دیمانەکەى ژیژەک…

 

ڕەنگە بتوانین بڵێین، دوو وێنەى ژیژەکمان هەیە: ژیژەکێکى ناو میدیا، ژیژەکێکى فیکریی داخراو. لەیەکەمیاندا، ژیژەک ئامادەییەکى میدیایی بەردەوامى هەیە، لە تەلەفزیۆنەوە بۆ بەشداریی دیبەیتەکان و سایتەکان و گۆڤارەکان و هتد. لە دووەمیشیاندا، ژیژەکێکمان هەیە دەکەوێتە پێش ئەم وێنەیەوە، ژیژەکى نوسەرى کۆمەڵێک کتێبى فیکرى و فەلسەفییە کە بۆ دونیاى میدیا ناشێن و خەڵکى زۆر ئاسایی ناتوانێت وێناى ئایدیاکانى بکات. لە هەردوو وێنەکەدا، ژیژەک چالاکە. لە یەکەمیاندا سەدان سەعات دەرکەوتنى هەیە، لە دووەمیشیاندا دەیان کتێب کە چەند دانەیەکى لێ دەربچێت لەسەر سیاسەتى ڕۆژن، باقییەکەى بریتیین لە کارکردن بە چەمک، ڕاڤەکردن، لێکدانى هەندێک ڕەهەندى هیگڵى-مارکسى-لاکانى (فرۆیدى) و هتد. لە هەردوو وێنەکەشدا جۆرێک دەقشکێنى هەیە: لە میدیادا، ژیژەک دەیەوێت کەلێنێک بۆ گوتارى باوى میدیا درووستبکات، شۆکێک جێبهێڵێت، یان درووستتر نەهێڵێت ژۆرنالیزم بەتەواوى ببێتە ژۆرنالیزم. لە نوسینى کتێبیشدا، کێتبمان بە مانا باوەکەى نیە، بەڵکو فرەییەکە لە کتێب کە نوسینى هەریەکەیان هەڵگرى شکستێکى زاتییە و سەریکێشاوە بۆ دانەیەکى تر کە چەند ئایدیایەکى ئەوەى پێشووى تیا بەرهەمهاتووەتەوە. لەم ڕووەوە، ڕەنگە ژیژەک تەنیا یەک کتێبى بە مانا باوەکەى هەبێت کە کتێبى “ئۆبێکتى باڵاى ئایدۆلۆژیا”یە و باقییەکەى میتۆدى خۆیان لێرەوە وەردەگرن. هەتا کتێبێکى وەک “کەمتر لە هیچ” کە بە قەبارە و چەندێتى گەورەترین کتێبیەتى، لەڕووى چۆنیەتییەوە (میتۆدى)، لە بازنەى “ئۆبێکتى باڵا…”دا دەمێنێتەوە. کتێبەکانى ژیژەک، بە ستایلێکى نائارام دەنوسرێن کە شتەکانى ناو جیهان دەچنە پەیوەندییەکەوە خۆیشیان ئاگایان لەو پەیوەندییە نیە (بەشەکانى ناو گشتێک، چەندین پەیوەندیی نائاشناشیان هەیە کە لە عەقڵى باودا هەژمارى لەسەر ناکرێت). ئەوەى سنورى کتێبێک لە کتێبێکى تر لاى ئەو جیادەکاتەوە، ئایدیاى داهێنەرانە و سەرکێشانەیە نەک ئەوەى چاوەڕێ بین کتێبێکى جیاى سەربەخۆ لەسەر باسێکى تەواو سەربەخۆ بخوێنینەوە. بەهەرحاڵ ئایا ئەم دوو وێنەى ژیژەک، لێکجیادەبنەوە؟

بە مانایەک بەڵێ، و بە مانایەکیش نەخێر. ژیژەکى ناو میدیا و عەقڵى باو، ناسراوترە، بۆیە دەکرێت وێنە فیکرییەى لە وێنە میدیاکەى جیا ببێتەوە و ژیانى خۆى بژى. بۆ کەسانێکیش کە لە کتێبەکانیەوە سەرنجى دەرکەوتنەکانى دەدەن، ئەم دوو وێنەیە جیانابێتەوە. چونکە هەموو جووڵە و گوفتارێکى ئەو سەر بە یەک سیستەمى بیرکردنەوەن. سادەترین و چاوەڕواننەکراوترین، لێدوانى میدیایی لاى ئەو، دەرهاویشتەى بیرکردنەوەیەتى کە دەشێت لەو کاتەدا وەک فۆرم هیگڵى بێت و وەک ناوەڕۆک مارکسى-دەروونشیکارانە. دەرکەوتنى ژیژەک لە میدیادا، پاش ئەو پەرەسەندنە خێرایە دێت لە بیست تا سى ساڵى ڕابردوودا. پێشتر فۆکۆ سەرنجى ئەوەى دابوو کە دەبێت فیکر و فەلسەفە، جێى خۆى لەناو ژۆرنالیزمدا بکاتەوە و تەنانەت وەک ژۆرنالیزم بەردەوام ئامادەیی هەبێت بەسەر ڕووداوەکانى جیهانەوە. فۆکۆ دەیویست فەلسەفە بگۆڕێت بۆ «ژۆرنالیزمێکى ڕادیکاڵ». ئەم هەڵوێستە مەترسیی زۆریشى تیایە، بەڵام ئەو ڕاستییەشى هەڵگرتووە کە فیکر و ژۆرنالیزم بەشى خۆیان بەرکەوتنیان دەبێت. دیوە چەپگەراکەى ژیژەکیش، ئەوە دەخوازێت مینبەرێکى هەبێت بۆ قسەکردن و ورووژاندن و هتد. ڕەنگە جۆرێک لە “لەخۆهەڵهاتنى کەسێنى”يش بێت بۆ ئەوەى خۆى لەبیربکات. پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئەم شتانە بۆ ئێمە و واقیعى ئێمە چۆن دەکەونەوە؟ کاتێک ژیژەک وەک بیرمەندێکى خۆرئاوایی، ستایشى خەڵکێکى ساکار و دواکەوتوو دەکات چۆنچۆنى تێدەگەین؟

