وەزارەتى ناوخۆ کۆت و بەندى سەر تۆمارى کوردە فەیلییەکان هەڵدەگرێت

 

 رۆژنامە عەرەبییەکان

 

 

 

شەرقلئەوسەت

وێنەى سەرکردە سونییەکان لەگەڵ ئەردۆغان هەرا دەنێتەوە

دواى سەردانەکەى ئەردۆغان بۆ عێراق و بڵاوبوونەوەى وێنەیەکى لەگەڵ سەرکردە سونییەکانى عێراق و کەسایەتییە دیارەکانى ئەو پێکهاتەیە، لێکدانەوەى زۆرى بۆ کراو لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا هەراى زۆری ناوەتەوە، بەشێک لە بەشداربووانى تۆڕەکە پێیان وایە ئەو کارەى ئەردۆغان کردوویەتى پشتگوێخستنى پێکهاتەى شیعەکانى عێراقە و پشتیوانیکردنیەتى لە پێکهاتەى سونەکان و ئەوەش بەدەستێوەردانى راستەوخۆی عێراق دەبینن، یەکێک لە سەرکردە سونییەکانیش کە لە وێنەکەدا دەرکەوتووە بە رۆژنامەکەى گوتووە، لەو دانیشتنەدا هیچ بابەتێک باس نەکراوەو تەنها پێشوازییەکى سەرکردە سوننەکان بووە لە ئەردۆغان، بەڵام سەرچاوەیەکى دیکە کە نەیوستووە ناوى ئاشکرابکرێت رایگەیاندووە باس لە دیاریکردنى سەرۆکێکی نوێى سونى کراوە بۆ پەرلەمانى عێراق لەبەرئەوەى بەرکەوتەى سوننەکانە و ماوەیەکی زۆرە بەبێ سەرۆک ماوەتەوە.

 

 

 

سەباح

عێراق هەزاران پارچە شوێنەوارى گەڕاندووەتەوە بۆ مۆزەخانەکان

ئەزهار بەها سەبری، بەڕێوەبەرى گەڕاندنەوەى شوێنەوارەکان لە وەزارەتى رۆشنبیریی عێراق رایگەیاند بەڕێوەبەرایەتییەکەیان توانیوویەتى لەماوەى ساڵی رابوردوودا 39 پارچەى گرانبەها بگەڕێنێتەوە، لەگەڵ 50 سندوقى هەڵنەبچڕاوو 10 پارچە شوێنەوار و زیاتر لە 10 هەزار دراوى شوێنەوارى و بەکۆی گشتى گەڕێنراوەکان گەشتوونەتە 15 هەزار پارچە، بە بێ ئەو سندوقانەى کە لە بەریتانیاوە گەڕێنراونەتەوە لەبەر ئەوەى هێشتا نەکراونەتەوە تا بزانرێت چییان تێدایە.
ئەزهار باسی لەوەشکردووە تیمێکی بەریتانى لە پارێزگاى زیقار سەرقاڵی کنەوپشکینین بۆ شوێنەوارێکى مێژوویی و تا ئێستا 499 پارچە شوێنەواریان رادەستکردوون، هەروەها لە شوێنەواری -تەل کەرسۆ- 465 پارچەی دروستکراو لە قوڕیان وەرگرتووە کە مێژووەکەى دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى ئەکەدییەکان، بەرپرسەکەى وەزارەتى رۆشنبیریی گوتوشیەتى لە عێراق 145 شوێنەوارى نوێیان دۆزیوەتەوە.

 

 

دەستوور

وەزارەتى ناوخۆ کۆت و بەندى سەر تۆمارى کوردە فەیلییەکان هەڵدەگرێت

وەزارەتى ناوخۆ نوسراوێکى ئاراستەى سەرجەم فەرمانگەکانى تۆمارکردن کردووە کە کۆت و بەندى سەر تۆمار و لاپەڕەى ئەو کوردە فەیلییانە هەڵبگرن کە بەهۆی سیاسەتەکانى حیزبی بەعسی هەڵوەشاوە کارەکانیان راگیرابوو ئەمەش لەدواى داوایەکى موحسین مەندەلاوى سەرۆکی پەرلەمان بەوەکالەت دێت کە لە نوسراوەکەدا هاتووە: بڕیاردرا بە هەڵوەشاندنەوەى سەرجەم بەو بڕیار و رێنماییانەى کە تایبەتن بە راگرتنى مامەڵەى هاووڵاتیانى کوردى فەیلى و دەستبکرێتەوە بە مامەڵە ئاساییەکانیان.

