«دیبەیت» و هەڵوەستەیەک

دیبەیت (Debate) وەک زۆر چەمکى ترى مۆدێرن دەگەڕێتەوە بۆ یۆنانى کۆن، ئەوێ لانکە شارستانییەکەیەتى. بەڵام لە ئاستێکى ڕیشەییتردا،

 

واتە لە ئاستى پێش شارستانی‌دا، دەگەڕێتەوە بۆ جەنگى خوێناوی و دێرینى مرۆڤ. بەپێى گێڕانەوەکان، مرۆفەکان لە کۆندا بەردەوام خەریکى کوشتنى یەکتر بوون، زۆرى ویست دەست لەم کوشتوبڕە هەڵبگرن و بکەونە گفتوگۆوە. بە دەربڕینێکى تر، دیبەیت گواستنەوەیە لە کوشتوبڕى ڕاستەوخۆى مرۆڤەوە بۆ ململانێیەکى نەرمتر، مەدەنییتر، ناڕاستەوخۆ و پاڵفتەکراو. لەڕاستییدا، زمان لاى مرۆڤ خۆى هەڵگرتنەوە و کۆتاییهێنانە بە شەڕێکى فیزیکیی درێژخایەن کە تا سەردەمانێکى درێژ یەکتریان بڕیوەتەوە. ئەمڕۆ ئیتر مرۆڤ دەمێکە ڕیشەى دێرین و ژێرینى چالاکییەکانى خۆى بیرچووەتەوە، بۆیە عادەتەن مامەڵە لەگەڵ کۆتا ئاستیاندا دەکات، ئاستە شارستانییەکە. دیبەیت، بە هەموو کێشەکانیەوە، لەڕاستییدا هەڵکشانى مرۆڤە بۆ قۆناغێکى پێشکەوتووتر. وشەى “دیبەیت”، زۆر نیە هاتووەتە دونیاى ئێمەوە، بەڵام لەو ماوە کەمەدا کۆمەڵێک تایبەتمەندیی وەرگرتووە کە پێدەچێت لە کەلتورێکى تر و مێژوویەکى تردا بە جۆرێکى تر بێت.

ئاشکرایە هەر دیبەیتێک، بانگهێشتى ئەویترە بۆ ئەوەى ئەرگۆمێنتەکانى خۆى لەسەر پرسێکى هاوبەش بخاتەڕوو. دیارە هەر بەشدارێکیش بۆ ئەوە دەچێت تا بەجۆرێک لەڕێى ئەرگۆمێنت و بەڵگەهێنانەوە بیباتەوە. ئەمە کرۆکى مەسەلەکەیە. ئەرگۆمێنت تێگەیەکى عەقڵانییە، بۆ ئەوەى کۆمەڵێک ئەگەرى ناعەقڵانى لەقاڵب‌بدات کە ڕەنگە زیانى گەورە بە پەیوەندییە مرۆییەکان بگەیەنێت. هەر لە ئەرگۆمێنتدا، سنورەکانى گەمە و چێژ و بردنەوە دیاریکراوە. بۆیە لەم ڕووەوە جار هەیە دیبەیت بە وەرزشێکى فیکرى (intellectual sport) يان ڕۆشنبیرانە ناودەبرێت. “بردنەوە”ش بەو مانایە نا لاى ئێمە هەیە و کۆمەڵێک ماناى ئەخلاقیی قورسى لێ ئاڵێنراوە، بەڵکو بەو لۆژیکە وەرزشییەى کە «ئێمە بەر لە هەر بردنەوەیەکى تایبەت، هەریەکەمان پێشوەخت براوەین». بۆیە ئامانج و ئەنجامى دیبەیت هەرچى بێت، لەلاوە چێژێک بۆ بەشداران و بینەرەکانیشى دەڕەخسێنێت. ئاشکرایە چێژ خۆى لەسەر دژیەکییەک درووستبووە، خۆى و بەرستەکانى بەردەمى. دیبەیت، نمونەیەکە بۆ مشتومڕکارێک و بەربەستەکەى بەردەمى کە مشتومڕکارێکى ترە. واتە دیبەیت بەر لەوەى لەسەر ناوەڕۆک (مژار)ـەکەى خۆى وەستابێت، لەسەر فۆرمەکەى وەستاوە، واتە لەسەر ئەوەى کە خۆى پێش هەموو شتێک چالاکییەکى چێژوەرگرتنە لەنێوان مرۆڤەکاندا. بەم پێیە چێژ لە عەقڵانییەتى ناو دیبەیت جیاناکرێتەوە و کەسیش لەبەر ئەرگۆمێنتى ئەویتر دەست لە کۆى پرسەکەى خۆى هەڵناگرێت. لە دیبەیتدا سنورێک هەیە کەم و زیاد دەکات. سنورێک کە سلاڤۆى ژیژەک ناویدەنێت «ئۆبێکتى باڵاى ئایدۆلۆژیا»، واتە چاوم لە بابەتە ئایدۆلۆژییەکەى خۆمە و سازشى لەسەر ناکەم، هەتا گەر بێتو لەنێوان دوو کەسى سەر بە یەک ئایدۆلۆژیاشدا بێت- وشەى ئایدۆلۆژیا لێرەدا مانایەکى فراوانترى هەیە و پتر لە لایەنگیرى و فەنتازیاگرییەوە نزیکترە. هەر لێرەوە دیبەیت لە دانوستان (Negotiation) جیادەبێتەوە کە دانوستان پتر خۆى دەبەستێت بە ناوەڕۆک و ئەنجامەکەیەوە، و سوودخوازانەیە تا چێژخوازانە. بۆ دەسکەوتێکى ڕوونە، بۆ نمونە بۆ ئاگربەست، نەک چەشنى دیبەیت کە ئەوپەڕەکەى دەگاتە دەمبەست.

