فوئاد حسێن: کێشەی دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوت لە نێوان هەولێر و بەغدادایە

زووم:

فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، کێشەی دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە نێوان حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێمدایە.

فوئاد حسێن لە میانی پانێڵێکدا لە پەراوێزی کۆڕبەندی داڤۆس لە سویسرا گوتی، هەرێمی کوردستان و عێراق رێککەوتنێکیان لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت واژۆ کردووە، لە ماوەی رابردووشدا بە سەرۆکایەتیی شاندێکی عێراق چووەتە تورکیا و قسەیان لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان کردووە.

گوتیشی، هیچ کێشەیەک لە ‌هێڵی بۆریی گواستنەوەی نەوت نییە و تورکیا ئامادەیی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەربڕیووە، ئێستا کێشەکە لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقدایە و  هەردوولاش دوو رۆژ پێش ئێستا رێککەوتنێکیان کردووە لەسەر چۆنێتی مامەڵەکردن لەسەر ئەو پرسە و  هیوادارین لە نزیکترین کاتدا هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە.

لە 25 ئازارى 2023وە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ تورکیا راگیراوە، ئەوەش دواى بڕیارێکى دادگاى ناوبژیوانى پاریس، کە سکاڵایەکى عێراقى لە دژى تورکیا یەکلاکردەوە، هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى لە رێگەى تورکیاوە بە نایاسایی لە قەڵەداو سزاى قەرەبووى بەسەر ئەنقەرەدا سەپاند.

وەزیری دەرەوەی عێراق لەبارەی هێرشەکەی شەوی دووشەممەی ئێران بۆسەر هەولێر پرسیاری لێکرا و لە وەڵامدا گوتی، ئێران بەڵێن و رێککەوتنەکانی لەگەڵ عێراق پێشێل کرد، ئەوەش پێشێلکارییە دژی عێراق و یاسا نێودەوڵەتییەکان.

هەر لە میانی پانێڵەکەدا، فوئاد حسێن رایگەیاند، گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، کاریگەرییان لەسەر عێراق هەیە و لەسەر خاکی عێراق رەنگیان داوەتەوە.

هەروەها راشیگەیاند، چەندینجار هەوڵی نێوەندگیرییان لە نێوان ئەمریکا و ئێرانداوە، چونکە ئەگەر گرژییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە کەم بێت، ناسەقامگیری لە عێراقیش کەم دەبێت.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button