مۆندیال “بەجیاوازییەکانیەوە” دەستپێدەکات

زووم، ئاژانسەکان:

سەربارى رەخنە و نیگەرانییەکان، دواجار ئێوارەى ئەمڕۆ شەندەفەرەکەى مۆندیالى قەتەر دەکەوێتەڕێ و کاتژمێر 7:00 بە کاتى هەولێر، یەکەم یارى پاڵەوانێتییەکە لە نێوان قەتەر و ئیکوادۆر لە یاریگاى “ئەلبەیت” بەڕێوەدەچێت.

مۆندیالى ئەمجارە جیاوازە، چونکە یەکەمجارە لە وڵاتێکى موسوڵمان و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەدەچێت، ئەوەش کۆمەڵێک مشتومڕی بەدوای خۆیدا هێناوە.

یەکەم یارى پاڵەوانێتییەکە لە نێوان قەتەر و ئیکوادۆر لە یاریگاى “ئەلبەیت” بەڕێوەدەچێت

بەهۆی مشتومڕەکانەوە یەکێتی تۆپی پێی جیهانیى “فیفا” داوای لە هەر 32 وڵاتە رکابەرەکە کردووە “تەرکیزیان لەسەر تۆپی پێ بێت”.

یەکێک لەو بابەتانەى کە رەخنەى توندى لە قەتەر پێدەگیرێت، گیانلەدەستدانى کرێکارانە لە کاتى دروستکردنى یاریگاکاندا.

مانگى شوباتى ساڵى رابردوو رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لە راپۆرتێکدا ئاماژەى بەوەدابوو لەو کاتەوەی قەتەر ئامادەکارییەکانى دەستپێکردووە، شەش هەزار و 500 کرێکارى هیندستان، پاکستان، نیپاڵ، بەنگلادیش و سریلانکا گیانیان لەدەستداوە.

بەڵام حکومەتی قەتەر ئەو ژمارەیە بە چەواشەکارانە لە قەڵەم دەدات و دەڵێت هەموو ئەو کەسانەى گیانیان لەدەستداوە لە پڕۆژەکانی پەیوەست بە مۆندیال کاریان نەکردووە، بەڵکو لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2020 تەنها 37 حاڵەتی مردنی کرێکار لە دروستکردنی یاریگاکان هەبووە، کە تەنها سێ کەسیان “پەیوەندی بەکاتی کارەوە” هەبووە.

یەکێکی دیکە لە پرسەکان بابەتی هاوڕەگەزخوازییە، کە  قەتەر بە لەبەرچاوگرتنی پابەندبوونی بە بنەماکانى ئاینى ئیسلامەوە، هاوڕەگەزخوازى لە وڵاتەکەیدا قەدەغەکردووە و هەر کەسێک ئەو تۆمەتەى بەسەردا ساخ ببێتەوە سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەردا دەسەپێنرێت.

قەتەر بە لەبەرچاوگرتنی پابەندبوونی بە بنەماکانى ئاینى ئیسلامەوە، هاوڕەگەزخوازى لە وڵاتەکەیدا قەدەغەکردووە

کاتێکیش لەبارەی پاڵپشتی بۆ کۆمەڵەی هاوڕەگەزخوازەکان پرسیار لە کۆنر کۆدی بەرگریکاری ئینگلتەرا  کرا بەڵام ئەو لە وەڵامدا گوتى “ئێمە سیاسەتمەدار نین.”

رۆژێک پێش دەستپێکردنى یارییەکانى مۆندیال، جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا بە دوور و درێژیی لەبارەى ئەو رەخنە و تۆمەتانە دوا کە لە قەتەر دەگیرێن و لەسەر ئەو پرسە رۆژئاواییەکانى بە “دووڕوو” تۆمەتبار کرد.

ئینفانتینۆ کە نزیکەى کاتژمێرێک قسەى کرد، بەرگرییەکی پڕ لە سۆزى لە قەتەر و پاڵەوانێتییەکە کرد.

ئینفانتینۆ گوتى، پێویستە گەلانی ئەوروپا داوای لێبوردن بکەن بۆ ئەو کردەوانەی لە مێژووی خۆیاندا ئەنجامیانداوە، نەک سەرنجیان لەسەر پرسی کرێکارانی کۆچبەر بێت لە قەتەر.

یەکێکى دیکە لەو بابەتانەى کە رەخنەى لێدەگیرێت، قەدەغەکردنی فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکانە لە دەوروبەر و نێو یاریگاکان، لەوبارەیەوە سەرۆکى فیفا دەڵێت ئەگەر لە رۆژێکدا سێ کاتژمێر بیرە نەخۆنەوە، پێموایە هەر دەتوانن لە ژیاندا بمێننەوە.

یەکێکى دیکە لەو بابەتانەى کە رەخنەى لێدەگیرێت، قەدەغەکردنی فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکانە

 

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button