دەمیرتاش: ئەردۆغان بە هەڵبژاردن هاتووە و بە هەڵبژاردنیش دەڕوات

"پێویستە سەرکردەکانی رۆژئاوا دەست لە هاوکاریکردنی ئەردۆغان هەڵبگرن"

زووم:

سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، کە لە ساڵی 2016ەوە لە زیندانە، دەڵێت، ئەگەر ئەردۆغان ئەنجامی هەڵبژاردن قبوڵ نەکات، گەلی تورکیاش ئەو قبوڵ ناکات و ئەگەر هەوڵی کودەتاش بدات، “کۆشکەکەی بەسەردا دەڕوخێنن”.

دەمیرتاش، لە رێگەی ماڵپەڕی (WDR COSMO) کە هەواڵ و راپۆرتە و چاوپێکەوتنەکان بە شێوەی پۆدکاست بڵاودەکاتەوە، وەڵامی پرسیاری ئەم کەسایەتییانەی داوەتەوە: دەرهێنەر فاتیح ئاکن، نووسەران گۆنتێر وەڵراف و نەڤید کێرمانی، رۆژنامەنووسان جان دوندار، فولیا جانشەن، فریدریک گیردینک، سڤین لۆریگ، دونجا هایالی، گۆر یەرانیان، ماک لۆوین، هاسناین کازم، نەژدا کریوەلد و دەنیز ناکی یاریزانی پێشووی ئامەد سپۆر.

دەمیرتاش: هەدەپە رۆڵی خۆی بینیوە لە کەمکردنەوەی هەژموونی رژێمی سەپێنراو

  • فولیا جانشین سەرنووسەری ماڵپەڕی (WDR): هەدەپە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا لە ئەستەنبوڵ هاوکاریی جەهەپەی کرد، ئایا پاداشتەکەی وەرگرتەوە؟ ئایا دەیەوێت جارێکی دیکە هاوکاریی جەهەپە بکاتەوە؟

دەمیرتاش: لە راستیدا هەدەپە لە دوایین هەڵبژاردنەکانی شارەوانیدا هاوکاریی کەسی نەکردووە، تێکۆشانی دیموکراسی فراوان کردووە، ئەرکی مێژوویی خۆی لەمەرامبەر کەمکردنەوەی هەژموونی رژێمی سەپێنراو بەجێهێناوە. ئەرکی خۆی بەجێ هێناوە. هەدەپە لەمەش بەدواوە بەهمان بەرپرسیاری و تێگەیشتنە دەجوولێتەوە.

دەمیرتاش بۆ وڵاتانی رۆژئاوا: ئەوەمان بەسە کە رێککەوتنی قێزەون لەگەڵ ئەردۆغان ئیمزا نەکەن

  • مارک لۆوین رۆژنامەنووسی بی بی سی: ئێوە داوا دەکەن وڵاتان و سەرکردەکانی رۆژئاوا بۆ کۆتاییهێنان بە زیندانیکردنتان چی هەنگاوێک بنێن؟ پێتانباشە چی جۆرە فشارێک دروستبکەن؟ ئایا فشارەکانیان دەتوانن، بڕیارەکانی حکومەتی تورکیا بگۆڕن؟

دەمیرتاش: بەڕێز مارک دەمەوێت زۆر بە سادەیی وەڵامتان بدەمەوە، قسەکانم ئاڵۆز ناکەم. ئەگەر سەرۆکەکانی وڵاتانی رۆژئاوا دەستوەردان نەکەن، ئێمە باشییەکی دیکەمان ناوێت. بەم ئەندازەیە لەگەڵ ئەردۆغان کار نەکەن، ئەوەمان بەسە کە رێککەوتنە قێزەونەکان لەگەڵ ئەردۆغان ئیمزا نەکەن. ئێمە چاوەڕێی پشتگیری راستەخۆ ناکەین، بەڵام پێویستە نەبنە بەربەستیش لە بەردەمماندا.

دەمیرتاش: مەڵێن ئاوارە، بڵێن راگواستنی زۆرەملێ

  • نەژدا کریوەلد بێژەی کەناڵی (NTV)ی ئەڵمانی: بە بۆچوونی ئێوە کێشەی ئاوارەکان چۆن چارەسەر دەکرێت؟

دەمیرتاش: ناوی پرسەکە، پرسی ئاوارەکان نییە، بەڵکو پرسی راگواستنی زۆرەملێیە. شیکردنەوەی بابەتەکە بەمشێوەیە، ئاسانکاریمان بۆ دەکات کە روانگەیەکی راست و دادپەروەرانەتر، لە هۆکارەکان و چارەسەرەکانی کێشەکە بخەینەڕوو.

پرسیارەکە ئەمەیە، کێ، بۆچی کەسێکی دیکە بە زۆر ئاوارە دەکات؟ هەموو ئەوروپی، کەنەدی، ئەمریکی و تورکێک، پێویستە ئەم پرسیارە لە حکومەت و دەوڵەتەکەیان بکەن و پێویستە وەڵامێکی دادپەروەرانە لەم رووەوە بدەنەوە.