 

 

 

عەرەبی جەدید

ئەمڕۆ روسیا و ئۆکراین لە قەتەر کۆدەبنەوە

ئەمڕۆ قەتەر پێشوازى لە شاندى هەردوو وڵاتى روسیا و ئۆکراین دەکات و گەڕێکى دیکەى دانوستانەکانیان دەستپێدەکەنەوە، بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە دانوستانەکانى ئەمڕۆ تایبەتن بەو خێزان و منداڵە دابڕاوانەى کە لە ئەنجامى جەنگى نێوانیان پەرتەوازە بوون، شاندى روسی بەسەرۆکایەتى ماریا لفوفا کۆمیسیارى سەرۆکایەتى مافى منداڵان و شاندى ئۆکراینیش بەسەرۆکایەتى سەرۆکی لیژنەى مافەکانى مرۆڤ دیمترۆ لۆبینیتس دەبێت و لوئلوئەى کچی راشد، وەزیری دەوڵەتى قەتەر بۆ کاروبارى نێو دەوڵەتى سەرپەرشتى کۆبوونەوەکە دەکات.
هەردوێنى قەتەر رایگەیاند 37 منداڵی روسی و ئۆکراینى کە منداڵی 20 خێزان بوون گەیەنراونەتە وڵاتەکەیان و بەمەبەستى بەیەک گەیاندنەوەیان قەتەر پێشوازیی لە خێزانەکانیان دەکات.

 

 

 

رۆژنامە تورکییەکان

 

 

 

یەنى شەفاق

هەفتەى داهاتوو سەرۆکی جەهەپە لەگەڵ ئەردۆغان کۆدەبێتەوە

دوێنێ لە رێوڕەسمى رۆژى جیهانیى مناڵان لە پەرلەمانى تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان چاوی بە ئۆزگور ئۆزال، سەرۆکى جەهەپە کەوت، ئەردۆغان بە ئۆزالى گوتووە، خوازیارم هەفتەى داهاتوو یەک ببینین و بە فەرمى بانگهێشتی کۆشکی کۆمارى کردووە، ئەویش بانگهێشتەکەى قبوڵ کردووە. ئەمە یەکەمین کۆبوونەوەى نێوان ئەردۆغان و پارتى ئۆپۆزسیۆنى سەرەکى تورکیا دەبێت.

 

 

 

 

یەنى بیرلیک

تورکیا و عێراق بنکەى سەربازیى هاوبەش پێکدەهێنن

یەشار گولەى، وەزیرى بەرگریی تورکیا رایگەیاند، لە سەردانەکەیان بۆ بەغداد لەگەڵ بەرپرسانى سەربازیی عێراق رێککەوتووین ناوەندی ئۆپراسیۆن دابمەزرێنین، دواتر ژوورى ئۆپراسیۆنى هاوبەش پێکدەهێنن. هەردوولا لەسەر تەواوى بڕگەکان رێککەوتووین.

 

 

 

حوڕییەت

سەرۆککۆمارى ئەڵمانیا سەردانى ئۆرهان پەموک دەکات

ستەمیلەر سەرۆککۆمارى ئەڵمانیا لە گەشتەکەیدا بۆ تورکیا سەردانى مۆزەخانەى پاکیزەى کردووە و چاوی بە ئۆرهان پەموک رۆماننوسی ناودارى تورکی کەوتووە. سەرۆکى ئەڵمانیا لەو سەردانەیدا رایگەیاندووە خوێنەرێکى باشی رۆمانەکانى پەموکە. ئەوەشی گوتووە ناسینى ئۆرهان پەموک دەگەڕێتەوە بۆ 16 ساڵ پێش ئێستا لە پێشانگاى کتێب لە کۆڵن لە ساڵى 2008 بۆ یەکەمجار ئاشناى کتێبەکانى ئۆرهان پەموک بووە و لەوێ چاویپێکەوتووە.

