
زووم:
گۆڕانی کەشوهەوا بە سەختی زیانی بە عێراق گەیاندووە، کە پێنجەمین وڵاتە لە ریزبەندی وڵاتە زۆر لاوازەکانی کەش و هەوا لە جیهان.
بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژینگە بڵاویکردووەتەوە، بۆ پاراستن و برەودان بە ژینگەیەکی سەوز لە نێو نووسینگەو شوێنەکانی نیشتەجێی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەغداو هەموو شوێنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەرتاسەری وڵات لەو پێناوەدا کاردەکەن.
هەروەها بڵاویکردەوە، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق (یونامی) و ڕێکخراوی یونیسێف لە عێراق لە ئێستا هاوبەشن لە کارکردن بۆ ئایندەیەکی بەردەوام، وەک یەکەمین پڕۆژەی هاوبەشی لەو جۆرە لە شوێنەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا، پڕۆژەی وێستگەی چارەسەرکردنی ئاوی پیس بەشدار دەبێت لە بەڕیوەبردنێکی باشتر و دووبارە بەکارهێنانەوەی ئاوە پیسە چارەسەرکراوەکە بۆ ئاودانی باخچە و پیتاندنی ڕووەکان.
ساندرا لەتوف، نوێنەری یونسێف لەعێراق ئاماژەی بەوە دا، کاری هاوبەشی نێوان یونامی و یونسێف ڕێگای پێداین بۆ کارکردن لە سەر ئامانجەکانی گەشەپیدانی بەردەوام، بەتایبەتیش لەسەر ئەجێندای گۆڕانی کەش و هەوا.
هەروەها هاریش جۆشی سەرۆکی یەکەی پاڵپشتی نێردەی یونامی پێزانینی خۆی بۆ ئەم پڕۆژە هاوبەشە سەوزە ڕاگەیاند و وتی: ئەم هاریکارییە دەبێتە مایەی گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە سیستەمەکانی بەڕێوەبردنی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەر چوار کۆمەڵگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەرتاسەری عێراق.
وتیشی: هاوکاری ئێمە یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی پلانی کردارەکانی کەشوهەوا، هەروەها مەبەستەکانمان لە ئامانجە جیهانییەکان.