زیانەکانی سوتاندنی گاز لە عێراق ساڵانە دەگاتە 12 ملیار دۆلار

زووم، سەباح

مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، زیانەکانی سوتاندنی گاز و هاوردەکردنی ساڵانە بە 12 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت. پێشبینیش دەکات لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوو سوتاندنی گاز سفر ببێتەوە و رێژەی بەکارهێنانی بگاتە لەسەدا 100.

لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوو سوتاندنی گاز سفر دەبێتەوە

مەزهەر دەڵێت، زیانەکانی هاوردەکردنی گاز بۆ کارپێکردنی وێستگە کارەباییەکان و سوتاندنی گازی پاشکۆی نەوت لە کێلگەکانی ناوەڕاست و باشور ساڵانە دەگاتە 12 ملیار دۆلار، ئەمەش تێچوویەکی زۆرە و بارگرانییە لەسەر سەرچاوە نەوتییەکان و سەرچاوە داراییەکانی وڵات.

ئەو دەڵێت، ئەو رێکارانەی سەرۆکوەزیران رایگەیاند لە بواری وزە و بەرهەمهێنانی گازی پاشکۆ، سەرەتایەکە بۆ دوو شت، یەکەمیان وەستاندن و سفرکردنەوەی سوتاندنی گاز، کە ژینگەی عێراقیش دەپارێزێت، دووەمیان بەکارهێنانی گازە بۆ وێستگەکانی کارەبا دوای چارەسەرکردنی. لە ئەنجامدا دوو شت بەدەستدێت، یەکەم بەکارهێنانی گازە سوتێندراوەکە دوومیان، وەستانی هاوردەکردنی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا.

مەزهەر پێشبینی دەکات لە دوو ساڵی داهاتوودا گازی سوتێنراو کەمبێتەوە بۆ سفر، بەکارهێنانەکەشی بگاتە رێژەی %100

وەک راوێژکارەکە رایگەیاند، ئەم پرۆسە ئابورییە پارێزگاری لە ژینگەی عێراق دەکات و ئابوری وڵات دەبوژێنێتەوە.

بەگوێرەى داتاکانى بانکى نێودەوڵەتى، لە پاش روسیا، عێراق لە پلەى دووەمدایە بۆ سوتاندن و بەفیڕۆچوونى گازى کێڵگە نەوتییەکان، کە ساڵانە دەگاتە 18 ملیار مەتر چوارگۆشە و بەهۆیەوە نزیکەى شەش ملیار دۆلار زیانى بەردەکەوێت.

پێشتر محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، ساڵانە لەنێوان  پێنج ملیار و 500 ملیۆن بۆ شەش ملیار و 800 ملیۆن دۆلار لە هاوردەى گازى سروشتى ئێراندا خەرج دەکات.

هەواڵی زیاتر

Back to top button