پێموایە ڕووى دەرەوەى دیبەیت، بۆ کۆمەڵگاى ئێمە لەپێشتر بێت تا ڕووى ناوەوەى. واتە هەلومەرجە دەرەکییەکانى دیبەیت، نەک وردەکارییە ناوەکی و بەشەکییەکانى. بۆ نمونە، دیبەیت چیە؟ چ کاتێک دەکرێت پەناى بۆ ببرێت؟ دۆخى دواى دیبەت چیی لێدێت و هتد. لە دیوى ناوەوە، دیبەیت لەسەر چیە و بەرامبەرەکان کێن و دەکرێت چى یەکلاببێتەوە بە پلەى دووەم دێت. بە مانایەکى تر، دیبەیت لەسەر خودى “دیبەیت” لەپێشەوە دێت تا دیبەیت لەسەر شتانى تر. فەزاى دەرەکیی دیبەیت، کاریگەرى لەسەر دیوى ناوەوەى دیبەیتەکانیش دادەنێت. لەڕاستییدا ئەمە بۆ کۆى کایەکان درووستە: مرۆڤ سەرەتا تاکو سنورى کایەکان لێک جیانەکاتەوە و ڕووى دەرەوەیان نەناسێت، دیوى ناوەوەشیان لە قەیران و تەمومژدا دەمێنێتەوە. تا چەمکەکانى دەرەوەى کایەیەک نەناسێنین و بەجۆرێک یەکلایان نەکەینەوە، چالاکییەکانى ناوەوەى کایەکەش ڕوون نابنەوە.

دواى ڕووداوى تیرۆرکردنى ئەم دواییەى هونەرمەندە گەنجەکە، ئەو پرسیارە لە ناوەندە ئیسلامییکەدا هاتووەتە ئاراوە ئاخۆ بیرى سەلەفییەت لە کوردستان دەچێتەوە سەر داعش؟ وەڵامى پرسیارەکە، پەیوەندیی بە ناوەوە و ناوەرۆکى دیبەیتەکەوە هەیە و بەشى خۆى کێشەى بەدواوەیە. ئاشکرایە بابەتێکى ئاوا قورس، پێشوەخت ڕەتدەکرێتەوە، کابراى وەهابى دان بەوەدا نانێت کە ئەو داعشییە. وەکچۆن هیچ مسۆگەر نیە تەرەفى ئەولاش لەم کەلتورەدا تۆوى داعشێتیی هەڵنەگرتبێت. بۆیە سەلماندنى ئەوەى کێ داعشییە و کێش نا، لەگەڵ قەبارەى دیبەتێکدا زۆر نایەتەوە. توندڕەویی دینى، پەیوەندیی بە کۆى چارەنووسى دین و تەنانەت کەلتور و سیاسەتیشەوە هەیە و بە هێنانەوەى چوار دەقى ئیبن تەیمییە ناکەوێت بە لایەکدا. بۆیە ڕووى دەرەوەى دیبەت لێرەدا بۆ ئێمە گرنگە: دیبەیت چ شتێک لە کێشەى دین پیشاندەداتەوە لە کوردستان؟

هەم کێشەى دین بەگشتى و هەم کێشەى ئیسلامییەکانیش بەتایبەت، بەردەوام ڕەنگ‌وڕووى خۆیان دەگۆڕن. ڕەنگە ئاستەم بێت مرۆڤ نەخشەیەکى ڕوون بۆ کێشەى دین لە ئێستادا بکێشێت. هێند هەیە دینداران و ئیسلامى سیاسییش، جۆرێک پەرچەکرداریان بۆ ئەم دونیا تازەیە هەیە کە ستایلێکى ژیانى خستووەتەڕوو. دیبەیت، لە ڕووکارى دەرەوەى خۆیدا، جۆرێک خۆگونجاندنە لەگەڵ ئەم ستایلە تازەدا. مۆدێلى دیبەیت، بەم فۆرمە ورووژێنەرە، سەر بەم ستایلە تازەیەى ژیانە کە بە جیهاندا بڵاوبووەتەوە. ئەینا کۆمەڵێک ئاماژە لە کێبڕکێکاراندا هەن دەریدەخەن تەنیا نواندنەکە گرنگە، گەیشتن بە وەڵامەکە زۆر جدى نیە. تەیارە دینییەکان و فیگەرەکانیان، تووشى جۆرێک لە “هەڵاوسانى زانیارى” هاتوون و دەبێت لەم ستایلە ژیانەدا خەرجى‌بکەن. ئەوانەشى بەناوى ڕۆشنگەرییەوە لەم دیبەیتانەدا باى باڵى خۆیان دەردەکەن، لە سووچێکى هێمنترەوە دین بەرهەمدێننەوە. بەرهەمهاتنەوەى دینیش، لە کەلتورەکانى ئەم ناوچەیەدا، چاوەڕێى جۆرەها توندوتیژیی هەر لێ دەکرێت. مەرج نیە کوشتن بێت، بەڵکو دەشێت زەبروزەنگى کەلتورى بێت.

