مەرگی ژینا کۆتایی بە “پۆلیسی ئەخلاق” دەهێنێت؟

 

مەرگی ژینا ئەمینی جارێکی دیکە کوردانی رۆژهەڵات و بەشێک لە خەڵکی ئێرانی هێنایەوە سەر جادە، پریشکی ناڕەزاییەکان پەڕینەوە بۆ وڵاتانی دیکە و هاوکات لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش قسەی لەسەر کرا.

ئەمە جگەلەوەی لە نێو سۆشیالمیدیادا توڕەیی خەڵک بە زەقی دەرکەوت و بە ئاشکرا دژی یاسای باڵاپۆشی و “پۆلیسی ئەخلاق” هەڵوێستیان دەنواند.

لە گێڕانەوەکانی چیرۆکی مەرگی ژینا ئەمینی دا، زوومی خەڵک و میدیای جیهانی لەسەر پۆلیسی ئاسایشی کۆمەڵایەتی بوو کە بە “پۆلیسی ئەخلاق” ناوی دەرکردووە.

رەخنەکان لە پۆلیسی ئەخلاق لەخۆڕا نەبوون، بەوپێیەی سەرەتا کارمەندانی ئەو دەزگایە بوون، کە ژینا ئەمینییان دەستگیرکرد و دواتریش وەکو دەگوترێت “ئەشکەنجەیان داوە”.

پاش مەرگی ژینا، نووکی رەخنەکان تیژتر بوون

ئەمجارەیان دەنگی ناڕەزایی تەنها لەدەرەوەی کۆماری ئیسلامییەوە نەبوو، بەڵکو لەنێو خودی دامەزراوەکانی وڵاتەکەیشەوە رەخنەیان لێدەگیرا.

دامەزراوەی ئەمر بیلمەعروف و نەهی عەنلمونکەر، کە دامەزراوەیەکی گرنگی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، لە مەرگی ژینا ئەمینی دا دێتە قسە و دەڵێت، نابێ چیدیکە پۆلیسی ئەخلاق توندوتیژیی بەرامبەر خەڵک بەکاربهێنن.

هەرچەندە ئەمە جاری یەکەم نییە، ئەم دامەزراوەیە رەخنە لە پۆلیسی ئەخلاق دەگرێت، بەڵام ئەمجارەیان قسەی زیاتری کردووە و دەڵێت، پێویستە رووداوی لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە، چونکە زیانی گەورەتری لێدەکەوێتەوە.

هەر ئەوەندە نییە، بەڵکو دەربڕینی ناڕەزایی دژی پۆلیسی ئەخلاق، گەیشتوەتە حەرەمی پەرلەمانیش.

موعینەدین سەعیدی، پەرلەمانتاری ئێران، دوای مەرگی ژینا بەدوای دروستکردنی لۆبیدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی بە یاسا سنوورێک بۆ مامەڵەی پۆلیسی ئەخلاق دابنرێت.

سەعیدی گەیشتوەتە ئەو بڕوایەی، کە ئەوەی پۆلیسی ئەخلاق دەیکات، پێچەوانەی ئامانجەکەیانە، ئەو دەڵێت، توندوتیژییەکانی پۆلیس هەمیشە ئەنجامی خراپتری بەدوای خۆیدا هێناوە.

ئەگەرچی بەگوێرەی ماددەى 638 لە یاسای سزادانی ئیسلامی لە ئێران، پابەندنەبوون بە باڵاپۆشى سزای لەسەرە، بەڵام پەرلەمانتارەکە دەڵێت، ئەو دەسەڵاتە نەدراوەتە پۆلیسی ئەخلاق، کە بەو شێوازە توندوتیژە مامەڵە بکات.

ئەم پۆلیسی ئەخلاقەی ئێستا مشتومڕی زۆری ناوەتەوە، تەمەنی 17 ساڵە، بە دیاریکراوی لە ساڵی 2005 و لە سەردەمی مەحمود ئەحمەدی نەژاد دامەزرێنراوە، بەڵام ئێستا کەوتوەتە بەر نەشتەری رەخنەی زۆرینەی لایەنەکان، تەنانەت کار گەیشتوەتە ئەوەی سەرۆککۆماری وڵات تەدەخول بکات و لە رێگەی تەلەفۆنەوە بە دایکی ژینا بڵێت “کچی ئێوە، کچی ئێمەیە.. پێویستە لێکۆڵینەوە لە چۆنێتی مەرگی ژینا بکرێت”، دوور نییە رستەی دووەمی ئیبراهیم رەئیسی ببێتە سەرەتای کۆتاییهاتنی مامەڵەی توندوتیژانەی پۆلیسی ئەخلاق.

 

 

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button