عێراق بەرەو قەتەر دەڕوات بۆ بێمنەتبوون لە غازی ئێرانی

ئەمجارە سەردەگرێت؟

وادیارە راسپاردەکەی هەفتەی رابردووی محەمەد سودانی بۆ دۆزینەوەی جێگرەوەی غازی ئێران تەنها قسە و هەڕەشەی زارەکیی نەبووە، ئەوەتا خەریکە بە فیعلی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەردوو وەزارەتی نەوت و کارەبای عێراق شاندی تایبەتیان پێکهێناوە بۆ ئەوەی بچنە قەتەر و تورکمانستان و گرێبەستی کڕینی غازی سروشتی ئیمزابکەن.

ئەم هەنگاوەی عێراق دژی فشارەکانی ئێرانە، کە ناوبەناو هەڕەشەی کەمکردنەوە و راگرتنی غاز دەکات و هێندەی دیکە هاوینی عێراقییەکان سەختتر دەکات.

ئەمڕۆ زیاد عەلی وەزیری کارەبای عێراق لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ لیژنەی کارەبا و وزەی پەرلەمانی عێراقدا، جەختیکردەوە لەگەڵ وەزارەتی نەوت دوو شاندیان پێکهێناوە تاوەکو بچنە قەتەر و تورکمانستان بە مەبەستی ئەنجامدانی گرێبەست بۆ هاوردەکردنی غازی سروشتی.

وەزیری کارەبا دەڵێت، لەم رێگەیەوە فرەسەرچاوەیی لە هاوردەکردنی غازدا دەهێننەدی، بە تەواوی وەڵامی مەتەڵی کارەبا دەدەنەوە کە دەیان ساڵە عێراقییەکان خەونی پێوە دەبینن.

هەفتەی رابردوو ئێران بڕی غازی هەناردەکراوی بۆ نیوە کەمکردەوە و زەنگی خراپتربوونی دۆخی کارەبای عێراقی لێدا. ئێران ئەمەی وەکو فشارێک بەکارهێنا لەبەرامبەر پاکتاونەکردنی قەرزەکانی لەلایەن عێراقەوە کە پەیوەندیی سزا ئابورییەکانی ئەمریکاوە هەیە بۆسەر ئێران.

ئەم فشارەی ئێران وایکرد، محەمەد سودانی بەپەلە رێککەوتنی غاز بەرامبەر نەوتی رەش لەگەڵ ئێرانییەکان ئیمزابکات، بەو ئامانجەی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا بگەڕێتەوە دۆخی پێشوو کە 26 هەزار مێگاواتە، لەکاتێکدا عێراق پێویستی بە 34 هەزار مێگاوات کارەبا هەیە ئەگەر بیەوێت کارەبای 24 کاتژمێری بدات، ئەوەش بەپێی تازەترین ئاماری وەزارەتی کارەبا.

سودانی هاوکات لەگەڵ هەوڵەکانی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی غازی ئێران، لەهەمانکاتدا فەرمانیشیدا جێگرەوە بۆ غازی ئێران بدۆزرێتەوە، پێشنیازیشیکرد جێگرەوەکان قەتەر و تورکمانستان بن.

بیرۆکەی هاوردەکردنی غاز لە قەتەرەوە تازە نییە و لە ساڵی رابردووەوە و لە سەردەمی مستەفا کازمیدا قسەی لەسەر کراوە، ئەوەش هەوڵێکە بۆ فرەسەرچاوەکردنی غاز تاوەکو چیتر ئێران نەتوانێت لە وەرزی هاویندا فشار لە عێراقییەکان بکات.

مانگی شوباتی ساڵی رابردوو، عادل کەریم وەزیری ئەوکاتەی کارەبای عێراق سەردانی قەتەری کرد و لەگەڵ سەعد شریدە کەعبی وەزیری نەوت و وزەی ئەو وڵاتە تاوتوێی هەناردەی غازی قەتەریان کرد بۆ عێراق. بە گوێرەی راگەیەنراوی فەرمی لەو کاتەدا، “هەموو پرسە لۆجستییەکانی پێویست بۆ هەناردەکردنی غاز لەڕێگەی بەندەرەکانی قەتەرەوە بۆ بەندەرەکانی عێراق تاوتوێکران”.

ئەو کاتە وەزارەتی کارەبا جەختیکردەوە کە پێویستیان بە “کۆمەڵێک بابەتی لۆجستی هەیە لەوانە دروستکردنی سەکۆی غازی و دروستکردنی هێڵی بۆری”، وەزارەتەکە پێشبینی کرد ھەردوولا بەم نزیکانە دەگەنە رێککەوتن، بەڵام ئەوە هەرگیز رووی نەدا.

 

بۆچی جێبەجێنەکرا؟

وەزیری ئەوکاتەی کارەبای عێراق پێشبینیکردبوو “پرۆژەی هاوردەرکردنی غازی قەتەری لە ماوەی ساڵێک بۆ 15 مانگ تەواوبێت ئەگەر ئیمکانیات هەبوو”. بەڵام هەم گوتەبێژی کارەبا و هەم چەند پەرلەمانتارێک ئاشکرایانکردووە، ئاستەنگی سەرەکی لە بەرامبەر هاوردەکردنی غازی قەتەر ئەوەیە کە عێراق ژێرخانی پێویستی نییە بۆ ئەم پرۆسەیە، بەوپێیەی قەتەر لەڕێگەی کەشتییەکانەوە غازی شل (LNG) هەناردە دەکات، بەڵام وێستگە کارەباییەکانی عێراق بە غازی سروشتی (LPG) کاردەکەن، بۆیە پێویستە چەند سەکۆیەکی تایبەتمەند هەبێت بۆ گۆڕینی غازی شل بۆ غازی سروشتی، ئەمەش پێویستی بە هەشت مانگ دەبوو، بەڵام حکومەتی ئێستا و ئەوانەی پێشووش هیچ هەنگاوێکیان بۆ دروستکردنی ئەم ژێرخانە نەناوە تاوەکو پێشوازی لە غازی قەتەری بکات.

