نێچیرڤان بارزانى بۆ دواخستنى هەڵبژاردنى پەرلەمان چووەتە تاران

زووم:

 

رۆژنامە عەرەبییەکان

شەرقلئەوسەت

نێچیرڤان بارزانى بۆ دواخستنى هەڵبژاردنى پەرلەمان چووەتە تاران

ئاژانسى هەواڵى جیهانیى عەرەب لە زارى سەرچاوەیەکى چوارچێوەى هەماهەنگییەوە بڵاویکردووەتەوە، ئامانج لە سەردانەکەى نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ تاران رازیکردنى بەرپرسانى ئیرانییە بۆ دواخستنى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان و کاریگەریی دانانە لەسەر هەڵوەشاندنەوەى بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵی لەبارەى لابردنى 11 کورسی پێکهاتەکان و سەرپەرشتیکردنى هەڵبژاردنەکان لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى کوردستان، لە بری کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق، بۆ ئەو مەبەستە داوا لە ئێرانییەکان دەکات فشار بخەنە سەر یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان تاوەکو بە داواکارییەکانی پارتى رازی بن.

دەستوور

حکومەتی عێراق هەموارى یاساى بودجە دەداتە پەرلەمان
ئەحمەد مەزهەر جبورى، جێگری سەرۆکی لیژنەى دارایی لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، لە 72 کاتژمێری داهاتوودا هەمواری یاساى بودجەى ساڵی 2024 لەلایەن حکومەتەوە دەگەیەندریتە پەرلەمان و لیژنەکەیان ئامادەکاریی تەواوی کردووە.
هاوکات جبوری بە رۆژنامەکەى راگەیاندووە، بانکی ناوەندى لە تاوتوێی ئەوەدایە پێدانى دۆلار بە نرخى فەرمی بە گەشتیاران رابگرێت و گوتوویەتی،”بەرپرسانى بانکەکە میزاجین و هەرجارەى بەجۆرێک بڕیار دەردەکەن”.

سەباح

لە وڵاتانى کەنداو ئەمریکا جێگۆڕکێ بە فڕۆکەکانى دەکات
پنتاگۆن بڕیاریدا بە گواستنەوەى بەشێک لە فڕۆکەجەنگییەکان و درۆنەکانى لە فڕۆکەخانەى زەفرەى ئیماراتەوە بۆ یەکێک لە فڕۆکەخانەکانى قەتەر ئەوەش لەدواى ئەوەى لە مانگى شوباتى ئەمساڵەوە ئیمارات بە فەرمى داواى لە ئەمریکا کردووە بەبێ رەزامەندی ئەوان هێرش نەکرێتە سەر عێراق و سوریا و ئەوەش نیگەرانى بەرپرسانى ئەمریکاى لێکەوتەوەو بڕیاریاندا فڕۆکەکانیان بگوازنەوە بۆ قەتەر لەبەر ئەوەى لەوێ هیچ داواکارییەکى لەوشێوەیەیان نییە.
بەرپرسانى ئیماراتیش هۆکارى ئەم بڕیارەیان بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە ئەمریکا زۆر بەخاوى بەدەم وڵاتەکەیانەوە چووە لەو هێرشەى سەرەتاى ساڵی 2022 لە لایەن چەند گروپێکی چەکدارەوە کراوەتە سەر وڵاتەکەیان.

عەرەبی جەدید

ئیسرائیل کەناڵی جەزیرەى داخست
حکومەتى ئیسرائیل بە کۆی دەنگ نووسینگەى کەناڵەکەى داخست و هەموو کارو چالاکییەکانى ئەو کەناڵەى لەنێو وڵاتەکەیدا بە فەرمی قەدەغە کرد، سەرچاوەیەکى ئەمنى ئیسرائیلیش رایگەیاندووە، هۆکارەکەی بۆ سەرنەگرتنى نێوەندگیریی میسر و قەتەر دەگەڕێتەوە کە نەیانتوانى حەماس قەناعەت پێبکەن بە ئاگربەست و نەتانیاهۆش رایگەیاند، حکومەتەکەى بە کۆی دەنگ بڕیاری قەدەغەکردنى کەناڵی جەزیرەی داوە، لەبەرئەوەى پەیامنێرەکانى مەترسی بوون بۆ سەر ئاسایشى وڵاتەکەیان و خەڵکیان لە دژى سەربازیەکانیان هانداوە.
بەگوێرەى بڕیارەکە دەست بەسەر سەرجەم پێداویستییە میدیاییەکانى ئەو کەناڵەشدا دەگیرێت.

