هەموو چاوەکان ئەمشەو لەسەر بوداپێست دەبێت

شاری بوداپێست، لێرە هەموو رەنگەکان بوونەتە رەنگی یەک پاڵەوانێتی و دوو لۆگۆ، یانەی رۆمای ئیتاڵی و سیڤیلیەی ئیسپانی، هەمووان لە چاوەڕوانی ئەوەدان ئەمشەو کامیان لە شارەکەدا ئاهەنگ بۆ بردنەوەی نازناوی یۆرۆپالیگ دەگێڕێت.

ژمارەیەکی زۆری هاندەری هەردوو یانە لە ئیتاڵیا و ئیسپانیاوە چوونەتە هەنگاریا، لە شارەکە خەڵکێکی زۆر سەرقاڵی خۆ ئامادەکردنە بۆ یارییەکە، هاندەران بە رەنگی تیپە دڵخوازەکانیان خۆیان ئامادەدەکەن و بەر لەوەی یانەکانیان رکابەری لەسەر بردنەوەی جامەکە بکەن، ئەوان وێنەی یادگاری لەگەڵ دەگرن.

یاریگەی پوشکاش ئارێنا ئەمشەو میوانداریی هەردوو یانە ئیتاڵی و ئیسپانییەکە دەکات، یەکێکیان دەبێتە پاڵەوان و ئەوەی دیکەشیان بە دڵتەنگییەوە دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی.

یاریگەی پوشکاش ئارێنا، یاریگەیەکی سەرنجڕاکێش و جوانە و بۆ هەنگارییەکان وەک سیمبولێکی مێژوویی دەمێنێتەوە، یاریگەکە لە ساڵی 2019 کراوەتەوە، 533 ملیۆن یۆرۆی تێچووە، تاوەکو بەر لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا یاریگەکە یاریگەیەکی ئاسایی بوو، بەڵام دوای کۆرۆنا بووە ناوێکی دیار و کاتێک جیهان بە بارودۆخێکی سەختدا تێپەڕی، ئەم دەرگای خێری بەڕوودا کرایەوە و زۆرترین یاریی چامپیۆنزلیگی تێدا ئەنجامدرا.

ئەمە دووەم یاریی کۆتاییە لەسەر ئاستی کیشوەری لە یاریگەکەدا بکرێت، پێشتر لە 2020 یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئەوروپای تێدا کرا و ئەو کاتە سیڤیلیە بە بایرن میونشن دۆڕا، ئەمشەو یانە ئیسپانییەکە نایەوێت لە هەمان یاریگە و هەمان شار دووەم نازناوی کیشوەریی لەدەستبدات، بەتایبەت کە بردنەوەی نازناوەکە ئەوان دەگەیێنێتە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو و وە ئەمان پاشای ئەم پاڵەوانێتییەن.

هەواڵی زیاتر

Back to top button