تۆپی ئاڵتوونی.. میسی لە رێگەی بەدەستهێنانی هەشتەم “باڵۆندۆر”ەو هەندێکیش بە “ئابڕووچوون”ی دەزانن

زووم:
لە ئاهەنگی ساڵانەی ئاسایی خۆیدا، گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە خەڵاتی تۆپی ئاڵتونی “باڵۆندۆر” پێشکەش دەکات، بە باشترین یاریزانی وەرزی ڕابردووی 2022-2023.

هەواڵەکان ئاماژە بەوە دەکەن، لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی بۆ جاری هەشتەم لە مێژوویدا خەڵاتی تۆپی ئاڵتونی ئەم وەرزشەش بەدەست دەهێنێت، كە ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەیی بێ وێنەیەو پێشینەی نەبووە.

سەبارەت بە دیارترین پاڵێوراوەكان بۆ ڕکابەریکردن لەگەڵ مێسی، گۆڵکاری نەرویجی ئێرلینگ هالاند هەیە، کە وەرزی ڕابردوو سەرکەوتوو بوو لە بەدەستهێنانی چەند نازناوێك لەگەڵ یانەكەی، كە ماستەر سیتییە.

هالاند، سەرکردایەتی یانەی مانچستەر سیتی کرد بۆ بردنەوەی سێ نازناوی مێژوویی، ئەوانیش نازناوی خولی ئینگلیزی و جامی ئینگلتەرا و چامپیۆنزلیگی ئەوروپا بوو، هەروەها خەڵاتی پێڵاوی زێڕینی وەك گۆڵكاری پێنج خولە گەورەكەی ئەوروپای بەدەستهێنا.

یەكێكی تریش لە ركابەرەكانی مێسی، كیلیان مباپێی فەرەنسی و یاریزانی یانەی پاریس سان جێرمانە، بەڵام تا ئاستێکی کەمتر کێبڕکێ لەسەر ئەو خەڵاتە لەلایەن ئەو یاریزانە فەرەنسییەوە دەكرێت، کە یەکێک بوو لە یاریزانە دیارەکانی مۆندیالی 2022 لەگەڵ فەرەنسا، كە بە ئەستەم لە یاری کۆتاییدا بە ئەرجەنتین دۆڕان، هاوكات گۆڵكاری پاڵەوانییەكەش بوو.

سەرەڕای ئەوەی زۆربەی ئاماژەكان بۆ ئەوەن میسی براوەی خەڵاتەكەیە و سبەی لە پاریسەوە بردنەوەكەی بە فەرمی راگەیەنرێت، بەڵام ئەمەش دوور نییە لە رەخنە، وەك ئەوەی ئەفسانەی پێشووی خولی ئینگلیزی، تیێری هێنری فەرەنسی‌و یاریزانی یانەكانی ئارسیناڵ و بەرشەلۆنەی ئیسپانی، بردنەوەی خەڵاتەکە لەلایەن میسی بە “ئابڕووچوون” وەسفکرد، بەهۆی دەستکەوتەكانی هالاند بۆ یانەی مانچستەر سیتی.

هێنری دەڵێت: تێدەگەم بردنەوەی نازناوی مۆندیال لەلایەن میسییەوە شتێکی گەورەیە، بەڵام پێویستە سەرنج لەسەر ئەو تیپە بێت، کە سێ نازناوی بەدەستهێناوە، هەروەها ئەوەی هالاند بە ژمارە پێوانەییەکانی کردوویەتی، كەم یاریزانە هەیە هاوشانی بێت، بۆیە ئەو شایەنی خەڵاتی تۆپی ئاڵتونییە، ئەگەر هالاند بەدەستی ناهێنێت، ئەوە “ئابڕووچوونە”.

مەراسیمی دابەشكردنی خەڵاتی “باڵۆندۆر” ئێوارەی رۆژی دوو شەممە لە شانۆی شاتلێت لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، کاتژمێر ٨:٣٠ شەو بە کاتی ناوخۆیی بەرێوەدەچێت، كە لەلایەن گۆڤاری فرانس فتبۆڵ پێشكەش دەكرێت.

مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوو گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ لیستی ئەو یاریزانانەی ئاشکراکرد، کە پاڵێوراون بۆ خەڵاتی تۆپی ئاڵتونی باشترین یاریزان بۆ وەرزی ڕابردوو.

لە لیستەکەدا، وەک چاوەڕوان دەکرا، لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی و ئێرلینگ هالاند هێرشبەری نەرویجی و مانچستەر سیتی و کیلیان مباپی هێرشبەری فەرەنسی پاریس سانجێرمان هەیە، كە سێ‌ بەهێزترین ركابەرن بۆ بردنەوەی تۆپە ئاڵتوونییەكە.

هەروەها دیارترین یاریزانەکانی تر، كە ناویان لە لیستەکەدا هەبوو، محەممەد سەڵاح یاریزانی میسری و یانەی لیڤەرپووڵ، جگە لەو کەریم بنزیمە یاریزانی پێشووی یانەی ڕیال مەدریدی ئیسپانی و یاریزانی ئێستای یانەی ئیتیحادی سعودی هەیە.

هاوكات ناوی کیڤن دی برۆین و بێرناردۆ سیلڤا یاریزانانی مانچستەر سیتی لە لیستەکەدا هەیە، جود بێلینگهام ئەستێرەی لاوی ئینگلیزی، کە لە ئێستادا یاری بۆ ڕیال مەدرید دەکات، دیارترین ئەو یاریزانەیە، كە لە لیستەکەدا ناوی، ئەمە جگە لەنەبوونی ناوی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی پورتوگالی، کە یاریزانی یانەی نەسری سعودیەیەو چەند ساڵێك ركابەری میسی بوو، خاوەنی پێنج تۆپی ئاڵتوونیشە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button