ئەو موشەکەی بۆ کوشتنی سەدام حسێن دیزاین کرابوو ئێستا بەدەست ئۆکراینەوەیە

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی دەڵێت، ئۆکراین بە موشەکی کروزی جۆری “ستۆرم شادۆو”ی بەریتانی، بە کوردییەکەی دەبێتە سێبەری گەردەلول، هێرشی چڕ و توند دەکاتە سەر ئامانجەکانی روسیا و زیانێکی زۆری بە هێزەکانی مۆسکۆ گەیاندووە.

رۆژنامەکە ئەو موشەکە بە “بکوژی نوێ” وەسف دەکات و دیزاینکەرانی دەڵێن “بۆ کوشتنی سەدام حسێن لەناو گەرماوە تایبەتەکەی خۆیدا دروستکراوە”، وەک ئاماژەیەک بۆ توانایی لە پێکانی ئامانجە هەواڵگرییەکانی بە شێوەیەکی زۆر ورد و تۆکمە.

دەشڵێت، موشەکەکە هاوکاری سوپای ئۆکراینی کردووە ئامانجە روسییەکان لە مەودایەکی دورەوە کە دەگاتە 150 میل بکەنەئامانج بە وردییەکی زۆرە، بە زۆری بۆ لێدانی کاروانی هاوکارییە سەربازییەکانی سوپای روسیا بەکاردەهێنرێت.

باسی لەوەشکردووە، موشەکی ستۆرم شادۆو کە مانگی ئایاری ئەمساڵ چووە خزمەتی سەربازییەوە لە ئۆکراین و ئەو ئەرکەی بۆ کییەڤ بەدەستهێنا کە ساڵی رابردوو دەیویست بە تۆپهاوێژی هیمارسی ئەمریکی بەدەستیبهێنێت کە مەوداکەی تەنها 50 میل بوو.

هەر بەپێی رۆژنامەکە، وەک چۆن تۆپهاوێژی هیمارس روسیای ناچار کرد بنکە سەربازییەکان لە هێڵەکانی پێشەوەی شەڕەوە بکشێنێتەوە لە ترسی بۆردومانکردن، موشەکی ستۆرم شادۆو مۆسکۆی ناچارکردووە دووبارە بیر لە شێوازی ناردنی کاروانە لۆجستییەکانی بکاتەوە.

بەپێی ڕۆژنامەکە، بەرپرسانی ڕووسیا ڕایانگەیاندووە، لە مانگی حوزەیران ئۆکراین موشەکی “ستۆرم شادۆو”ی بەکارهێناوە بۆ روخاندنی پردێک کە مۆسکۆ پشتی پێبەستبوو بۆ ناردنی هێزەکانی بۆ ناوچەکانی خێرسۆن و زاپۆریژیا. بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار کە قسەی بۆ ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ کردووە، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر موشەکەکە کۆگایەکی گەورەی تەقەمەنی روسی لە نزیک گوندی ڕیوکۆڤ لەناوبردووە.

موشەکەکانی ستۆرم شادۆو ڕێگەی بە ئۆکراین داوە هێرش بکاتە سەر ژێرخانی سوپای روسیا لە قووڵایی ناوچە داگیرکراوەکاندا، تەنانەت ژەنەراڵێکی رووسیشی کوشتووە.

دۆگ بوش، سەرۆکی کڕیارانی چەک لە سوپای ئەمریکا بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە، ئۆکراین “زۆر کاریگەرانە” ئەو چەکە بەکاردەهێنێت و جەختیکردووەتەوە کە توانای روسیای سنووردار کردووە بۆ گواستنەوەی کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی.

پێشتر ئۆلێکسی ڕێزنکۆڤ، وەزیری بەرگریی ئۆکراین بە کەناڵێکی تەلەفزیۆنی ناوخۆیی ڕاگەیاندبوو کە موشەکەکە سەرکەوتنی بەڕێژەی 100%ی بەدەستهێناوە لە پێکانی ئامانجەکانی، بەرپرسێکی روسی لە ناوچە داگیرکراوەکانی ئۆکراین بە ئاژانسی هەواڵی تاسی روسی ڕاگەیاندووە کە تێکشکاندنی ئەو مووشەکە “قورسە”.

بەریتانیا تائێستا ژمارەی موشەکەکانی ستۆرم شادۆوی ئاشکرانەکردووە کە رادەستی ئۆکراینی کردووە، بەڵام ڕەنگە گرانیی تێچووی موشەکەکە بڕی ڕەوانەکردنی بۆ ئۆکراین سنووردار بکات، بەڵام شارەزایان جەختدەکەنەوە کە بوونی ئەو مووشەکە لە جبەخانەی ئۆکراین، بەبێ گوێدانە ژمارەکەی، بەسە بۆ ئەوەی روسیا ناچاربکات کاروانی چەک و جبەخانەکانی لە هێڵی پێشەوەی روبەڕوبوونەوە دوور بخاتەوە.

مووشەکەکە لەلایەن کۆمپانیایەکی هاوبەشی بەریتانی-فەرەنسی-ئیتاڵییەوە بەرهەمدەهێنرێت، و تێکەڵەیەک لە سیستەمی ڕێنماییکردنی تێدایە کە یارمەتیدەرە بۆ دوورکەوتنەوە لە بەرپەچدانەوەی دوژمن و گەیشتن بە ئامانجەکانی بە وردی. ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئۆکراین ئەو موشەکەی لە فڕۆکە جەنگییەکانی سۆخۆیەوە هاویشتووە، ئەمەش یەکەمجارە کە لەلایەن فڕۆکەیەکی نا ڕۆژئاواییەوە هەڵبگیرێت.

بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، مووشەکەکە بە شێوەیەک دیزاین کراوە کە بتوانرێت تەقینەوەکەی دوابخرێت، بۆ ئەوەی بتوانێت بچێتە ناوەوەی سەنگەر یان باڵەخانەکانەوە و لە قووڵاییەکاندا بتەقێتەوە، ئەمەش دەرفەتێکی باشتر دەڕەخسێنێت بۆ کوشتنی ئامانجە مرۆییەکانی وەک سەرباز یان بەرپرسانی سەربازی.

هەواڵی زیاتر

Back to top button