دوو سەرۆکە رکابەرەکە لەکوێوە سەیری یاریی کۆتایی مۆندیال دەکەن؟

"ئەرجەنتین لە ماڵەوە و فەرەنسا لەنێو یاریگە"

زووم، ئاژانسەکان:

هەر کاتێک باس لە یاریی کۆتایی مۆندیال دەکرێت، ئیدی شتێک نامێنێت بە ناوی پرۆتۆکۆڵ و سەرۆکی وڵاتانیش دەبنە هاندەر. دەبێ هەردوو سەرۆکی ئەرجەنتین و فەرەنسا لەکوێوە تەماشای یاریی کۆتایی بکەن؟

ئەلبێرتۆ فێرناندێز، سەرۆکی ئەرجەنتین، ئامادەنەبوو گەشتی قەتەر بکات بۆ بینینی یارییە چارەنوسسازەکە، بەڵکو دەڵێت، لەنێو هاوڵاتیانی وڵاتەکەوە تەماشا دەکەم.

فێرناندێز، لە تویتێکدا، نوسیویەتی، وەکو ملیۆنان هاوڵاتی وڵاتەکەم، لە وڵاتەکەی خۆم چێژ لە یاری کۆتایی مۆندیال وەردەگرم.

سەرۆکی ئەرجەنتین، دەڵێت، دەمەوێت لەو ساتەوەختە نایابەدا لەگەڵ گەلەکەمدا بم “دڵنیام یاریزانەکانمان هەموو توانای خۆیان لەنێو یاریگەدا دەخەنەگەڕ”.

ئەلبێرتۆ فێرناندێز، هاندەری یانەی ئەرجەنتینۆس جونیۆرزی ئەرجەنتینییە، ئەو یانەیەی کە دیگۆ مارادۆنای ئەفسانەی تۆپی پێی بەجیهان ناساند.

سەرۆکی ئەرجەنتین هاندەری ئەو یانەیەیە کە مارادۆنای بە جیهان ناساندبوو

لەلایەکی دیکەوە، بەگوێرەی راگەیەنراوی کۆشکی ئیلیزێ، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بە یاوەریی خانمی یەکەمی وڵاتەکە لە قەتەرە، تاوەکو لەنێو یاریگەوە تەماشای دیمەنەکانی کۆتایی مۆندیال بکات.

ماکرۆن لە یاریی پێشکۆتاییشدا هەر لەنێو یاریگەوە ئامادەی بینینی بردنەوەی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بوو لە مەغریب.

ئیمانوێل ماکرۆن لەنێو یاریگەوە تەماشای یارییەکەی فەرەنسا و مەغریب دەکات
ئیمانوێل ماکرۆن لەنێو یاریگەوە تەماشای یارییەکەی فەرەنسا و مەغریب دەکات

کاتژمێر 06:00ی ئەم ئێوارەیە بە کاتی هەرێمی کوردستان، هەردوو هەڵبژاردەی فەرەنسا و ئەرجەنتین یاریی کۆتایی مۆندیالی 2022ی قەتەر ئەنجامدەدەن.

هەواڵی زیاتر

Back to top button