 

رۆژنامە فارسییەکان


ئەفکار

خورمای ئێرانی بۆ 82 وڵات هەناردە دەکرێت

روحوڵڵا لەتیفی، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی گەشەپێدانی بازرگانی ئێران، هەناردەکردنی خورمای ئێرانی بۆ 82 وڵات لە ساڵی رابردوودا راگەیاند.
ئەو سەبارەت بە شوێنەکانی هەناردەکردنی خورما گوتی، لە ساڵی رابردوودا نزیکەی 390 هەزار تۆن خورما بە بەهای 345 ملیۆن دۆلار لە وڵاتەکەمانەوە هەناردە کراوە، بەراورد بە ساڵی پێشتری، 4٪ لە کێش و 7٪ لە بەهادا زیادی کردووە.
روحوڵڵا لەتیفی ئاماژەی بەوەشکرد، ساڵی رابردوو 82 وڵات شوێنی هەناردەکردنی خورمای ئێرانی بوون؛ هیندستان 92 هەزار تۆن بە بەهای 84 ملیۆن دۆلاری کڕیوە، دواتر پاکستان 90 هەزار تۆن بە بەهای 72 ملیۆن دۆلاری کڕیوە، تورکیاش بە بڕی 40 هەزار تۆن بە بەهای 36 ملیۆن دۆلاری کڕیوە.
ئێران سێهەمین بەرهەم هێنەر و هەناردەکاری گەورەی خورمایە لە جیهاندا.

ئەبراری ئیقتسادی

کرماشان لەسەر ئاستى ئێران زۆرترین رێژەى بێکارى ژنانى تێدا تۆمارکراوە

بەڵگە ئامارییەکان دەریدەخەن لە ساڵی رابردوودا زۆرترین رێژەی ژنانی بێکار لە پارێزگای کرماشان بووە، بۆیە دەکرێت بڵێین ژنانی ئەم پارێزگایە له ساڵی رابردوودا زۆرترین ئاستی ئەو کێشەیان ئەزموون کردووە.
بەگوێرەی راپۆرتی ئیکۆ ئێران، ئەو داتایانەی کە لەلایەن ناوەندی ئاماری ئێرانەوە بڵاوکراونەتەوە، لە ساڵی رابردوودا رێژەى بێکاریی ژنان لە هەموو وڵاتدا زیادی کردووە و رێژەى ئەو ژنانەی لە بازاڕی کاردا کاردەکەن کەمیکردووە.
رێگەنەدان بە خوێندنی هەموو زانستێک و هەروەها حەقدەستی کەمتر لە هەمان کاردا بەراورد بە پیاوان وایکردووە ژنان کەمتر بتوانن کار بکەن.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، لەسەر بنەمای ئەمەش دەتوانین بڵێین بەرهەمهێنانی هێزی کاری ژنان بە تایبەت لە 12 پارێزگادا رەوتی دابەزینیان هەبووە.

ئەبرار

بێ ماڵ و حاڵی بووەتە هەڕەشە لەسەر خەڵکی ئێران و خەڵکێکی زۆر توانای کڕینی خانووبەرەیان نییە
بەرزبوونەوەی نرخەکان گرنگترین کێشەیە و ئەمساڵ دەبێت کرێچیەکان 40٪ی ئەو بڕە پارەیەی کە ساڵی پێشوو بۆ کرێ خانوو دەیاندا زیادی کەن.
رێژەی هەڵاوسانی بازاڕی خانوو لە ئەمساڵدا گەیشتووەتە 42٪ بەڵام مووچە و حەقدەستی کرێکاران بەو رێژەیە زیادی نەکردووە.
زۆر کەس توانای ئەوەیان نییە ئەم پارەیە بدەن بۆیە مەترسی گواستنەوەی ماڵەکان بۆ قەراغ شارەکان بوەتە هەڕەشە لەسەر چەندین ملیۆن کەس که لە ئێستادا نزیکەی نیوەی کۆمەڵگە توانای بەکرێ گرتنی خانوویان نییە.
لەگەڵ گرانبوونی کرێی خانوو، ژمارەیەکی زیاتر لە خەڵک بێ ماڵ و حاڵ دەبن. هەروەها حکومەت هیچ چارەسەرێکی تایبەتی بۆ ئەم بابەتە نەکردووە و هەر بەرەوپێش دەچێت.

