بێرنی ساندرز سیناتۆری دیموکراتەکان لە ویلایەتی فیرمۆنتى ئەمریکا، رەخنەی “توند” لە هەڵسوکەوتەکانی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەگرێت و “هیواخوازە پۆستەکەی لێوەربگیرێتەوە”.
بێرنی ساندرز، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی لەبارەی هەڵسوکەوتەکانی حکومەتی نەتانیاهۆ گوتی، “ئەو پرسە بەشێوەیەکی زۆر ترسناک ئاڵۆزە، تۆ حکومەتێکی راسترەوت لە ئیسرائیل هەیە، کە حکومەتێکی نەژادپەرستە، بەڵام هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە لە دواین راپرسیدا تەنها لە %18ی لایەنگرانی لەگەڵ ئەوەدان نەتانیاهۆ لە پۆستەکەی بمێنێتەوە، هیواخوازم رزگاریان بێت، هیواخوازم حکومەتێک پێکبهێنرێت، کە لە مەترسی ئەم قەیرانە تێبگات”.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئیسرائیل کۆمەڵکوژی لە کەرتی غەزە دەکات، ساندرز ئەم دۆخەی بە “ترسناک” ناوزەند کرد، ئەو دەڵێت، “پێویستە حەماس بڕوات، ئیسرائیل پێویستی بەوەیە حەماس پاکتاو بکات، بەڵام بەبێ کوشتنی پیاو و ژن ومنداڵانی بێتاوان”.
لەبارەى حکومەتی ئیسرائیل و دروستبوونی دەوڵەتی فەلەستین، ئەو سیناتۆرەی دیموکراتەکان دەڵێت، “ئەوە پرسێکی ئاڵۆزە، دروشمی ئیسرائیل بۆ نمونە لە (رووبارەوە بۆ دەریا) سەرکەوتوو نابێت، هەروەها ئەو کەسانەی دەڵێن، ئیسرائیل لەسەر حەق بێت یان هەڵە ئەوە ئێمە هەر لەگەڵیداین، سەرکەوتوو نابێت، بۆیە هیواخوازم حکومەتێک پێکبێت کە هاوکارمان بێت بۆ پێکهێنانی دوو دەوڵەت”.
ساندرز داوای وەستانی جەنگ دەکات و دەڵێت، پێویستە رێگری لە کوشتنی هاوڵاتیانی سڤیل بگیرێت و بۆردومانی سەر غەزە رابگیرێت، پێویستە رێگایەکی باشتر بۆ لەناوبردنی حەماس بگیرێتە بەر، نازانم چۆن دەتوانرێت ئاگربەست لەگەڵ رێکخراوێکی وەک حەماس رابگەیەنرێت، بەڵام دەبێت ئیسرائیل بۆردومانەکانی بەشێوەیەکی کاتی رابگرێت”.
ئەو دەڵێت، “هەموو جیهان کۆکن لەسەر ئەوەی دروستبوونی دوو دەوڵەت چارەسەری بنەرەتی کێشەکە دەکات”.
ساندرز لەبارەى هاوکاری سەربازی بۆ ئیسرائیل دەڵێت، پێویستە پەیامێک بۆ ئیسرائیل بنێردرێت و پێی بڵین، ئەگەر دەتەوێت هاوکارییەکان بگات، ئەوە” پێویستە ستراتیژی خۆت بگۆڕیت”، هەروەها رەخنەی توندیشی لە کۆمارییەکان گرت بەوەی کە دژی ناردنی هاوکاری مرۆیین بۆ خەڵکی فەڵەستین.