عێراق دووبارە باس لە کشانەوەی ئەمریکا دەکات

زووم:

 

هێرشەکەی ئەمریکا بۆسەر حەشدی شەعبی لە بەغداد، دووبارە پرسی کشانەوەی هێزە بیانییەکانی لای عێراقییەکان گەرمکردەوە، لەئێستادا هەم لەنێو حکومەتی عێراق و هەم لە پەرلەمانەوە باس لە ناچارکردنی ئەمریکا بە کشانەوە دەکرێت.

لە دوایین هەڵوێستیدا، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، دەستدەکەن بە گفتوگۆ لەبارەی کۆتاییهێنان بە ئەرکی ‌‌هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق، کە لەلایەن ئەمریکاوە سەرکردایەتی دەکرێت، نووسینگەی سەرۆکوەزیران لەزاری سودانییەوە دەڵێت، بەگوێرەی ئەو رێککەوتننامەیەی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکای مسۆگەرکردووە لە عێراقدا، دەبێت سەروەریی خاکیی هەردوو وڵات پارێزراو بێت، بەڵام هێرشەکەی ئەمریکا لە بەغداد ئەو بنەمایەی پێشێلکردووە.

لە پەرلەمانی عێراقیش زیاتر لە 50 واژۆ کۆکراونەتەوە و داوا دەکەن تا کۆتایی 2024 ئەمریکا لە عێراق بکشێتەوە.

عێراق نیگەرانە لەوەی ئەمریکا خۆی کاردانەوەی بەرامبەر بە گروپە چەکدارەکان هەبووە، بەغداد پێیوایە ئەوەی بەرپرسیارە لە راگرتنی دەستدرێژیی گروپە چەکدارەکان، عێراقە نەک ئەمریکا.

ئەمریکا 900 سەربازی لە سوریا و دوو هەزار و 500 سەربازی دیکەشی لە عێراقدا هەن، سودانی دەڵێت، لیژنەیەکی دوولایەنە دادەنێن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق.

سەرچاوەیەکی نزیک لە سەرۆکوەزیرانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی گوتووە، سودانی لەژێر فشارێکی زۆری لایەنە شیعییەکانی نزیک لە ئێرانە، داوای کۆتاییهێنان بە بوونی هێزەکانی ئەمریکا دەکەن لە عێراق، بەڵام بەگوتەی سەرچاوە نزیکەکەی سودانی، لێدوانە تازەکەی سودانی “بۆ ئارامکردنەوەی هێزە شیعییەکانی نێو ئەو هاوپەیمانێتییەیە کە حکومەتی لەسەر بنیادنراوە و لە ئەمریکا تووڕەن.”

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزیش لە راپۆرتەکەیدا دەڵێت، روون نییە دوایین لێدوانەکانی سوودانی تەنها بۆ رازیکردنی دڵی گرووپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبییە، یان هەر بەڕاستی دەستی بەکار کردووە بۆ دەرکردنی هێزە ئەمریکییەکان، “ئامانجێک کە دەمێکە ئێران و ئەو گرووپانەی پشتگیرییان دەکات، خەونی پێوە دەبینن”.

بەرپرسانی ئەمریکا بە رۆیتەرزیان راگەیاندووە، سەرەڕای زۆربوونی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی بۆسەر بارەگاکانیان، ئەمریکا سەرەتا هیچ وەڵامێکی نەبوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی عێراق نەیتوانی کۆنترۆڵی ئەو گرووپانە بکات، واشنتن ناچاربوو هەنگاوی تووند بۆ چارەسەری ئەوە هێرشانە بگرێتەبەر.

قسەی سودانی لەبارەی رێککەوتن بۆ چوونە دەرەوەی ئەمریکا لەکاتێکدایە، پێشتر لە ئابی 2021 ئەمریکا و عێراق رێککەوتنێکیان واژۆ کرد لەبارەی کشانەوەی قۆناغ بەقۆناغی ئەمریکییەکان و گۆڕینی ئەرکەکانیان لە شەڕکەریەوە بۆ راهێنان.

هەواڵی زیاتر

Back to top button