چیرۆکی وەفای مێسی بۆ هاوڕێ نەخۆشەکەی

هاوڕێی تەمەن.. لە کوێوە بۆ کوێ؟

زووم، ئاژانسەکان:

پاش هەوڵە شکستخواردووەکانی لە ساڵی 2006ەوە، سەرەنجام لیۆنێل مێسی نازناوی مۆندیالی بەدەستهێنا. مێسی لەو دۆخەدا هاوڕێی تەمەنی خۆی لە بیرنەکرد، ئەو هاوڕێیەی نەخۆشیی ناچاریکردبوو واز لە یاری بهێنێت.

سێرجیۆ ئەگوێرۆ کاروانێکی دوور و درێژی لەگەڵ ئەرجەنتین بەسەربرد، ئەو لە سەردەمی لیۆی ئەفسانەدا هێرشبەری ژمارە یەک بوو، لە 101 یاریدا 41 گۆڵی بۆ تانگۆ تۆمارکرد. بەڵام بەر لەدەستپێکردنی مۆندیالی 2022 و بەهۆی نەخۆشییەوە ناچار بوو کۆتایی بە تەمەنی یاریکردنی خۆی بهێنێت.

ئەگوێرۆ ساڵی 2021 و چەند مانگێک پاش پەیوەندیکردنی بە یانەی بەرشەلۆنەوە، وازی لە یاریکردن هێنا، پاشئەوەی تووشی جۆرێک لە نەخۆشیی دڵ بوو، پزیشکەکان پێیان راگەیاند، ناتوانێت ئیدی قاچ لە تۆپ بداتەوە.

ئەگوێرۆ لە یەکێک لە یارییەکانی یانەکەیدا بەرامبەر دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس تووشی کێشە بوو لە دڵیدا، دواتر پزیشکەکان پێیانگوت، بەردەوامبوون لەسەر تۆپی پێ “مەترسی لەسەر ژیانت دروستدەکات”.

ئەستێرەکەی پێشووی مانچستەر سیتی سەرجەم هەوڵەکانی بۆ گەڕانەوە بۆ نێو یاریگە شکستیهێنا، لەکۆتاییدا لە تۆپ دورکەوتەوە و نەیتوانی وەکو یاریزانی ئەرجەنتین گەشتی مۆندیالی قەتەر بکات.

چیرۆکی ئەگوێرۆ و مێسی زۆر کۆنترە لەوەی پێشبینی دەکەین، ئەوان لە تیمەکانی تازەپێگەیشتووان و لاوانی ئەرجەنتینەوە پێکەوە یارییان کردووە، پەیوەندییەکی هاوڕێیانەی توندوتۆڵ بەیەکەوە دەیانبەستێتەوە، هەمیشە لە کەمپی مەشق و راهێنانەکاندا پێکەوە بوون و تەنانەت لە یەک ژووردا پێکەوە خەوتوون.

هەم ئەگوێرۆ دەیویست مێسی بباتە مانچستەر سیتی و هەم مێسی هەوڵیدەدا ئەگوێرۆ بباتە بەرشەلۆنە، بەڵام تاهەتایە نەیانتوانی پێکەوە لە یانەیەکدا یاری بکەن.

پشتگیریکردنی مێسی لە ئەگوێرۆ گەیشتە ئەو رادەیەی لە گەشتەکەی قەتەردا جێگەی تایبەتی خۆی وەربگرێتەوە، لە کەمپەکە پێکەوە بوون و ئێوارەی پێش یاریی کۆتاییش پێکەوە گفتوگۆیان دەکرد و باسیان لە ئەگەری بردنەوەی نازناوەکە دەکرد.

ئەگوێرۆ درێسێکی ئەرجەنتینی پێبەخشرا و بە رەزامەندیی راهێنەر و هەموو ئەندامانی تیمەکە، خۆی وەکو یاریزانێکی تیمەکە دەبینی و لەسەر سەکۆی وەرگرتنی خەڵاتەکان جامەکەی بەرزکردەوە، ئەگوێرۆ بە دڵە لاوازەکەیەوە مێسی هەڵگرت و خستیە سەر شانی “ئەو دیمەنەی هەرگیز لەبیرناکرێت”.

هەواڵی زیاتر

Back to top button