هونەرمەندێک شەقامەکانی تورکیای کردووەتە شوێنی گەیاندنی پەیامی سیاسی

زووم..

“حیكمەتی تەبیجی”، هونەرمەنێکی تورکیایە، بە بوێرییەوە کارە هونەرییەکانی خستووەتە خزمەتی گەیاندنی پەیامی سیاسی، کارە هونەرییەکان و بوێرییەکە، خەڵکی تورکیای سەرسام کردووە، چونکە مامەڵە لەگەڵ هەندێک بابەت دەکات، دەکرێت مەترسیدار بن.

 

بۆ نموونە، یەكێك لە كارە هونەرییەكانی تەبیجی، تابلۆی كێلی گۆڕێکە و چواندوویەتی بە دیموكراسی لە توركیا، یەكێكی دیكە لە پۆستەرەكانی، بە گاڵتەجاڕییەوە داوای خواردنی بڕوێش دەكات، وەك ئاماژەیەك بۆ بەگژاچوونەوەی بەرزبوونەوەی نرخەكانی خۆراك.

 

هونەرمەندەکە تەمەنی 34 ساڵە زیاتر لەسەر شەقامەکان کاردەکات، ژانرێكی هونەریی دروستكردووە، كە لە توركیادا ناوازەیە، ئەو چوار ساڵ دەبێت دەستی داوەتە ئەم هونەرە و پێشتر كاری ریكلامی دەكرد.

“حیكمەتی تەبیجی” ئەو شەقامانە بۆ نمایشی كارە هونەرییەكانی هەڵدەبژێرێت كە پێشتر وەکو چالاكوانی سیاسی چالاکیی تێدا کردووە، “كاتژمێرێكی سیاسی” نمایشدەكات و گاڵتە بە بیرۆكەی “پیلانگێڕیی” دەكات، كە لەنێو سیاسەتمەدارانی توركیادا باو و بڵاوە.

 

 

ئەو دەڵێت، “لەڕێگەی بەرهەمەكانمەوە دەمەوێت بە تەنز و گاڵتەجاڕییەوە مامەڵە لەگەڵ كێشە و گرفتە باوەكانی توركیا بكەم”.

ناشیشارێتەوە، ئەو کارەی ئەو دەیکات مەترسیی خۆی هەیە، “چونكە زۆرجار دیموكراسیترین كۆبوونەوەش لەم وڵاتە قەدەغە دەكرێت”، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا خۆی بە پاڵەوان نازانێت، بە تەواوەتیش ئاگاداری سنوورەكانی ئازادیی رادەربڕینە لە توركیا.

تەبیجی دەڵێت، “لە مێژووی سیاسیی توركیا، شەقام بۆ من شۆكهێنەر بووە، مامم، كە هەرگیز نەمبینیبوو، تەنها لەسەر هەڵواسینی پۆستەرێكی سیاسی، ماوەیەكی كورت پێش كودەتاكەی ساڵی 1980، كوژراوە”.

لە ساڵانی رابردوودا ژمارەیەك موزیكژەن و دەرهێنەری سینەما و نووسەر، بە تۆمەتی هەڵوێستوەرگرتن لە دژی سیاسەتەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆككۆماری توركیا، دادگایی و بەندكراون.

ئەمە وایکردووە خەڵک پرسیاری ئەوە لە هونەرمەندەکە بکات، “ناترسیت دەستگیربكرێیت؟”، بەڵام تەبیجی پێیوایە، هەر خودی پرسیارەکە “ئاستی ترس و چەوساندنەوەی خەڵكی توركیا دەردەخات، تەنانەت باسكردن لە مافێكی سەرەتایی، وەك جێبەجێكردنی یاساكان، رێزگرتن لە ژینگە، یان بەگژداچوونەوەی كوشتنی ژنان، بووەتە كاری سیاسی!”.

چەند رۆژێك دوای بومەلەرزەكەی ساڵی رابردوو، حیكمەت تەبیجی وێنەی سێ منداڵی لە ناوەڕاستی شارێكی تاریك و وێراندا كێشا، لە دوورەوە سەیری كۆشكە رووناكەكەی ئەردۆغانیان دەكرد، ئەو دەڵێت، “بە كێشانی ئەو وێنەیە هەڕەشەیەكی زۆریان لێكردم، بەڵام من بەردەوام دەبم”.

 

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button