 

رۆژنامە تورکییەکان

ئەکشام

وەستانى پەیوەندییە بازرگانییەکان، ئیسرائیلی رووبەڕووی قەیران کردووەتەوە

دواى ئەوەی تورکیا هەموو پەیوەندییە بازرگانییەکانى لەگەڵ ئیسرائیل راگرت، میدیاکانى ئیسرائیل بڵاویان کردووەتەوە، بەهۆى وەستانى ئەو پەیوەندییە کەرتی بیناسازیی وەستاوە و پێشبینیش دەکرێت نرخی خواردن گران بێت.
تورکیا ئاڵوگۆڕی بازرگانى بە بەهاى شەش ملیار دۆلار لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، ئێستا بەدواى بژاردەى دیکەدا بۆ پرکردنەوەى ئەو بۆشاییە بازرگانییەدا دەگەڕێت.

میللییەت

هەنگاوێک لە ئێمە و هەنگاوێک لەوان
چاوەڕێ دەکرێت لە پێش کۆتایی ئەم مانگە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا سەردانى بارەگاى سەرەکی جەهەپە بکات و چاوی بە ئۆزگور ئۆزال، سەرۆکى جەهەپە بکەوێت. ئەم سەردانەش لە چوارچێوەى سەردانەکەى سەرۆکی جەهەپەیە بۆ لاى ئەردۆغان.
ئۆزگور ئۆزال رایگەیاندووە، جەهەپە هەنگاوی بۆ دیالۆگ لەگەڵ ئاک پارتى ناوە بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان، ئێستاش کاتی ئەوەیە ئاک پارتى هەنگاو بۆ چارەسەرکردنى بنێت. ئەو دەڵێت، لە سەردانەکەى داهاتووى ئەردۆغان بۆ لاى جەهەپە چاوەڕێ دەکرێت گفتوگۆ لەسەر هەندێک دۆسییە بکرێت.

 


سۆزجو

هاووڵاتییانى تورکیا قەرزارى بانکەکانن
ژمارەى ئەو قەرزانەى هاووڵاتییان لە بانکەکانى تورکیایان کردووە و بەهۆی ئەوەى ناتوانن بیدەنەوە گەیشتووەتە 100 ملیار لیرە.
بەهۆى بەرزبونەوەى رێژەى هەڵاوسان رێژەى قەرزى هاووڵاتییان لە بانکەکان زیاتر بووە، بەگوێرەى داتاکان لە ماوەى چوار مانگی ئەمساڵدا، قەرزی هاووڵاتییان بە رێژەى 13،9% زیاد بووە و گەیشتووەتە 380 ملیار لیرە.

 

تورکیا

یەک ملیۆن هاووڵاتی بیانى فێرى زمانى تورکی دەبن
بەهۆى بەناوبانگی زنجیرەى تورکی لەسەرتاسەرى جیهان، خواست لەسەر فێربوونى زمانى تورکی لە وڵاتانی بیانى زیاد بووە.
شەریف ئەتێش، سەرۆکی پەیمانگاى یونس ئەمرە دەڵێت، لەسەرتاسەرى جیهان لە چەند وڵاتێک کۆرسی زمانى تورکیمان کردۆتەوە، خواست لەسەر فێربوونى زمانەکە زۆرە و ئێستا یەک ملیۆن کەس کۆرسی فێربوونى زمانى تورکی وەردەگرن.
سەرۆکی پەیمانگاکە رایگەیاندووە، فێربوونى زمانى تورکی، لە زنجیرەى تورکی زیاتر کاریگەری لەسەر خۆشەویستی کەسانی بیانى بۆ تورکیا دەبێت.