لەم فۆرمە دیبەیتەدا، کۆى دیمەنەکە لەژێر ئەو نیگایەدا بەڕێوەدەچێت کە بەکپى ئیدارەى دۆخەکە دەدات و ئەویش “ستایلى نوێى ژیانە کە تێکەڵ بە کەشوهەواى دینى بووە”. ستایلە ژیانەکەش، نەیتوانیوە هەناوى کۆمەڵگا بگۆڕێت و کێشە مێژووییەکانى چارەبکات. فشارێکى هێناوە، بێ ئەوەى جەوهەرى کۆمەڵگا بگۆڕێت. ئەوە کۆمەڵگایە، بە فڕوفێڵى ئاگایانەو نائاگایانەى خۆى، خۆى دەگونجێنێت. بۆیە سەرەنجام یار و نەیارى ناو ئەم جۆرە دیبەیتانە، بەپێى یەک لە چەمکە هیگڵییەکان، تووشى “نەفیی ئەبستراکت” دێن لەگەڵ یەکتردا: واتە، لە بۆشاییدا یەکتر ڕەتدەکەنەوە، چونکە مێژووەکە و ئەرزى واقیع خۆى شتێکى ترە. بۆ نمونە کێشەى دین، لە کێشەى سیاسەت دابڕاو نیە. هاوکێشە سیاسى و حیزبییەکانى کوردستان لە ئێستادا، لە خراپترین دۆخدایە.گەر کۆى کۆمەڵگا وەربگرین، شکستى سیاسەت پێشوەخت شکستى هەموو چالاکییەکانى تریشە بە دیبەیتیشەوە.

وێڕاى ئەمانەش، چ خۆگونجاندنێکى لەزەتئامێز بێت لەگەڵ ژیانى ئەمڕۆدا، و چ دابڕاو بێت لە سیاسەت، ئەوا مۆدێلى دیبەیت هەر جێى بەهەندوەرگرتنە. تەنانەت زۆرجار شکستى سیاسەت، وادەکات خەڵک پەنا بۆ دژیەکى و ململانێى تر ببەن تاکو بارى شکستەکە بەشێوەیەکى سیمبوڵى بگوازنەوە ناو ژیانى خۆیان. شۆپنهاوەر، دوو سەدەیەک لەمەوبەر باسى ئەوە دەکات کە چۆن نائومێدیی سیاسى، برەو بە جۆرێک لە یاریی جۆراوجۆرى شەعبى دەدات لە ئاستى خوارەوەى کۆمەڵگادا. پەرەسەندنى یارییە دووقۆڵییەکان، هاوتاى دیبەیتى دووقۆڵییە کاتێک ململانێ سیاسییەکان لەسەرەوە دەگەنە بنبەست. ئەرگۆمێنتەکەش سادەیە: کاتێک یارییە سیاسییەکان لەسەرەوە دەگوزەرێت، بڕێک ئەرک و ماف دەستەبەر دەکرێت، خەڵکیش باشتر بەرگەى ململانێکانیان دەگرن. کاتێک ڕۆڵى سیاسەت سستدەبێت، چەندین ململانێ بەناو کۆمەڵگادا بڵاودەبێتەوە کە لە ناوەڕۆکدا پەیوەندییان بە سیاسەتەوەیە و هیچى تر.

لەکۆتاییدا لە کۆمەڵگایەکى ڕێکنەخراو و سیاسەتێکى بێ‌ئاسۆى وەک هى ئێمەدا، دیبەیت هەر باشترە. هەر ئەوەى دەستى دین لە کوشتنى مرۆڤدا کورت بکاتەوە، ئەنجامێکى گەورەیە. بۆیە دیبەیت، لەودیوى هەموو ئەگەرەکانەوە هەر جێى بەرگرییە. دیبەیت، لەنێوان هەرکێدا بێت سەرەنجام پێماندەڵێت مرۆڤ تواناى ئاڵوگۆڕى هەیە. ئەوانیتر بەشبەحاڵى خۆیان هەر شیاوى گوێلێگرتنن. هێشتا شکستى ئەرگۆمێنتێک، لە کۆتاییهاتنى ژیانى مرۆڤێک باشترە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button