وەڵامەکە، پێش هەموو شت، ڕێسایەکە. ژیژەک بێت یان هەر بیرمەندێکى دەرەکى، وەک ڕێسا، بۆ ئێمە کەسێکى دەرەکییە. ئەو لە گۆشەیەکى دەرەوەى ئێمەوە وەستاوە و قسەدەکات و ڕا دەبەخشێتەوە. بەتایبەت ئەو ڕایانەى کە بەزات پەیوەندییان بە ئێمەوە هەیە وەک خەڵک، نەتەوە، سیاسەت و کەلتور و هتد. بە مانایەکى تر، ئەو لە “گڵۆباڵ”ـەوە قسە لەسەر “لۆکاڵ”ێک دەکات کە بەشێک نەبووە لێى، بەشێکیش نیە لێى، تەنیا مەودایەکى خەیاڵیی پێوە هەیە؛ واتە مەودایەکى گریمانکرد، ڕاى ڕووت، فەنتازیا سیاسى و کەلتورییەکەى خۆى و هتد. مرۆڤ بۆ ئەوەى لە واقیعێک تێبگات، دەبێت بەجۆرێک لە جۆرەکان تێیدا بژى، میکانیزمە ناوەکییەکانى بە گیان ئەزموونبکات، ڕیشەى خۆى لەو واقیعەدا داکوتیبێت. هەر بەپێى ئەو زاراوانەى کە ژیژەک خۆى بەکاریدەهێنێت، دەبێت بەشێک بیت لە “پانتایی ڕەمزى”یەکە، گەرنا ئەو پانتاییەى دەمێنێتەوە قسەى لێوە بکەیت “پانتاییەکى خەیاڵی”یە. ڕەمزى واتە ئەو زمان و ژینگەیەى تێیدا گەورە بوویت، خەیاڵى‌یش واتە دەرەوەى ئەم پانتاییە یان سەرسنورەکانى. ئەوەى کە لە مەودایەکەوە دەیبینیت و ئەزموونیدەکەیت. ئەو سنورەش لەنێوان ئەم دووانە، لەنێوان پانتایی ڕەمزى و خەیاڵى دا هەیە، پێى دەوترێت “ڕیاڵ“. ڕیاڵ بە ماناى واقیع نایەت، ئەو شتە نەفیکراوەیە واقیعى لەسەر ڕاگیراوە، زاراوەیەکى هەستیار و فرەڕەهەندى ناو دەروونشیکاریی لاکانە، لە مانایەکى گشتییدا، ئەو کەلێنە ڕاستەقینەى ناو شتەکان و نێوان شتەکان کە هەرگیز پڕنابێتەوە و کۆتایی پێ ناهێنرێت. ئەرگۆمێنێتکى سادە بۆ ئەم یەکنەبوونەى نێوان ڕەمزى و خەیاڵى، ئەو کۆمێنتانەى بینەرى کوردە بۆ دیدارێکى لەم شێوەیە کە سەر بە گوتارێکى ناوخۆیی وەک «دژایەتیی دەسەڵات»ـە و تێکڕا دەنوسن: «دیسان پارەخۆرێکى تریان هێنایەوە». واتە دۆخە ناوخۆییەکەمان بەو جۆرەیە کە هەر کەسێک قسە لەسەر دۆخى کورد بکات، وەک کەسێک وێنادەکرێت مشەخۆرە و بۆ «پارەخواردن» هاتووە. جا بۆیە کاتێک بیرمەندێکى خۆرئاوایی قسە لەسەر واقیعێکى وەک هى کوردى دەکات هەرگیز ناتوانێت ئەو “ڕیاڵ“ـە ببەزێنێت کە لەو نێوانەدا دەمێنێتەوە، لەنێوان گڵۆباڵ و لۆکاڵ، گشت و بەش، جیهان و کورد.