 

 

 رۆژنامە ئینگلیزییەکان

تایمز

سوناک دەڵێت لەوانەیە پەرلەمانی بەریتانیا هەڵپەسێردرێت
ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانى بەریتانیا هۆشداری دەدات، کە لەوانەیە ستارمەر ببینین لە کۆشکی ئەنجومەنی وەزیران قووت ببێتەوە، دەڵێت، ئەگەر ئەندام پەرلەمانەکانی سەر بە پارتی کرێکاران واز لەو جیاکارییە نەهێنن کە ئێستا دەیکەن، ئەگەری زاڵ ئەوەیە کاروباری پەرلەمان رابگیردرێت. بۆیە سوناک داوا دەکات هەموویان پێکەوە کاربکەن.
سوناک لەبارەی ئەنجامەکانى هەڵبژرادنەکان گوتی، بەشێوەیەکی تاڵ نائومێدی کردوون.

دەیلی تەلەگراف

ئیسرائیل هەڕەشە دەکات کە داگیرکردنی رەفەح نزیکە
لەکاتێکدا، زیاد لە یەک ملیۆن و نیو دانیشتوانی کەرتی غەزە خەریکە ئومێدیان بە راگەیاندنی ئاگربەستێک نەمێنێت، ئیسرائیلیش هەڕەشە دەکات کە هێرشى داگیرکردنی رەفەح نزیکە.
لەو دەمەدا، کە گفتوگۆکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێک لە میسر بەڕێوەدەچێن یوئاڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەڕەشە دەکات، کە لە ئایندەیەکی نزیکدا کردەیەکی سەربازیی زۆر بەهێز لە ناوچەی رەفەح و شوێنەکانی دیکەى نێو کەرتی غەزەدا ئەنجام دەدەن.

 


گاردیەن

ئیسرائیل نووسینگە ناوخۆییەکانی جەزیرە دادەخات
بەرپرسانی ئیسرائیل نووسینگە ناوخۆییەکانی کەناڵی جەزیرەیان لەنێو سنووری ئیسرائیل داخست، ئەم کارەی بەرپرسان پاش بڕیارێکی حکومەت هات، کە بە دەنگدان بڕیاریاندا هەموو تۆڕ و ناوەندی چالاکییەکانی ئەو کەناڵە لە سنووری ئیسرائیلدا دابخەن. ئەم جوڵەیەی حکومەت وەک ئاماژەیەک دەبیندرێت بۆ کۆتایهێنانێکی نائومێدکەرانە بە هەموو ئەو هەوڵانەی دەیانەوێت ئاگربەستێک لە نێوانی حەماس و ئیسرائیلدا دروست بکەن. چەند لایەنێک ئەم هەنگاوەی ئیسرائیلیان وەک (رۆژێکی رەش بۆ راگەیاندن) ناوبرد.

واشنتن پۆست

هەوری فەوزا لەسەردەمێکی پڕکێشەدا دەرکەوتووە
بەرزبونەوەی دەنگی ناڕەزاییەکانی نێو زانکۆکان، شەڕی ئەودیوی زەریاکان، دادگاییکردنەکانی ترەمپ، هەموویان پێکەوە خەریکە ئاگر لە هەموو شتێک بەردەدەن.
لە زۆر رووەوە بەهارەکەی ئەمساڵ سەخت بوو، گەورەترین هەڵمەتی بایکۆتکردن و مانگرتنی سەدەی بیست و یەک لەنێو زانکۆکاندا روویدا. سەرۆکی پێشووی ئەمریکا کێشکرایە نێو دادگای تاوانەکان. یاسای لەباربردن خەریکە دەبێت بە کێشەیەکی گەورە، لەودیوی زەریاکانەوە دوو شەڕی گەورە هەن خەریکە دنیا بەرەو شەڕێکی تری جیهانی دەبەن. لەنێو دۆسیەى قەیرانە ناوخۆییەکاندا چەندان کەس دەکوژرێن.

هەواڵی زیاتر

Back to top button