“حکومەت دژى منە”دروشمى خۆپیشاندەرانى ئیسرائیلە

هەزاران هاوڵاتی ئیسرائیل دژى پلانەکانی حکومەتە نوێکەی بنیامین ناتانیاهۆن خۆپیشان دەدەکەن

ئاژانسەکان

ئێوارەی شەممە، هەزاران هاوڵاتی ئیسرائیل رژانە سەر شەقامەکان، ئەوان دژى پلانەکانی حکومەتە نوێکەی بنیامین ناتانیاهۆن، سیاسەتەکانی هاوپەیمانێتییەکەی بە هەڕەشە بۆسەر دیموکراسی و ئازادی وەسف دەکەن.

دوای چەند رۆژێک لە سوێندخواردنی حکومەتە نوێکەی ئیسرائیل، کە راستڕەوترین کابینەیە لە مێژووی 74 ساڵەی ئەو وڵاتەدا، خۆپیشاندەران لە ناوەندی شاری تەلئەبیب کۆبوونەوە.

لە یەکێک لە پۆستەرەکانی خۆپیشاندانەکان نوسراوە “حکومەت دژی منە” لە لافیتەیەکی دیکەدا نوسراوە “خانوبەرە، بژێوی ژیان، هیوا” ئەوان ئاڵای پەلکەزێڕینەیان هەڵگرتبوو.

ناتانیاهۆ دەسەڵاتەکان لە دەورى خۆى کۆدەکاتەوە

ناڕەزایەتییەکان لەلایەن ئەندام پەرلەمانە چەپڕەو و عەرەبەکانی ئیسرائیلەوە سەرپەرشتی دەکران. پێیانوایە پلانە پێشنیازکراوەکانی حکومەتى نوێ دەبێتە رێگر لەبەردەم سیستمی دادوەری و فراوانکردنی بۆشاییە کۆمەڵایەتییەکان لەنێوان لایەنە جیاوازەکانی ئەو وڵاتەدا.

خۆپیشاندەرە چەپەکان رەخنەی توندیان لە یارێڤ لڤین، وەزیری نوێی دادی وڵاتەکەیان گرت، کە چوارشەممەی رابردوو پرۆژەیاسای چاکسازیی گشتی لە سیستمی دادوەریدا راگەیاند، کە دەمێکە لەلایەن حکومەتەوە بەڵێنی گۆڕانکاری پێدراوە. ئامانج لە چاکسازییەکە لاوازکردنی دەسەڵاتەکانی دادگای باڵای وڵاتەکەیە.

رەخنەگرانی حکومەت دەسەڵاتداران بە راگەیاندنی شەڕ لەدژی سیستمی دادوەری تۆمەتباردەکەن و دەڵێن ئەو پلانە سیستمی حوکمڕانی سێ دەسەڵاتە باڵاکەی ئیسرائیل هەڵدەوەشێنێتەوە و دامەزراوە دیموکراسیەکانی تێکدەدات، ئەوەش بە پێدانی دەسەڵاتی رەها بە هاوپەیمانیی کابینە نوێکەی حکومەت.

خۆپیشاندەران ترسی لەدەستدانى دیموکراسییان هەیە

دانی سیمۆن تەمەن 77 ساڵ، خۆپیشاندەرێکی خەڵکی شاری یاڤنێی باشورە و دەڵێت: “بەڕاستی دەترسین وڵاتەکەمان دیموکراسی لەدەست بدات و ئێمە دەچینە نێو حکومڕانییەکی دیکتاتۆری، ئەمەش تەنها بەهۆی یەک کەسەوەیە کە دەیەوێت خۆی رزگار بکات لە دادگاییکردنی یاسایی.” مەبەستی سیمۆن ئاماژەدان بوو بە ناتانیاهۆ کە لە ساڵی 2021 بە تۆمەتی گەندەڵی تۆمەتبار کرابوو، بەڵام ئەو پێشتر تۆمەتەکانی رەتکردبووەوە.

 داواى پێکەوەژیانی جولەکە و موسوڵمانەکان دەکەن

More than 10,000 people march in Tel Aviv on 7 January 2023 to protest the new Israeli’s government’s proposal to weaken the Supreme Court. EFE/EPA/ABIR SULTAN

بەشێکی دیکەی داواکاری خۆپیشاندەران ئەوەیە حکومەتە راستڕەوەکە ئاشتی و پێکەوەژیانی نێوان جولەکە و دانیشتووانە عەرەبەکانی ئەو وڵاتە بەرقەرار بکات.

رولا داود، ئەندامى بزوتنەوەیەکی ناحکومییە، داوای پێکەوەژیانی عەرەب و جولەکەکان دەکات و دەڵێت: “ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی بە دەنگێکی بەرز و روون بڵێین هەموومان؛ عەرەب، جولەکە و پێکهاتە جیاوازەکانی ناوخۆی ئیسرائیل، داوای ئاشتی و یەکسانی و دادپەروەری دەکەین.”

لەبەرامبەر ناڕەزایەتییەکاندا ناتانیاهۆ بە تویتێک خۆپیشاندانەکانی ئیدانە کرد و رایگەیاند “لەلایەن دەستی دەرەکییەوە هاندەدرێن” نوسیویەتی: “داوا دەکەم هەمووان دەستبەجێ ئەم کارە بوەستێنن.”

ئەو چەند وێنەیەکی خۆپیشاندەرانی بڵاوکردووەتەوە، کە تێیاندا دەردەکەوێت خۆپیشاندەران چەند دروشمێکیان بەدەستەوەیە کە وەزیری داد بە نازیی وەسف دەکەن و لەسەریان نوسراوە ‘فەلەستین ئازاد بکەن لە رژێمی داگیرکاری زایۆنی.’

هەواڵی زیاتر

Back to top button