دەمیرتاش: ئەوروپییەکان سامانی ژێرزەوی وڵاتانی دیکە تاڵان دەکەن بۆ ئەوەی لە چێشتخانە راقییەکاندا ستێکی گۆشت بە شەرابی سوورەوە بخۆن

دەمیرتاش لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەیدا، ئاماژەی بەوەداوە، کانەکان و سامانی ژێر زەوی لە ئەفریقیا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا لەلایەن کۆمپانیا ئەوروپیەکانەوە و بەگوێرەی سیستمی کۆلۆنیالیزمی مۆدێرن “تاڵان دەکرێت”. “لە بەرامبەریشدا گەلانی ئەوروپا هەوڵی ئەوە دەدەن کە لە رێستۆرانە پێشکەوتووەکاندا، ستێکی گۆشتی نیو کوڵاو لەگەڵ شەرابی سوور و سپیدا بخۆنەوە”.

“ئایا ئەمەیە چارەسەری؟ زۆر ئاسانە، یان دەبێت ئەو ئاوارانەی کە باسی دەکەن، هاوبەشی ئێوە بن لە هەبوونی شەمەندەفەرە خێراکان و ستێک و شەرابەکان، یاخود دەبێت، سامانەکانیان بگەڕێننەوە کە ٣٠٠ ساڵە دەدزرێت، پێویستە لە دڵەوە هاوکارییان بکرێت بۆ دروستکردنی حکومەتێکی دیموکراسی و کۆمەڵگەیەکی ئاوەدان لە خاکەکەیاندا، هانیان بدەن بگەڕێنەوە وڵاتانیان. ئەمە دادپەروەرترین بانگەواز دەبێت کە دەتوانم بۆ دەوڵەت و حکومەتەکانی ئەوروپا بیکەم”.

دەمیرتاش: ئەوەی بەسەر پەنابەراندا دێت، کارەساتێکی مێژووییە

دەمیرتاش لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت، ئەردۆغان پرسی پەنابەران لەدژی وڵاتانی ئەوروپا وەکو کارتێک بەکار دەهێنێت، بەڵام پێویستە ئەوە بزانرێت کە کارەساتی پەنابەران مێژووییە و پرسی یەکسانی و دادپەروەرییە. لەلایەکی دیکەوە ئەوروپییەکان گوایە ئێمەیان فێری یاسا و مافی پەنابەران دەکرد، بەڵام کاتێک پەنابەران گەیشتنە سنورەکانی خۆیان، ئەوانیان لە دەریای ناوەڕاست روبەڕوی مەرگ کردەوە.

“یۆنانیش پەنابەران دەستگیردەکات و ئەشکەنجەیان دەدات، رووتیان دەکاتەوە و پارەکانیان لێوەردەگرێت و دیپۆرتی تورکیایان دەکاتەوە” دەمیرتاش وایگووت.

دەمیرتاش: پێویستە گەلانی ئەوروپا حکومەتەکانیان شەرمەزار بکەن

دەمیرتاش، گوتیشی “ئێمە بڕوامان بە دەسەڵاتدارانی ئەوروپا نییە، بەڵکو بڕوامان بە گەلان، هەندێک پارت و کەسایەتی سیاسی هەیە. ئەگەر دەتانەوێت کارێک بۆ من یاخود بۆ ئێمە بکەن، ئەوەیە کە دووڕووییەکانی حکومەتەکانی ئەوروپا شەرمەزار بکەن، لەدژی سیاسەتەکانیان بوەستنەوە. پەیوەندییەکانی نێوان ئەردۆغان و سەرکردەکانی ئەوروپا شەرمەزار بکەن کە هەموو رۆژێک دەست لەناو دەست دەکەن و مامەڵە بە پەنابەرانەوە دەکەن. ئێوە ناتوانن ئێمە رزگار بکەن و ئێمەش ناتوانین ئێوە رزگار بکەین، بەڵام پێکەوە تێبکۆشین دەتوانین رزگار ببین. واتە یان پێکەوە یان هیچمان”.

دەمیرتاش بە یەکێک لە نووسەرەکان دەڵێت: تۆش هۆکاریت بۆ ئەوەی من لە زیندان بم

لە وەڵامی گۆنتەر وەلرەف نووسەری کتێبی (ئەوانەی خوارەوە) دا کە پرسیاری ئەوەی کردووە، بۆچی لە زینداندایت؟ دەمیرتاش بە تەنزەوە دەڵێت “هۆکارێک کە ئێستا لە زیندانم، تۆیت، تۆڵستۆیە، بەلزاکە، ئەحمەدی خانییە، لێنینە، گیڤارایە، چارلز دیکنزە، نازم حیکمەت و ئەحمەد عارفن”.

هەواڵی زیاتر

Back to top button