هەرچەندە لە گەرمی دانوستانەکانی ساڵی ڕابردووی عێراق و قەتەر یەکێک لە پێشنیازەکان دروستکردنی هێڵێکی بۆری راکێشانی غازی سروشتی بوو لە بەندەی حەمدی قەتەرییەوە بۆ بەندەری فاوی عێراقی، بەڵام بە گوتەی وەزارەتی کارەبا، تەنها راکێشانی بۆرییەکە سێ ساڵی ویستووە، ئەوەش پێویستی بەپەلەی عێراق بەجێناگەیەنێت.

بەڵام هاوردەکردنی غازی ئێرانی بۆ عێراق ئاسانترە چونکە ژێرخانی گواستنەوەی ئامادەکراوی هەبووە و هەروەها جۆری غازەکەش غازی سروشتییە و پێویستی بە گۆڕینی نییە چونکە لەڕێگەی بۆرییەوە دەگوازرێتەوە، ڕێگاکەشی نزیکە و هەرزانترین نرخیشە بەراورد بە وڵاتانی تر، چونکە ئێران بەهۆی سزا ئابورییەکانی ئەمریکاوە، ناتوانێت هەناردەی وڵاتانی تری بکات.

ئاستە تەکنیکییەکانی پرۆژەکە هێندە سەخت نین و رەنگە بە هەشت تا  ئاستەنگێکی تر لایەنە عێراقییەکانی نزیک لە ئێران  مانگ چارەسەر بنن، بەڵام رەنگە ئاستەنگی سیاسی هەبێت، ئەوەتا لایەنە عێراقییەکانی نزیک لە ئێران لە میدیاکانی خۆیانەوە بە ناڕاستەوخۆ دژایەتی بیرۆکەی هاوردەکردنی غاز لە وڵاتانی ترەوە دەکەن و پێیانوایە حکومەتی سودانی بە فشاری ئەمریکا ئەو کارە دەکات تاوەکو چیتر عێراق ناچار نەبێت لە ئێرانەوە غاز هاوردەبکات.

 

ئەمجارە سودانی جدیتر دەردەکەوێت

هەرچەندە سودانی زۆر بە جدی کار بۆ بە کۆتاییگەیاندنی ئەم پرسە دەکات، بەڵامی ئەوەی جێگەی سەرنجە بوو باسنەکردنی ئەم بابەتە بوو بە ئاشکرا لە سەردانی ناوەڕاستی حوزەیرانی میری قەتەر بۆ بەغدا، لە راگەیەنراوی فەرمی هەردوولا باسی “بەرزکردنەوەی ئاستی هەماهەنگیی بۆ وەبەرهێنان لە بواری وزە، نەوت و غاز و تیشکی خۆر” هاتووە بەڵام بە هیچ شێوەیەک باس لە هاوردەکردنی غاز نەکراوە، وەک چۆن باس لە وردەکاری پرۆژەکانی تری قەتەر کە بە پێنج ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت کراوە.

بەڵام پێدەچێت ئەمجارە پرۆژەکە ئاسانتر سەربگرێت بە تایبەت کە پێشتر قەتەر رەزامەندی داوە و هەروەها لە رێککەوتنە زەبەلاحەکەی حکومەتی عێراق لەگەڵ تۆتاڵی فەڕەنسی کە هەفتەی رابردوو ئیمزا کرا، قەتەر پشکی 25%ی هەیە و بەشدار دەبێت لە بەرهەمهێنانی غازی سروشتیدا لە عێراق.

سودانی هاوردەکردنی غازی لە وڵاتانەوە بە پلانی خێرا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا ناوبرد و جەختیکردەوە کە لە ماوەی دوو تا سێ ساڵی داهاتوودا، چیتر پێویستیان بە هاوردەکردنی غاز نامێنێت و عێراق دەگاتە ئاستی خۆبژێوی لە غازی سروشتیدا، بەڵگەی جێبەجێکردنی پلانەکەشی بە ئیمزاکردنی رێککەوتنەکەی لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵی فەڕەنسی هێنایەوە کە یەکێک لە پڕۆژەکانی بریتییە لە وەبەرهێنانی غازی هاوڵ تا 600 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا، هەروەها ئیمزاکردنی گه‌ڕی پێنجەمی دانوستانەکان سەبارەت بە وەبەرهێنانی غاز لە چوارچێوەی پلانی مامناوەند کە لەئێستادا کۆمپانیاکانی ئیماراتی دەستیان کردووە بە وەبەرهێنان لە کێڵگە غازییەکان، کۆمپانیا چینییەکانیش لەسه‌روبه‌ندی ده‌ستبه‌كاربووندان، و ئەم خولەش لەنێوان 550-600 ملیۆن پێ سێجا غاز بۆ عێراق دابین دەکات.

سودانی جەختیکردەوە کە “ئەم پڕۆژانە وامان لێدەکەن لە ماوەی دوو بۆ سێ ساڵدا لە هەر جۆرە غازێکی هاوردەکراو دووربکەوین، هەروەها ده‌بنه‌ هۆی چارەسەری ڕاستەقینە و کۆتایی قەیرانەکە، وپشت به‌ستن بە غازی عێراقه‌وە، ئەمەش ئەو شتانەمان بۆ دابین دەکات کە پێویستمانە بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا.”

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button