دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (ئێف دی ئەی) دەرمانێکی نوێی بۆ نەخۆشی دەردەڕێوی پەسەندکرد کە 80%ی قژی توشبووان دەڕوێنێتەوە و کاریگەرییەکی بەرچاوی هەیە لە بنەبڕکردنیدا.

لە توێژینەوەیەکی ئەمریکی تازەدا کە لە گۆڤاری زە لانسێتدا بڵاوکراوەتەوە، دەرکەوتووە کە دەرمانێکی تایبەت چارەسەری رووتانەوەی قژ لەو نەخۆشانەدا دەکات کە بەهۆی نەخۆشی دەردەڕێویەوە قژیان رووتاوەتەوە.

دەرمانەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا رەزامەندیی لەسەر دراوە،  چارەسەرەکە بۆ ئەوکەسانە بەردەستە کە تەمنیان لە سەرو 12 ساڵێەوەیە، کەسی توشبوو رۆژانە بۆ ماوەی چەند مانگێک دەرمانەکە بەکاردەهێنێت تا قژەکانی بەرێژەی 80% دەڕوێنێتەوە.

نەخۆشی دەردەرێوی بەهۆی هێرشی سیستمی بەرگریی لەشی مرۆڤ بۆسەر تاڵە قژەکان، دورست دەبێت کەسی توشبوو بەشێوەیەکی تەواو یان پەڵە پەڵە، توشی روتانەوەی قژ دەبێت. رووتانەوەی موو لە کەسی تووشبوودا زیاتر لە دەموچاو و سەردا دەردەکەوێت.

ئەگەرچی کەسی توشبوو لەرووی تەندروستییەوە هیچ کێشەیەکی دیکەی بۆدروستنابێت، بەڵام روتانەوەی قژ و مویی بەشەکانی دیکەی جەستە کاریگەریی دەرونی ناخۆشی  بۆ دروستدەکات.

ئەو کەسانەی بە سەختی تووشی نەخۆشییەکە دەبن، قژ، برژانگ، برۆ و مووی تەواوی جەستەیان لەدەستدەدەن. لەم دۆخەشدا، دەرمانێکی ئەوتۆ بۆ چارەسەری ئەو کەیسە توندە بەردەست نابێت، بەڵام دۆزینەوەی دەرمانێک بەناوی ریتلێسیتنیب دەبێتە هیوایەک بۆ توشبوانی نەخۆشییەکە.

لە قۆناغی دوو یان سێیەمدا دەرمانەکە تاقیکراوەتەوە و دەرکەوتووە ئەوکەسانەی بەشێوەیەکی توند توشی نەخۆشییەکە بوون، بەرێژەی 80%ی قژیان روواوەتەوە. ئەمەش وەک یەکەم چارەسەری ئەو نەخۆشییە دادەنرێت کە بۆ زۆرێک لە نەخۆشان کاریگەریی هەبووە. دوای ئەوەی رەزامەندیشی بۆ دەرکرا، دەبێت بە یەکەم دەرمان بۆ چارەسەری ئەو توشبووانەی کە منداڵن.

لە تاقیکردنەوەکەدا کە لەسەر 700 نەخۆش لە 18 نەتەوەی جیاواز ئەنجامدراوە، رێژەی لەسەدا 23یان بەشێوەیەکی بەرچاو و بەرێژەی لەسەدا 80 قژیان هاتۆتەوە، کە بۆ ماوەی شەش مانگ دەرمانەکەیان بە بەردەوامیی بەکارهێناوە.

بەڵام ئەو کەسانەی کە بۆ ماوەیەکی زیاتر توشی نەخۆشییەکە بوون کەمتر کاردانەوەیان بۆ دەرمانەکە هەبووە، ئەمەش بەو مانایە دێت کە دەرمانەکە لە قۆناغە سەرەتاییەکانی نەخۆشەکە کاریگەریی زیاترە.

سەرەڕای ئەوەی لەساڵی 2022دا دەرمانێکی هاوشێوە لە ئەمریکا رەزامەندیی بەکارهێنانی بۆ دەرکرا، بەڵام دەرمانەکە کاریگەریی تەنها لەسەر کەسانی پێگەیشتوو هەبوو کە بەڕێژەی لەسەدا 20ی رووتانەوەی قژەکانی نەدەهێشت.

ئەم دەرمانەی کە تازە دۆزراوەتەوە، لەچەند هەفتەی داهاتوودا لە بازاڕەکانی ئەمریکا بەردەست دەبێت و لەلایەن کۆمپانیای فایزەری دروستکەری ڤاکسینی کۆرۆناوە دەفرۆشرێت. ئەوبڕەشی کە نەخۆش دەبێت رۆژانە بیخوات 50 میلیگرامە لە رۆژێکدا.

بەگوێرەی بریتانی گرایگلۆو، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست لە زانکۆی یالێی ئەمریکا، نەخۆشی دەردەرێوی دەکرێت لەهەر تەمەنێکدا دەربکەوێت، بەڵام هەرزەکاران و کەسانی 20 بۆ 30 ساڵی زیاتر نیشانەکانیان تێدا دەردەکەوێت.

لەم وێنەیەی خوارەوەدا دەردەکەوێت کە کەسی توشبوو کە زۆربەی هەرە زۆری قژی رووتاوەتەوە، دوای بەکارهێنانی دەرمانەکە بۆماوەی 24 هەفتە، قژی بەتەواوی هاتۆتەوە.

سەرەڕای سودە گرنگەکەی ئەم دەرمانە، کێشەیەک بۆ کەسانی چارەخواز دروستدەکات بەهۆی ئەوەی دەرمانەکە چالاکیی بەرزی بەرگریی جەستە کەمدەکاتەوە کە رەنگە ببێتە هۆی هەوکردن لەو پێستەی کە مووی تێدا دەڕوێت. بەڵام لەریگەى  دووبارە بەهێزکردنەوەی بەرگریی کەسەکە دەتوانرێت چارەسەری نەخۆشیەکە بکرێت. هەربۆیە کاریگەرییە لاوەکییەکانی دەرمانەکە کەمن و دەکرێت لەژێر چاودێریی پزیشکیدا کۆنترۆڵ بکرێن.

هەواڵی زیاتر

Back to top button