بەڵام مافى قسەکردن و ڕابەشینەوەى هەیە لە گۆشەنیگا خەیاڵییەکەوە، بۆ نمونە وەک مارکسییەک یان گەردوونگەرایەک کە مافى قسەى لەسەر بەشەکانى جیهان هەیە. بەکورتییەکەى، دەرەوە و ناوەوە هەریەک لە گۆشەیەکەوە لەویتر دەڕوانێت کە ڕێکەوتى یەکدى ناکەن. لێرەشەوەیە کە ستایشگەلى وەک «سێکۆلار، موعجیزە، هزرى، ڕۆشنگەر و هتد» لاى ژیژەکەوە بۆ کورد، لە پانتاییە خەیاڵییەکەوە ماناى هەیە نەک ڕەمزییەکە: هەم ئەو بۆ ئەفرێنراوى ناو خەیاڵى خۆى دەگەڕێت لە دەرەوەى خۆرئاوا، هەم ئێمەش حەزدەکەین بەو جۆرە ببینرێن کە حەزدەکەین ببینرێن. ئەگینا، هیچکام لەو وەسفانە پڕ بە بەرى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست نین. گەر مەبەست لە ئەزموونە بەراییەکەى ڕۆژاڤا و بیرى مەیلەو چەپگەراى ئۆجەلان بێت، ئەوا زیاتر و زیاتر ژیژەک دواى ونبووە خەیاڵییەکەى خۆى دەکەوێت و زانیاریی لەسەر ناوەوەى کورد نیە (بەتایبەت کە دۆخى کورد بە بەنگالۆر دەچوێنێت لە هندستان). ئەمەش جێى گلەیی نیە، چونکە کورد خۆیشى بەتەواوەتى تووشى “خودئاگایی” نەبووە بەرامبەر بوونى خۆى. لەوانەش زیاتر، ئەو ڕەخنەى گوتارى دێرین و باڵادەستى خۆرئاوا دەکات دەرهەق بە دەرەوەى خۆى (ژیژەک لە دیمانەکەدا مەبەستى لە کارل ماى، نوسەرى ئەڵمانى بوو کە گەشتنامەیەکى نوسیوە و کوردى بە ئەرێنى باسنەکردووە)؛ گوتارێک کە لە یەک کاتدا هەم زیادەڕۆیی تیایە و هەم ڕاستییش- جیاکردنەوەى ئەم دوو دیوە لە یەک کاتدا مەحاڵە و تا ئەم ساتەش وەک خۆى ماوەتەوە.

گەر ئەو جووتبوونە سیاسییەى ڕووى دەرەوەى “گشت و بەش” وەربگرین، واتە کێشە ناوخۆییەکان و دەرەکییەکان، ئەوا ژیژەک لەم دیدارەى دواييدا[1]، کەمێک واقیعبینانە دەدوێت. چارەى سەرەکى و خێرا بۆ کورد لەوەدا دەبینێتەوە کە زلهێزەکان دەستى لێ بەرنەدەن. ئەمە لە دیدى چەپێکى کلاسیکەوە، کوفر و بیدعەیە. یان باسکردنى دەوڵەت، وەک ئامرازێکى بۆرژوازى، دیسان کوفرە. بەڵام لەناو هاوکێشە زیندووە سەپێنراوەکانى ئێستاى جیهاندا، ئێمە بەبێ پاڵپشتیی زلهێزەکان و هەندێک جاڕنامەى جیهانى، تەواو دەکەوینە مەترسییەوە. دۆخەکە بەجۆرێک بێ‌گەڕەنتییە، نازانین ئەم پەیوەندییە بۆ ئێمە تاکیتییکە یان ستراتیژى، کاتییە یان درێژخایەن و بونیادى. وەک ئەوەى خۆى لە “بەخێربێن بۆ بیابانى ڕیاڵ”دا باسیکردووە، هێشتاش لە جیهانێکدا دەژین کە نەک خەڵکانى لاواز، بەڵکو «دایناسۆرە زلەکان، دایناسۆرە بچوکەکان دەخۆن». لێرەدا ژیژەک بەراورد بە چۆمسکى، واقیعییتر و کۆنکرێتییتر دەردەکەوێت: چۆمسکى سوێندى خواردووە هەمیشە یەک ڕاى سیاسى بڵێتەوە کە زۆرجار ئەبستراکتە و پەیوەندیی بە واقیعەوە نامێنێت (گەرچى وەک فاکت لە ژیژەک ئاگادارترە و بیست ساڵ لەوەوبەر باسى کێشەى کەرکوک و پارتى و یەکێتیی کردووە).

سەرەنجام، پەیوەندیبەستن لەگەڵ بیر و بیریارانى جیهانى گرنگیی خۆى هەیە، جۆرێکە لە درێژکراوەى پرۆسەى وەرگێڕان، پرۆسەى خۆناسین لەنێوان من/ئەویتر، پرۆسەى چاووگوێ کردنەوەى خوێنەرى ئێمە بەڕووى مێژووى فیکر و فەلسەفەدا.

 

 

وەلید عومەر

 

 

 

 

[1] . هەڤپەیڤینى تایبەت لە کەناڵى ڕووداو

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button