 

 

 

تورکیا

حکومەت خۆى لە زیاد خەرجى بەدوور دەگرێت

بەهۆی خراپی گوزەرانی خەڵک، قەیرانى ئابوورى، لەدەستدانى دەنگەکانى ئاک پارتى لە هەڵبژاردنى شارەوانییەکاندا، حکومەت بڕیاریداوە خۆى لە زیادمەسرەفی بەدوور بگرێت، وەک یەکەم هەنگاویش دوێنێ سەرۆکى پەرلەمان لەگەڵ ئەندامان و پەڕلەمانتارانى ئاک پارتى بە پاس چوون بۆ پەڕلەمان. ئەردۆغان راشگەیاندووە لە هەفتەى داهاتوودا کۆبونەوەیەکانیان بۆ رێکارە نوێییەکان بۆ رێگریی کردن لە خەرجی و داهاتى گشتی دەستپێدەکات.

 

 

 

 

رۆژنامە فارسییەکان

 

 

 

ئەبرار

رێککەوتنی چوار وڵات بۆ رێگایەکی بێ ئێران دەکرێت

رۆژنامەکە نووسیویەتى رێککەوتنی چوار وڵاتی ناوچەیی دەکرێت بۆ رێگای ترانزێتی نوێ بە ناوی “رێگای گەشەپێدان” کە کوردستانی عێراق و بەسرە و تورکیا بە وڵاتانی کەنداو دەبەستێتەوە.
ئەم چوار وڵاتەی دراوسێی ئێران (تورکیا، عێراق، ئیمارات و قەتەر) رێککەوتن لەسەر دروستکردنی رێڕەوێکی نوێی ترانزێت کە ئەوروپا بە وڵاتانی عەرەبی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەبەستێتەوە.
دەسەڵاتدارانی عێراق، تورکیا، قەتەر و ئیمارات یاداشتێکی رێککەوتنیان بۆ دروستکردنی رێگای ترانزێتی “گەشەپێدان”واژۆ کرد.
ئەم رێگایە بە ئێراندا تێناپەڕێت و ئەوەش پرسیار دروست دەکات کە بۆچی ئێران لە هەموو رێگا و پلانە گرنگەکانی جیهانی ئەمڕۆ بێبەش دەکرێت؟

 

 

شەهروند

ژمارەی وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران زیاد دەکرێن

سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی رایگەیاند، ئێران هاوتەریب لەگەڵ وڵاتانی دیکەی جیهان هەنگاوی بنەڕەتی بۆ زیادکردنی ژمارەی وێستگەکانی کارەبا و توانای بەرهەمهێنانی کارەبای ئەتۆمی ناوە.
محەممەد ئیسلامی سەبارەت بە بڕی بەرهەمهێنانی کارەبای ئەتۆمی گوتی، لە ساڵی رابردوودا، ئاهەنگی دەیەمین ساڵی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگەی ئەتۆمی بوشێهر بەڕێوەچوو. بە گوێرەی ئامارەکان، لە ماوەی دەیەی رابردوودا، 63 ملیار کیلۆوات کارەبای ئەتۆمی بەرهەم هێنراوە کە 103 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی پاشەکەوت کردووە و وێستگەی بوشێهر توانیویەتی 4 جار تێچووی دروستکردنەکەی خۆی دابین بکات و ئەوەش نیشانەی پێگەیشتنی ئەتۆمی ئەم وڵاتەیە.
سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران بە ئاماژە بە پشکی %11 ی وزەی ئەتۆمی کە لە کارەبای جیهاندا، زیادیکرد: لە بیست و هەشتەمین کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاردرا کە تا ساڵی 2050 توانای بەرهەمهێنانی وزەی ئەتۆمی جیهانی سێ هێندە زیاد بکرێت و بۆیەش ئێمە ژمارەی وێستگەکانی وزەی ئەتۆمیمان لە وڵاتەکەمان زیاد کردووە.

