نەتەوەیەکگرتووەکان فشار لە روسیا بۆ تازەکردنەوەى رێککەوتنی دانەوێڵە دەکات

زووم، ئەسۆشیەتد پرێس

ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێس بڵاویکردەوە، دوێنێ هەینی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەکەگرتووەکان فشار خراوەتە سەر روسیا بۆ رێگری لە قەیرانی خۆراک لە جیهاندا و داوای لێکراوە بەخێرایی رێککەوتننامەی هەناردەی دانەوێڵەی ئۆکراین تازە بکاتەوە.

رۆژى 17ى تەمموز، ماوەى رێککەوتنى نێوان روسیا و ئۆکراین کۆتاییهات، کە بەنێوەندگیرى نەتەوەیەکگرتووەکان و تورکیا لە ئیستەنبوڵ ساڵى رابردوو واژۆکرا. روسیا ئامادەىنەبوو بۆ جارى سێیەم رێککەتنەکە درێژبکاتەوە.

لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى ئاسایشى نەتەوەیەکگرتووەکان، لەبارەی هێرشەکانی سەر بەندەرەکانی بارکردنی دانەوێڵە لە ئۆکراین، مۆسکۆ رەخنەی توندی لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنەکەوە لێگیرا و هێرشەکانی بۆسەر ژێرخانی مەدەنی بە سەرپێچی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان وەسفکرا.

نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری داوەتە مۆسکۆ هەر هێرش و رووداوێک لەناوچە مەترسییدارەکانى دەریاى رەش رووبدات و کەشتییەکان بکرێنە ئامانج، کاریگەریی کارەساتبار بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

لەبەرامبەردا، باڵیۆزى روسیا لە نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، بۆیە لە رێککەوتننامەی دانەوێلە کشاوەتەوە، چونکە نەتەوەیەکگرتووەکان شکستیهێناوە لەوەی بەربەستەکانی بەردەم هەناردەی خۆراک و پەینی کشتوکاڵی وڵاتەکەی بۆ بازاڕەکانی جیهان لابەرێت، ئەمەشی بە نیوەکەی دیکەی رێککەوتننامەکە ناوبردووە.

ئاماژەی بەوەشداوە چاو بە بڕیارەکەیدا دەخشێنێتەوە ئەگەر ئەو بەربەستانە لاببرێن و پری راگرتنی مامەڵە بانکییەکانی مۆسکۆ چارەسەر بکرێن.

جێن شوانگ جێگری باڵیۆزی چین لە نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، ئەنتۆنیۆ گوتێرێزی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بەتەواوی پابەندە بە رێککەوتننامەکەی نێوان روسیا و ئۆکراین لەبارەی هەناردەی دانەوێڵەی ئۆکراین و خواردن و پەینی کشتوکاڵی روسیا بۆ بازارەکانی ئۆکراین.

هیواشی خواست روسیا و نەتەوەیەکگرتووەکان بەیەکەوە کاربکەن بۆ ئەوەی لە کاتێکی نزیکدا هەناردەی بەرهەمەکان لەهەردوو وڵاتەوە دەستپێبکاتەوە و سەقامگیریی ئاسایشی خۆراکی جیهانی دەستەبەر بکات و نرخی خواردەمەنی لە وڵاتە تازە پێگەیشتووەکاندا نزم ببێتەوە.

لیندا تۆماس-گرینفیڵد باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان، لەوبارەیەوە روسیای تۆمەتبارکرد بەوەی کە دەریای رەش وەک هەڕەشە بەکاردەهێنێت و گەمەی سیاسی پێوە دەکات.

ئەو ئاماژەی بەوەشدا مۆسکۆ لە ئێستادا هەناردەی زیاتری بەرهەمی دانەوێڵەی وڵاتەکەی دەکات بە نرخێکی زیاتر. داواشی لە ئەنجومەنی ئاسایش و هە 193 ئەندامەکەی کرد کە بەیەکبگرن و داوا لە روسیا بکەن بە متمانەیەکی بەهێزەوە بەردەوامی بە دانوستانەکان بدات.

بەهۆی وەستانی هەناردەی دانەوێڵەوە، چەندین وڵاتی تازەپێگەیشتوو هۆشیارییان داوە لە بەرزبوونەوەی نرخی گەنم لە وڵاتەکانیاندا، بەهۆی ئەوەی رێککەوتننامەی دانەوێڵە کە ساڵی رابردوو لەهەمانکاتدا واژۆکرا، رۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە دابەزینی نرخی خواردەمەنی لە بازاڕەکانی جیهاندا، کە پێشتر لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی روسیا و ئۆکراین بەربوونەوەیەکی بەرچاویان بەخۆیانەوە بینیبوو.

بەگوێرەى رێککەوتننامەکە، ئۆکراین دەیتوانی کەشتییەکانی لەرێگەی دەریای رەشەوە بەبێ مەترسییەکانی روسیا هەناردە بکات. بەڵام لەدوای دووشەممەی رابردوو و کشانەوەی روسیا لە رێککەوتننامەکە، روسیا رایگەیاند، هەر کەشتییەک لە بەندرەکانی ئۆکراینەوە ببینرێت وەک کەشتی پڕ لە چەک و تەقەمەنی هەژمار دەکات. بەهەمان شێوەش ئۆکراین رایگەیاند هەر کەشتییەکی بەندەرەکانی روسیا وەک ئامانجی سەربازیی هەژماردەکەن.

بەگوێرەى زانیارییەکانی ئەمریکا، لەوکاتەوە روسیا مینی دەریایی زیاتری لە رێرەوە ئاویەکاندا چاندووە و چەندین شەوی یەک لەدوای یەک هێرشێ بۆسەر بندەراکنی ئۆکراین کردووە و بە دەیان تۆن دانەوێڵەی لەناوبردووە.

سەرۆکی رێکخراوی مرۆیی نەتەوەیەکگرتووەکان دۆخەکەی بە کارەساتی مرۆیی ناوبرد و رایگەیاند، لە ئێستادا 362 ملیۆن کەس لەجیهاندا لە 69 وڵاتی جیاوز پێویستییان بە هاوکارییە، ئەمەش بەرزترین ئاستە کە تا ئێستا تۆمارکرابێت و پێویستی بە 55 ملیۆن دۆلارە بۆ چارەسەرکردنی.

هەواڵی زیاتر

Back to top button