکایەتى»، باوک تووشى شڵەژانێکى هیستریایی دەبێت

ئەم «هیچ‌نەویستنە»، وەک توندوتیژییەکى شاراوە لەلایەن  باوکەکەوە لێکدەدرێتەوە. دیارە لەبەردەم “باوکێکى خراپ”دا نين بە ماناى باوى وشەکە کە بکەوێتە بەرامبەر “باوکى باش”ـەوە: بەڵکو لەبەردەم پۆڵێنى سێهەمى باوکداین کە دەکەوێتە ئەودیوى باش و خراپەوە. ئەم جۆرە باوکێتییەش، پەیوەندیی بەو پاشهاتانەوە هەیە کە ڕووداوە تراژیکەکان پاش خۆى جێى‌دەهێڵێت. ئەدەبیاتى تراژیدیی کۆن و نوێش خاڵى نیە لەو چیرۆکانەى کە دوو کەس یان نامۆدەکەن بە یەکتر، یان هێند ئاشنایان دەکەن بە یەکتر کە هیچیان دۆخێکى نۆرماڵ نین. هەر ئەوەى کە لە ساتە تراژیکەکاندا مناڵێک وندەبێت و خێزانێک گەورەیدەکات، ڕۆژێک باجى ئەم پاداشتە دەداتەوە و تووشى “خەسانێکى ڕەمزى” دەبێت. دەشێت لە تراژیدیاى کلاسیکدا، ئۆدیب بە مۆرى چارەنووس باوکى خۆى بکوژێت و لەو کاتەشدا نەزانێت باوکێتى. بەڵام پاشماوەکانى کارەساتێک، لەنێوان چەند باوکێکدا، یان باوکێک و “زیادە”کەیدا، گیربخۆن و بەبێ باوک بمێننەوە. کێشەى باوک-کوڕ لێرەدا، وەک ئاکامێکى ناچاریی جەنگ قابیلى خوێندنەوەیە تا پەیوەندییەکى ڕاستەوڕاستى خێزانى.

کێشەى باوک-کوڕ لێرەدا، وەک ئاکامێکى ناچاریی جەنگ قابیلى خوێندنەوەیە تا پەیوەندییەکى ڕاستەوڕاستى خێزانى

مادام ژیانى مرۆڤ، چ بە هۆکارە وجودییە کۆنەکان بێت و چ بە هۆکارە تازە سیاسى و کۆمەڵایەتى و ئابورییەکان، هەر بە ژیانێکى تراژیک دەمێنێتەوە؛ ئەوا ژمارەیەکى زۆر فۆرم و میدیۆمى تراژیدییش بۆ گوزارشتکردن هەر دەمێننەوە. گەر مرۆى مۆدێرن، لە جیهانێکى تەنیا و هەڵوەشاودا درێژە بە ژیانى خۆی بدات کە خودا کۆنەکان ڕۆڵێکى ئەوتۆیان نەماوە، ئەوا خەڵکانێکى پەراوێزیی وەک ئێمە دووجار لەو تەنیاییە وجودییەدا درێژە بە خۆى دەدات کە “خودا”کان دەمێکە باریانکردووە. “بەتەنیا جێى مەهێڵن”، ئەو لاوکەیە کە بە شێوەیەکى سادە و ڕوون دەریدەخات هیچ سەقفێکى پارێزەر لەئارادا نیە. ستایشى نیچە بۆ یۆنانییەکان لەوەدا بوو کە تراژیدییانە ژیانیان پەسەندکردبوو، ئاخۆ دەکرێت ئێمەش لە جیهانێکى تراژیکدا، چارەنووسى ڕێتێچووى خۆمان بە دەستى خۆمان دیاریبکەین؟

هەواڵی زیاتر

Back to top button