 

 

سەنعەت

بازرگانی چین و ئێران زیادیکردووە

گومرگی چین رایگەیاند، لە 3 مانگی سەرەتای ئەمساڵدا بە بەهای یەک ملیار و 260 ملیۆن دۆلار کاڵای وڵاتەکەی لە ئێرانەوە هاوردە کردووە کە بە بەراورد بە ساڵی رابردوو بە رێژەی %10  زیادیکردووە.
هۆکاری جۆراوجۆر لەم دۆخەدا رۆڵ دەگێڕن، بەڵام ناکۆکی ئێران لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا وایکردووە چین سوود لەم دۆخە وەربگرێت و دەتوانێت بە داشکاندنێکی گەورە نەوتی هەرزان لە ئێران بکڕێت و لە بەرامبەردا کاڵا بەرهەم هێنراوەکانی کوالیتی نزم هەناردەی ئێران بکات.

 

 

خوب

یەک ملیۆن بیرى ئاو لە ئێران هەیە

بە گوێرەی دوایین ئامار و زانیاری لەسەر سەرچاوە ئاوییەکانی وڵات، زیاتر لە یەک ملیۆن بیر هەیە کە بەکارهێنانی جیاوازیان هەیە و رێژەی کشانەوەیان 45 ملیار مەتر سێجایە لە ساڵێکدا.
نزیکەی %15ی بیرەکان بێ مۆڵەتن و ئەمەش دەبێتە هۆی بەتاڵبوونەوەی سەرچاوەکان ئاوی ژێر زەوی.
یەدەگی ئاوی ژێرزەوی ئێران نزیکەی 5 ملیار مەتر سێجای لە ساڵێکدا لەناو دەچێت و ئەم پرسە بۆتە یەکێک لە قەیرانە گرنگەکانی زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە.
ئەگەر هەموو ئامرازە زانستی و بەڕێوەبردنەکان کەڵک وەرگرین بەڵام لایەنی کۆمەڵایەتی پرسی ئاو نەخەینە روو، ناتوانین ئەو قەیرانەی ئاو تێپەڕێنین.
بەتایبەت لە رووی پێناسەکانەوە، حوکمڕانی کاریگەرانەی ئاوی ژێر زەوی، پرۆسەیەکە کە تێیدا سەرچاوەکانی ئاوی ژێر زەوی، لە ڕێگەی بنەماکانی وەک بەرپرسیارێتی، بەشداریکردن، دەستڕاگەیشتن بە زانیاری، شەفافیەت، داب و نەریت و سەروەری یاسا، رێگەی بەفیڕۆدانی ئەو سەرچاوە بەنرخە بگرین.

 

 

 

رۆژنامە ئینگلیزییەکان

 

 

 

دەیلی مەیل

گەورەترین بودجەی سەردەم بۆ کاروباری بەرگریی سەربازی تەرخانکرا

دەیلی مەیل نووسیەتى، لەپاش ئەوەی ئێمە شەڕێکی درێژخایەنمان کرد لەپێناوی تەرخانکردنی بودجەیەکی زیاتر بۆ کاروباری پیشەسازیی چەک و بەرگری، ریشی سوناک 75 ملیار پاوەندی بۆ دابینکرد.
دوێنێ ریشی سوناک ئەوەی ئاشکراکرد بۆ پتەوکردنی پیشەسازیی بەرگری بڕی 75 ملیار پاوەندی تەرخانکردووە.
وەک خاڵێکی وەرچەرخان لەناو دابینکردنی ئاسایشی نیشتمانیدا بڕی بودجەی تەرخانکراو بۆ کاروباری پیشەسازیی سەربازی بەرێژەی لەسەدا دوو نیوو بەرزکراوەتەوە، بەمەش بەریتانیا دەبێت بە گەورەترین هێزی بەرگریی ناو ئەوروپا. ئەم هەنگاوەی حکومەت لە ئەنجامی ئەو هەڵمەتەوەبوو کە ئەم رۆژنامەیە لەژێر دروشمی (با بەریتانیا بێ بەرگری نەبێت) ئەنجامیدا.

 

 

تایمز

منداڵێک لەنێو ئەو پێنج کەسەدایە، بە ژێرئاوکەوتنى بەلەمێک مردن

هەر دوێنێ و بە ماوەیەکی کەم پاش مردنی پێنج کەس لە ژێرئاوکەوتنى بەلەمێکیدا کە هەوڵی پەڕینەوەیان دەدا، بەلەمێکی دیکەى پڕکراو لە کۆچبەرى دیکە لە سەر ئاوەکانی فەرەنسا بینراوە، لەم بۆنەیەدا ریشی سوناک گوتی پێویستە سنورێک بۆ ئەم دیاردەیە دابنرێت.
ریشی سوناک دەڵێت مردنی پێنج کەسی دییکە کە هەوڵیان دەدا بە بەلەمی بچووک بگەن بە ناو بەریتانیا پێماندەڵێت کە پێویستە بەرنامەی ناردنی پەنابەران بۆ رواندا بکەوێتە سەرپێ. بەرپرسانی فەرەنسی دەڵێن کچێکی تەمەن حەوت ساڵ و ژنێک و سێ پیاو بە بەلەمێک ویستوویانە بپەڕنەوە بۆ بەریتانیا بەڵام بە ماوەیەکی کەم پاش تێپەڕاندنی کەنارە لماووییەکانی باکوری فەرەنسە بەرەو بەریتانیا ماتۆڕی بەلەمەکەیان وەستاوە و بەوهۆیەوە حەوت کەس نوقم بوون.

 

 


دەیلی تەلەگراف

لەپاش خنکانی کۆچبەران لە کەناڵی ئینگلیزیدا تۆمەتی نابەرپرسیاربوون دەدرێتەپاڵ فەرەنسا

لەپاش خنکانی پێنج کەسی کۆچبەر لە هەوڵی پەڕینەوەدا بۆ بەریتانیا، پەنجەی تۆمەتبارکردن بۆ فەرەنسا درێژدەکرێت، دەگوترێت هیچ بەرپرسیارێتییەک هەڵناگرێت.
پۆلیسی فەرەنسا رێگەی داوە ئەو بەلەمە لەرزۆک و بێکەڵکە 112 نەفەر هەڵبگرێت و ملی ئاوە سەخت و پڕ شەپۆلەکانی باکوری فەرەنسە بگرن بۆئەوەی بپەڕنەوە دیوی بەریتانیا. ئەو بێباکییانەی ئەوان بوو بەهۆی مردنی ژنێک و کچێکی منداڵ و سێ پیاو. ئەو بەلەمەی ئەوانی تیادابوون هەر چەند سەد مەترێک لە کەناری فەرەنسا دوورکەوتبۆوە، نوقم بوو، بۆیە ئەوکەسانە مردن.

 

 

 

واشنتن پۆست

دەنگی ناڕەزاییەکان بەرزبوونەتەوە بایدنیش هەوڵ دەدات هاوسەنگییەک بدۆزێتەوە.

هێشتا سەرۆک و هاوپەیمانەکانی نازانن کاریگەریی خۆپیشاندانەکانی خوێندکارانی زانکۆ هەتا چ ئاستێک دەڕوات. هەڵچوون و تووڕەیی خوێندکارانی کۆلیج و زانکۆکان لە دژی درێژەکێشانی شەڕی ئیسرائیل و غەزە درێژەی هەیە. شەڕەکە حەوت مانگ تێدەپەڕێنێت، بۆیە ئەمە تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە ئیدارەکەی بایدن بەبێ هیچ مەرجێک یارمەتیی ئیسرائیل دەدات ئەو شەڕە بەردەوام بێت. ئەم هەڵوێستەی ئیدارەکەی بایدن قەیرانیش بۆ ئیدارەکە دروستدەکات، چونکە نازانن چۆن مامەڵە لەگەڵ سەرهەڵدانی دیاردەی دژبە سامی بوون و دابینکردنی مافی خۆپیشاندانی خوێندکاراندا بکەن. چەندان خوێندکار هەڵمەتی خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزاییان رێکخستوە داوا لە زانکۆکانی خۆیان دەکەن واز لە پشتیوانیکردنی ئیسرائیل بهێنن.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button